Añadir traducción en paralelo Imprimir Opciones de la página

گرتنی شاری ڕەبە

20 لە بەهاری ساڵ، لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ، یۆئاب ڕابەرایەتی هێزە چەکدارەکانی دەکرد. خاکی عەمۆنییەکانی وێران کرد و چوو بۆ ڕەبە و گەمارۆی دا، بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە، جا یۆئاب لە ڕەبەی دا و وێرانی کرد. داود تاجی سەری پاشاکەی ئەوانی برد، دەرکەوت کێشەکەی نزیکەی تالنتێک[a] زێڕ بوو، بەردی گرانبەهاشی تێدابوو، ئینجا لەسەر سەری داود دانرا. دەستکەوتێکی زۆریشی لە شارەکە دەرهێنا، ئەو گەلەشی کە تێیدا بوو هێنایە دەرەوە و بێگاری پێکردن بە ئیشکردن بە مشار و پاچی ئاسنین و تەوری ئاسنین. داود ئەم کارەی بە هەموو شارۆچکەکانی عەمۆنییەکان کرد. پاشان داود و هەموو سوپا گەڕانەوە ئۆرشەلیم.

جەنگی فەلەستییەکان

پاش ئەمانە لە گەزەر جەنگ لەگەڵ فەلەستییەکان هەڵگیرسا و لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی، سیپەیی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕفائییەکان، دواجار فەلەستییەکان تێکشکان.

جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان جەنگ هەڵگیرسایەوە و ئەلحانانی کوڕی یاعیر، لەحمیی برای گۆلیاتی[b] گەتی کوشت، کە دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو.

دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە، پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو، بیست و چوار پەنجەی هەبوو، ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو. کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد، یۆناتانی کوڕی شیمەعەی برای داود کوشتی.

ئەوانە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت، بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران.

Notas al pie

  1. 20‏:2 تالنتێک: نزیکەی 34 کیلۆگرام.‏
  2. 20‏:5 هەرچەندە لە دووەم ساموئێل 21‏:19‏‏ نووسراوە کە ئەلحانان گۆلیاتی خۆی کوشت، بەڵام دەشێت چەند جەنگاوەرێکی فەلەستی هەبێت کە ناویان گۆلیات بوو.‏