Add parallel Print Page Options

ڕقی جیهان لە عیسا

دوای ئەمانە عیسا بە جەلیلدا دەگەڕا و نەیدەویست لە یەهودیا بگەڕێ، چونکە ڕابەرانی جولەکەی ئەوێ هەوڵیان دەدا بیکوژن. جەژنی کەپرەشینەی[a] جولەکەش نزیک بوو، براکانی پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ یەهودیا، تاکو قوتابییەکانی خۆشت کارەکانت ببینن کە تۆ دەیکەیت، هیچ کەسێک بە نهێنی شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ئاشکرابێت. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت پیشانی جیهان بدە.» براکانی وایان پێ گوت، چونکە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان پێی نەدەکرد.

عیساش پێی فەرموون: «جارێ کاتم نەهاتووە، بەڵام هەردەم کاتی ئێوە گونجاوە. جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێتەوە، بەڵام ڕقی لە من دەبێتەوە، چونکە شایەتی لەسەر دەدەم کە کردەوەی خراپە. ئێوە بڕۆنە جەژنەکە، من نایەمە ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتم تەواو نەبووە.» ئەمانەی فەرموو و لە جەلیل مایەوە.

10 بەڵام کە براکانی بۆ جەژنەکە چوون، ئەویش ڕۆیشت، بەڵام بە ئاشکرا نا، 11 ڕابەرانی جولەکە لە جەژنەکەدا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانگوت: «ئەو لەکوێیە؟»

12 لەنێو خەڵکەکەدا چرپەچرپێکی زۆری لەسەر بوو، هەندێکیان دەیانگوت: «چاکە.»

خەڵکی دیکەش دەیانگوت: «نەخێر، بەڵکو خەڵک گومڕا دەکات.» 13 بەڵام کەس لە ترسی جولەکەکان بە ئاشکرا باسی نەدەکرد.

بیروڕای جیاواز دەربارەی عیسا

14 کاتێک نیوەی جەژن بوو، عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکی فێردەکرد. 15 جولەکەکان سەرسام بوون و پرسییان: «ئەمە کە فێرنەکراوە[b] چۆن ئەم هەموو زانیارییەی هەیە؟»

16 عیسا وەڵامی دانەوە: «فێرکردنم هی خۆم نییە، بەڵکو هی ئەوەیە کە ناردوومی. 17 ئەگەر کەسێک بیەوێت بە خواستی ئەو بکات، لە فێرکردن دەزانێت ئاخۆ هی خودایە یان لە خۆمەوە دەدوێم. 18 ئەوەی لە خۆیەوە بدوێت، داوای شکۆی خۆی دەکات، بەڵام ئەوەی داوای شکۆی ئەوە بکات کە ناردوویەتی، ئەمە ڕاستگۆیە و فڕوفێڵی تێدا نییە. 19 ئایا موسا تەوراتی نەداونەتێ؟ بەڵام کەس لە ئێوە بە قسەی تەورات ناکات. بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟»

20 خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «ڕۆحی پیست هەیە! کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟»

21 عیسا پێی فەرموون: «کارێکم کرد و هەموو سەرسام بوون. 22 لە ڕۆژی شەممەدا کوڕ خەتەنە دەکەن، چونکە دەڵێن کە موسا خەتەنەکردنی پێ سپاردوون، هەرچەندە خەتەنەکردن لە موساوە نەبووە، بەڵکو لە باپیرانتانەوەیە. 23 ئەگەر کوڕ لە ڕۆژی شەممە خەتەنە بکرێت تاکو تەوراتی موسا نەشکێت، باشە لە من تووڕە دەبن کە لە ڕۆژی شەممە سەراپای مرۆڤێکم چاککردەوە؟ 24 بە ڕواڵەت حوکم مەدەن، بەڵکو حوکمێکی دادپەروەرانە بدەن.»

25 لەبەر ئەوە هەندێک لە خەڵکی ئۆرشەلیم دەیانگوت: «ئەمە نییە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟ 26 ئەوەتا بە ئاشکرا قسە دەکات و هیچی پێ ناڵێن. ئایا سەرۆکەکان بەڕاستی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمە مەسیحەکەیە[c]؟ 27 بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە خەڵکی کوێیە. کاتێک مەسیحیش دێت کەس نازانێت خەڵکی کوێیە.»

28 عیساش لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێردەکرد، هاواری کرد: «بەڵێ، دەمناسن و دەزانن خەڵکی کوێم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵام ئەوەی منی ناردووە ڕاستە. ئێوە نایناسن، 29 بەڵام من دەیناسم چونکە لەوم و ئەویش منی ناردووە.»

30 لەبەر ئەوە هەوڵیان دەدا بیگرن، بەڵام کەس دەستی بۆ درێژ نەکرد، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو. 31 زۆر لە خەڵکەکەش باوەڕیان پێی هێنا و گوتیان: «ئایا کاتێک مەسیح دێت، پەرجووی زیاتر دەکات لەوەی ئەمە کردوویەتی؟»

32 فەریسییەکان گوێیان لێبوو کە خەڵکەکە لەسەر ئەو چرپەچرپی ئەمانەیانە، جا کاهینانی باڵا و فەریسییەکان خزمەتکاریان نارد تاکو بیگرن.

33 عیسا فەرمووی: «ماوەیەکی کەمم لەگەڵتان ماوە، ئینجا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی. 34 داوام دەکەن و نامدۆزنەوە، ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم.»

35 ئیتر جولەکەکان لەنێو خۆیاندا گوتیان: «ئەمە بە نیازە بۆ کوێ بڕوات کە نایدۆزینەوە؟ ئایا بۆ لای پەراگەندەکانی نێو یۆنانییەکان دەڕوات، تاکو یۆنانییەکان فێر بکات؟! 36 ئەم قسەیە چییە دەیکات: ”داوام دەکەن بەڵام نامدۆزنەوە“ و ”ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم“؟»

ڕووباری زیندوو

37 لە دوایین ڕۆژی گەورەی جەژندا، عیسا ڕاوەستا و هاواری کرد: «ئەگەر یەکێک تینووی بوو با بێتە لام و بخواتەوە. 38 ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، وەک نووسراوە پیرۆزەکە فەرموویەتی، لە ناخییەوە[d] ڕووبارەکانی ئاوی زیندوو دەڕوات.» 39 لێرەدا مەبەستی لە ڕۆحی پیرۆز بوو، کە ئەوانەی باوەڕی پێدەهێنن دواتر وەریدەگرن، بەڵام هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەدرابوو، چونکە عیسا شکۆدار نەببوو.

40 هەندێک لە خەڵکەکە کە گوێیان لەم قسانە بوو، گوتیان: «ئەمە بە ڕاستی پێغەمبەرەکەیە.»

41 هەندێکی دیکە، گوتیان: «ئەمە مەسیحەکەیە.» بەڵام هەندێک گوتیان: «باشە مەسیح لە جەلیلەوە دێت؟ 42 ئایا نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت، مەسیح لە ڕەچەڵەکی داود و لە بێت‌لەحمەوە دێت، گوندەکەی داودی لێبوو؟[e]» 43 بۆیە بەهۆی ئەوەوە دووبەرەکی کەوتە نێوان خەڵکەکە. 44 هەندێک لەوان ویستیان بیگرن، بەڵام کەس دەستگیری نەکرد.

45 ئەوسا خزمەتکارەکان گەڕانەوە لای کاهینانی باڵا و فەریسییەکان، ئەوانیش لێیان پرسین: «بۆچی نەتانهێنا؟»

46 خزمەتکارەکان وەڵامیان دایەوە: «هەرگیز کەس وەک ئەمە قسەی نەکردووە!»

47 فەریسییەکان گوتیان: «ئایا ئێوەش گومڕا بوون؟ 48 باشە کەس لە سەرۆکەکان یان فەریسییەکان باوەڕی پێ هێناوە؟ 49 بێجگە لەم خەڵکە نەفرەت لێکراوە کە لە تەورات نازانێت.»

50 نیقۆدیمۆس کە پێشتر هاتبووە لای عیسا و یەکێک بوو لەوان، لێی پرسین: 51 «ئایا تەوراتمان حوکمی یەکێک دەدات پێش ئەوەی گوێی لێ بگرێت و بزانێت چی کردووە؟»

52 وەڵامیان دایەوە: «تۆش جەلیلیت؟ بگەڕێ و ببینە، لە جەلیلدا پێغەمبەر هەڵناکەوێت.»

53 ئیتر هەریەکە چووەوە ماڵی خۆی،

Footnotes

  1. 7‏:2 بڕوانە دواوتار 16‏:13‏‏
  2. 7‏:15 زانیاری لە تەرورات، هەروەها فێرکردنی لەلایەن مامۆستایەکی تەورات.‏
  3. 7‏:26 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏. بە زمانی یۆنانی دەبێتە کریستۆس‏، کە بە واتای (دەستنیشانکراو) لەلای خودا دێت کە ڕزگارکەری گەلەکەیەتی. بڕوانە یەکەم ساموئێل 16.‏
  4. 7‏:38 یۆنانی: لە سکییەوە.‏
  5. 7‏:42 بڕوانە میخا 5‏:2‏.‏‏