Add parallel Print Page Options

شایی لە قانا

لە ڕۆژی سێیەم لە قانای جەلیل شاییەک هەبوو، دایکی عیساش لەوێ بوو. عیسا و قوتابییەکانیشی بۆ شاییەکە بانگهێشتکراوبوون. کاتێک شەراب نەما، دایکی بە عیسای گوت: «شەرابیان نییە!»

عیساش پێی فەرموو: «ژنەکە، چیت لە من دەوێ؟ هێشتا کاتی من نەهاتووە!»

ئینجا دایکی بە خزمەتکارانی گوت: «هەرچییەکتان پێ دەڵێ، بیکەن.»

شەش کوپەی بەردین، لەو جۆرەی کە جولەکەکان بۆ پاککردنەوە بەکاریاندەهێنا، لەوێ دانرابوون، هەریەکەی هەشتا هەتا سەد و بیست لیتریان دەگرت[a].

جا عیسا پێی فەرموون: «کوپەکان پڕ بکەن لە ئاو.» ئەوانیش کوپەکانیان هەتا سەر پڕکرد.

ئینجا پێی فەرموون: «ئێستا لێی دەربهێنن و بۆ گەورەی شاییەکەی ببەن!»

ئەوانیش بردییان. کاتێک گەورەی شاییەکە تامی ئەو ئاوەی کرد کە ببووە شەراب، سەرچاوەکەی نەدەزانی، بەڵام خزمەتکاران دەیانزانی، ئەوانەی ئاوەکەیان دەرهێنابوو. ئەوسا گەورەی شاییەکە زاوای بانگکرد و 10 پێی گوت: «هەموو کەس یەکەم جار شەرابە چاکەکە دادەنێن، کاتێک مەست بوون، ئینجا خراپەکە. بەڵام تۆ هەتا ئێستا شەرابە چاکەکەت هێشتووەتەوە!»

11 ئەو پەرجووەی[b] عیسا لە قانای جەلیل کردی، یەکەمین نیشانەی بوو بۆ دەرخستنی شکۆی خۆی، قوتابییەکانیشی باوەڕیان پێی هێنا.

12 دواتر لەگەڵ دایکی و براکانی و قوتابییەکانی بەرەو کەفەرناحوم دابەزین، چەند ڕۆژێک لەوێ مانەوە.

پاکسازی حەوشەکانی پەرستگا

13 کە جەژنی پەسخەی[c] جولەکەکان نزیک بووەوە، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم. 14 لە حەوشەکانی پەرستگا فرۆشیارانی گا و مەڕ و کۆتری بینی، پارەگۆڕەوانیش دانیشتبوون. 15 قامچییەکی لە گوریس دروستکرد و هەمووانی لە حەوشەکانی پەرستگا دەرکرد، مەڕ و گا پێکەوە. پارەی پارەگۆڕەوانی پەرشوبڵاو کردەوە و مێزەکانی وەرگێڕا، 16 ئینجا بە کۆترفرۆشانی فەرموو: «ئەم شتانە لێرە هەڵگرن! ماڵی باوکم مەکەنە بازاڕ!»

17 جا قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە نووسراوە: [دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت.][d]

18 جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «چ پەرجووێکمان نیشان دەدەیت تاکو دەسەڵاتی ئەنجامدانی هەموو ئەم کارانەت بسەلمێنێ؟»

19 عیساش وەڵامی دانەوە: «ئەم پەرستگایە بڕووخێنن، بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنمەوە.»

20 ئینجا جولەکەکان گوتیان: «ئەم پەرستگایە بە چل و شەش ساڵ بنیاد نراوە، تۆ بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنیتەوە؟» 21 بەڵام ئەو باسی پەرستگای لەشی خۆی دەکرد. 22 لەبەر ئەوە کاتێک لەناو مردووان هەستایەوە، قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە ئەمەی گوتبوو، ئینجا باوەڕیان هێنا بە نووسراوە پیرۆزەکە[e] و بەو قسەیەی عیسا فەرمووی.

23 کە لە جەژنی پەسخە لە ئۆرشەلیم بوو، زۆر کەس باوەڕیان بە ناوی هێنا، چونکە ئەو پەرجووانەیان[f] بینی کە دەیکرد. 24 بەڵام عیسا لەلای خۆیەوە متمانەی پێ نەکردن، چونکە هەموو خەڵکی دەناسی. 25 لەبەر ئەوە پێویستی بە کەس نەبوو دەربارەی مرۆڤ شایەتی بۆ بدات، چونکە دەیزانی دڵی مرۆڤ چی تێدایە.

Footnotes

  1. 2‏:6 یۆنانی: دوو یان سێ مێترێتێس، یەکەیەکی پێوانەیە.‏
  2. 2‏:11 پەرجوو: موعجیزە.‏
  3. 2‏:13 جەژنێکی جولەکەیە، یادی ڕزگاربوونی گەلی ئیسرائیلە لە میسر، بە ڕابەرایەتی موسا. نزیکەی 1400 ساڵ پ. ز.‏
  4. 2‏:17 زەبوورەکان 69‏:9‏‏
  5. 2‏:22 مەبەست لە تەورات و زەبوور و وتەی پێغەمبەرانە.‏
  6. 2‏:23 یۆنانی: نیشانە. لای یۆحەنا پەرجووەکانی (موعجیزەکانی) مەسیح نیشانە بوون بۆ تێگەیشتنی پەیامی مەسیح. بڕوانە یۆحەنا 20‏:30.‏‏ ‏