Add parallel Print Page Options

مەسیح شاول دەگۆڕێت

شاول هێشتا هەڕەشەی لە قوتابییەکانی عیسای خاوەن شکۆ دەکرد و هەوڵی کوشتنی دەدان. چوو بۆ لای سەرۆکی کاهینان، داوای نامەی لێکرد بۆ کەنیشتەکانی دیمەشق، تاکو ئەگەر یەکێک ببینێت و سەر بە ڕێگاکە[a] بێت، چ ژن و چ پیاو، بە بەندکراوی بۆ ئۆرشەلیمیان ببات. کە دەڕۆیشت و لە دیمەشق نزیک بووەوە، لەپڕ ڕووناکییەک لە ئاسمانەوە لە دەوروبەری بریسکەی دایەوە، کەوتە سەر زەوی و گوێی لە دەنگێک بوو، پێی فەرموو: «شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟»

شاول پرسیاری کرد: «گەورەم، تۆ کێیت؟»

فەرمووی: «من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. ⌟بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.⌞ بەڵام هەستە، بڕۆ ناو شار، لەوێ پێت دەگوترێ دەبێ چی بکەیت.»

پیاوانی گەشتیار کە لەگەڵی بوون بە بێدەنگی وەستان، دەنگەکەیان بیست بەڵام کەسیان نەبینی. شاول لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، چاوی کرابووەوە و هیچی نەدەبینی، دەستیان گرت و هێنایانە ناو دیمەشق. سێ ڕۆژان هیچی نەبینی، هیچی نەخوارد و هیچی نەخواردەوە.

10 لە دیمەشق قوتابییەک هەبوو ناوی حەنانیا بوو، مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینیندا پێی فەرموو: «حەنانیا!»

گوتی: «ئەوەتام گەورەم!»

11 مەسیح پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ ئەو شەقامەی پێی دەگوترێ ڕاست، لە ماڵی یەهوزا پرسیار لە پیاوێکی تەرسۆسی بکە ناوی شاولە، وا نوێژ دەکات. 12 لە بینیندا پیاوێکی بۆ دەرکەوت بە ناوی حەنانیا کە دێتە لای و دەستی لە سەری دادەنێت تاکو بینایی بۆ بگەڕێتەوە.»

13 حەنانیا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، لە زۆر کەس ئەو خراپانەم بیستووەتەوە کە ئەم پیاوە لە ئۆرشەلیم بە گەلە پیرۆزەکەی تۆی کردووە. 14 ئەوەتا لێرە لە کاهینانی باڵاوە دەسەڵاتی هەیە، هەموو ئەوانە بگرێت کە بە ناوی تۆ دەپاڕێنەوە.»

15 بەڵام مەسیح پێی فەرموو: «بڕۆ! ئەم پیاوە بۆ من ئامێرێکی هەڵبژێردراوە بۆ هەڵگرتنی ناوی من لەبەردەم نەتەوەکان و پاشایان و نەوەی ئیسرائیل. 16 پیشانی دەدەم دەبێت لەبەر ناوی من چەند ئازار بچێژێت.»

17 حەنانیاش ڕۆیشت و چووە ماڵەکە، دەستی لەسەری دانا و گوتی: «برام شاول، عیسای خاوەن شکۆ منی ناردووە، ئەوەی لەو ڕێگایەی پێیدا هاتی بۆت دەرکەوت، تاکو دیسان ببینیت و پڕبیت لە ڕۆحی پیرۆز.» 18 دەستبەجێ شتێکی وەک توێکڵ لە چاوەکانی کەوتە خوارەوە، ئینجا بینی، هەستا و لە ئاو هەڵکێشرا. 19 نانی خوارد، هێزی هاتەوە بەر و بۆ چەند ڕۆژێک لە دیمەشق لەگەڵ قوتابییەکان بوو.

مژدەدانی شاول لە دیمەشق

20 یەکسەر لە کەنیشتەکاندا عیسای ڕادەگەیاند، کە کوڕی خودایە. 21 هەموو ئەوانەی گوێیان دەگرت سەرسام ببوون و دەیانگوت: «ئەمە ئەوە نییە ئەوانەی لەناودەبرد کە لە ئۆرشەلیم بەم ناوە دەپاڕانەوە؟ بۆ ئەمەش نەهاتە ئێرە، تاکو بە بەندکراوی بۆ کاهینانی باڵا بیانبات؟» 22 بەڵام شاول توانادارتر دەبوو، جولەکەی دانیشتووی دیمەشقی دەمکوت دەکرد و دەریدەخست کە عیسا مەسیحە.

23 پاش ماوەیەکی زۆر، جولەکە پیلانیان دانا بیکوژن، 24 بەڵام شاول بە پیلانەکەیانی زانی. ئەوان شەو و ڕۆژ چاودێری دەروازەکانیان دەکرد تاکو بیکوژن. 25 بۆیە قوتابییەکان بە شەو بردییان و لەناو سەبەتەیەکدا لە شووراکەوە شۆڕیان کردەوە.

شاول لە ئۆرشەلیم

26 کاتێک گەیشتە ئۆرشەلیم، هەوڵی دا بچێتە پاڵ قوتابییەکان، بەڵام هەموو لێی ترسان و باوەڕیان نەدەکرد کە قوتابییە. 27 بەڵام بەرناباس بردی و هێنایە لای نێردراوان، بۆی گێڕانەوە چۆن لە ڕێگادا عیسای خاوەن شکۆی بینیوە و قسەی لەگەڵ کردووە، هەروەها چۆن لە دیمەشق ئازایانە بە ناوی عیساوە مزگێنیی ڕاگەیاندووە. 28 ئیتر لەگەڵیان لە ئۆرشەلیم دەهات و دەچوو، بە چاونەترسییەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە مزگێنیی ڕادەگەیاند. 29 هەروەها قسە و مشتومڕی لەگەڵ جولەکە یۆنانییەکان دەکرد، ئەوانیش هەوڵیان دا بیکوژن. 30 کاتێک باوەڕداران بەمەیان زانی بردییانە قەیسەرییە و بۆ تەرسۆسیان نارد.

31 کڵێساش لە هەموو یەهودیا و جەلیل و سامیرەدا لە ئارامیدا بوو، بنیاد دەنرا و لە سایەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ و دڵنەوایی ڕۆحی پیرۆزدا لە زیادبووندا بوو.

پەترۆس لە شاری لودە و یافا

32 ئەوە بوو کە پەترۆس بە هەموو ناوچەکاندا تێدەپەڕی، بۆ لای گەلی پیرۆزی خودا لە شاری لودە دابەزی. 33 لەوێ پیاوێکی بینی ناوی ئینیاس بوو، هەشت ساڵ لەناو جێگا کەوتبوو، ئیفلیج بوو. 34 پەترۆس پێی گوت: «ئینیاس، عیسای مەسیح چاکت دەکاتەوە. هەستە جێگاکەت ڕابخە!» دەستبەجێ هەستا. 35 هەموو ئەوانەی لە لودە و شارون دادەنیشتن بینییان، ئیتر بەرەو لای مەسیحی خاوەن شکۆ گەڕانەوە.

36 قوتابییەک لە یافا هەبوو ناوی تابیسا بوو، واتە ئاسک[b]، پڕبوو لە چاکەکاری و خێرکردن. 37 ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا نەخۆش کەوت و مرد، جا شوشتیان و لە ژوورێکی سەرەوە دایاننا. 38 لودەش لە یافا نزیک بوو، قوتابییەکان بیستیان پەترۆس لەوێیە، دوو پیاویان بۆ نارد و تکایان لێکرد: «لە هاتن بۆ لامان دوامەکەوە.»

39 پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، کاتێک گەیشت، بردییانە ژووری سەرەوە، هەموو بێوەژنەکان لەلای وەستان، دەگریان و ئەو کراس و جلانەیان پیشانی دەدا کە ئاسکە کاتێک لەگەڵیان بوو کردبووی.

40 پەترۆس هەموویانی ناردە دەرەوە، کەوتە سەر چۆک و نوێژی کرد، ئینجا ڕووی کردە تەرمەکە و گوتی: «تابیسا، هەستە!» ئەویش چاوی کردەوە و کاتێک پەترۆسی بینی دانیشت. 41 ئیتر دەستی بۆ ڕاکێشا و هەڵیستاندەوە، ئینجا باوەڕداران و بێوەژنانی بانگکرد و بە زیندوویی ڕادەستی کردنەوە. 42 ئەمە لە هەموو یافا زانرا و زۆریش باوەڕیان بە مەسیح هێنا. 43 ڕۆژانێکی زۆریش پەترۆس لە یافا لەلای پێستەخۆشکەرێک مایەوە، ناوی شیمۆن بوو.

Footnotes

  1. 9‏:2 ڕێگای پاشایەتی عیسا، بڕوانە کردار 24‏:14‏‏.‏
  2. 9‏:36 یۆنانی: دۆرکەس‏: ئاسک‏