Add parallel Print Page Options

پۆڵس لە ئەنجومەنی جولەکە

23 پۆڵس ڕوانییە سەنهەدرین و گوتی: «برایان، تاکو ئەمڕۆ بە تەواوی ویژدانێکی پاک بۆ خودا ژیاوم.» حەنانیای سەرۆک کاهین فەرمانی بەوانە دا کە لەلای ڕاوەستابوون تاکو بە دەمیدا بکێشن. پۆڵس پێی گوت: «خودا لێت بدات، ئەی دیواری سپیکراو! چۆن دانیشتووی بەپێی تەورات حوکمم دەدەیت، کەچی پێچەوانەی تەورات فەرمانی لێدانم دەدەیت؟»

ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون گوتیان: «ئایا جنێو بە سەرۆک کاهینی خودا دەدەیت؟»

پۆڵس گوتی: «برایان، نەمدەزانی سەرۆک کاهینە، چونکە نووسراوە: [بە خراپە باسی سەرکردەیەکی گەلەکەت مەکە.][a]»

پۆڵس دەیزانی بەشێک سەدوقین و بەشێک فەریسی، لە سەنهەدریندا هاواری کرد: «برایان، من فەریسی کوڕی فەریسیم. لەبەر هیوام بە هەستانەوەی مردووان وا حوکم دەدرێم.» کە ئەمەی گوت، ناکۆکی کەوتە نێوان فەریسی و سەدوقییەکان و ئەنجومەنەکە بوو بە دوو بەش، چونکە سەدوقییەکان دەڵێن هەستانەوە و فریشتە و ڕۆح نین، بەڵام فەریسییەکان دان بە هەموو ئەمانەدا دەنێن.

ئینجا هاوار بەرزبووەوە، هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون هەستان و بە توندی دەمەقاڵەیان دەکرد: «تاوان لەم پیاوەدا نابینین. مەگەر ڕۆحێک یان فریشتە لەگەڵیدا دوابێت؟» 10 کاتێک ناکۆکییەکە پەرەی سەند، فەرماندەکە ترسا پۆڵس پارچەپارچە بکەن، ئینجا فەرمانی بە سەربازەکان دا دابەزن، لەنێوانیاندا بیڕفێنن و بیبەنەوە سەربازگە.

11 بۆ شەوی پاشتر، مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای پۆڵس ڕاوەستا و فەرمووی: «ورەت بەرزبێت! وەک لە ئۆرشەلیم شایەتیت بۆ من دا، دەبێ لە ڕۆماش ئاوا شایەتی بدەیت.»

پیلانی جولەکە بۆ کوشتنی پۆڵس

12 کاتێک ڕۆژهەڵات جولەکە پیلانیان کێشا، سوێندیان خوارد و گوتیان کە نە بخۆن و نە بخۆنەوە هەتا پۆڵس دەکوژن. 13 ئەوانەی ئەم پیلانەیان کێشا لە چل زیاتر بوون. 14 چوونە لای کاهینانی باڵا و پیران، گوتیان: «سوێندمان خواردووە تامی هیچ نەکەین هەتا پۆڵس دەکوژین. 15 ئێستاش ئێوە و سەنهەدرین بە فەرماندەکە ڕابگەیەنن، بەڵکو بۆ لاتان بینێرێت، وەک بتانەوێت وردتر لە بابەتەکەی بکۆڵنەوە. ئێمەش پێش نزیک کەوتنەوەی ئامادەین بۆ کوشتنی.»

16 بەڵام کاتێک خوشکەزاکەی پۆڵس بە پیلانەکەی زانی، هاتە سەربازگە و هەواڵی دایە پۆڵس.

17 جا پۆڵس سەرپەلێکی بانگکرد، گوتی: «ئەم گەنجە ببە لای فەرماندەکە، چونکە هەواڵێکی پێیە بیداتێ.» 18 ئەویش بردییە لای فەرماندەکە.

گوتی: «پۆڵسی بەندکراو بانگی کردم و داوای لێکردم ئەم گەنجە بهێنمە لات، شتێکی هەیە پێتی بڵێت.»

19 فەرماندەکەش دەستی گرت و بە تەنها بردییە ئەو لاوە، لێی پرسی: «چیت هەیە پێمی بڵێی؟»

20 گوتی: «جولەکە ڕێککەوتوون داوات لێ بکەن کە بەیانی پۆڵس بنێریتە سەنهەدرین، وەک بیانەوێت وردتر لێی بکۆڵنەوە. 21 بۆیە ڕازی مەبە بە داواکارییەکەیان، چونکە زیاتر لە چل پیاویان لە بۆسەدان بۆی، سوێندیان خواردووە نەخۆن و نەخۆنەوە هەتا دەیکوژن. ئێستا ئامادەن و چاوەڕێی بەڵێنن لە تۆوە.»

22 فەرماندەکە گەنجەکەی بەڕێکرد و فەرمانی پێدا: «بە کەس نەڵێیت کە ئەمەت بە من گوتووە.»

ناردنی پۆڵس بۆ لای فیلیکس

23 ئینجا دووان لە سەرپەلەکانی بانگکرد و گوتی: «دوو سەد سەرباز لەگەڵ حەفتا سوار و دوو سەد ڕمهەڵگر ئامادە بکەن، تاکو لە کاتژمێر نۆی[b] شەو بچنە قەیسەرییە. 24 هەروەها وڵاخ ئامادە بکرێ تاکو پۆڵس سواری بێت و بە سەلامەتی بیگەیێننە لای فیلیکسی فەرمانڕەوا.»

25 نامەیەکی نووسی ئەمەی تێدابوو:

26 لە کلودیۆس لیسیاس،

بۆ بەڕێز فیلیکسی فەرمانڕەوا،

سڵاو.

27 ئەم پیاوە، جولەکە گرتییان و خەریک بوو بیکوژن، بەڵام لەگەڵ سەربازان چووم و ڕزگارم کرد، چونکە بیستمەوە هاوڵاتی ڕۆمانییە. 28 دەمویست بزانم بە چی تاوانباری دەکەن، بردمە سەنهەدرینەکەیان. 29 بینیم لەبەر کاروباری تەوراتەکەیان تاوانبار کراوە، بەڵام تاوانێکی لەسەر نەبوو کە شایانی سزای مردن یان بەندکردن بێت. 30 کاتێک ئاگادار کرامەوە کە پیلانێک لەم پیاوە دەگێڕدرێت، دەستبەجێ بۆ لای تۆم نارد، فەرمانم بە سکاڵاکاران کرد چییان لەسەری هەیە لەلای تۆ باسی بکەن.

31 بۆیە سەربازان وەک فەرمانیان پێ کرابوو، پۆڵسیان برد و بە شەو بۆ ئەنتیپاتریسیان[c] هێنا. 32 بۆ بەیانی سوارەکانیان لەگەڵ نارد و خۆیان بۆ سەربازگە گەڕانەوە. 33 سوارەکانیش چوونە قەیسەرییە و نامەکەیان دایە فەرمانڕەوا و پۆڵسیان بردە بەردەمی. 34 خوێندییەوە و پرسی خەڵکی چ ناوچەیەکە. زانی خەڵکی کیلیکیایە، 35 گوتی: «کەی سکاڵاکاران گەیشتن، گوێت لێ دەگرم.» ئینجا فەرمانی دا لە کۆشکی هێرۆدس پاسەوانی بکرێت.

Footnotes

  1. 23‏:5 دەرچوون 22‏:28‏‏
  2. 23‏:23 یۆنانی: کاتژمێری سێ.‏
  3. 23‏:31 شارێک بووە کە ئێستا پێی دەگوترێ ڕەئسلعەین، نزیکەی 40کم لە ئۆرشەلیم دوورە.‏