Add parallel Print Page Options

50 یوسف خۆی دا بەسەر ڕووی باوکیدا و بەسەریدا گریا و ماچی کرد. ئینجا یوسف فەرمانی دا بە خزمەتکارە پزیشکەکانی کە باوکی مۆمیا بکەن. پزیشکەکانیش ئیسرائیلیان مۆمیا کرد، چل ڕۆژی پێچوو، چونکە بەوەندە ڕۆژە کاری مۆمیاکاران تەواو دەبوو. میسرییەکانیش حەفتا ڕۆژ بۆی گریان.

کە ڕۆژانی گریان بەسەرچوو، یوسف لەگەڵ ماڵی فیرعەون قسەی کرد و گوتی: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتانم، ئەوا قسە لەگەڵ فیرعەون بکەن و پێی بڵێن، کە باوکم سوێندی داوم و گوتوویەتی: ”وا من دەمرم، لەو گۆڕەدا بمنێژن کە لە خاکی کەنعان بۆ خۆمم هەڵکەندووە.“ ئێستاش با بچم بۆ ئەوەی باوکم بنێژم و دەگەڕێمەوە.»

فیرعەونیش پێی گوت: «بڕۆ و باوکت بنێژە، وەک چۆن سوێندی داویت.»

ئیتر یوسف بۆ ناشتنی باوکی چوو. لەگەڵی هەموو خزمەتکارانی فیرعەون، پیرانی ماڵەکەی و هەموو پیرانی خاکی میسر چوون، لەگەڵ تێکڕای ماڵی یوسف و براکانی و ماڵی باوکی. تەنها منداڵەکان و ڕانە مەڕ و گاگەلیان لە خاکی گۆشەن بەجێهێشت. هەر لەگەڵیان گالیسکە و ئەسپ سوار چوون. کۆمەڵێکی زۆر گەورە بوو.

10 ئینجا هاتنە سەر جۆخینەکەی[a] ئاتاد، ئەوەی لەوبەری ڕووباری ئوردونە، لەوێ شیوەنێکی زۆر گەورە و توندیان گێڕا، حەوت ڕۆژ یوسف ماتەمی بۆ باوکی دانا. 11 کاتێک کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو خاکە ئەم ماتەمەیان لەسەر جۆخینەکەی ئاتاد بینی، گوتیان: «ئەمە ماتەمێکی گەورەی میسرییەکانە.» لەبەر ئەوە ناونرا ئابێل میسرایم[b] کە لەوبەری ڕووباری ئوردونە.

12 کوڕەکانی یاقوبیش چۆنی ڕاسپاردبوون ئاوایان بۆ کرد. 13 جا کوڕەکانی هەڵیانگرت بۆ خاکی کەنعان و لە ئەشکەوتەکەی ئەو کێڵگەیەی لە مەخپێلە ناشتیان، کە ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکە لە عەفرۆنی حیتی کڕی هەتا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکی، ئەوەی ڕووەو مەمرێیە. 14 ئیتر دوای ناشتنی باوکی، یوسف گەڕایەوە بۆ میسر، خۆی و براکانی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بۆ ناشتنی باوکی چوون.

دڵنەواییکردنی یوسف لە براکانی

15 کاتێک براکانی یوسف بینییان باوکیان مرد، گوتیان: «نەکات یوسف قینمان لێ هەڵبگرێت و هەموو ئەو خراپەیەی بەرامبەری کردوومانە بەسەرمانی بهێنێتەوە.» 16 ئیتر پەیامیان نارد بە یوسف بڵێن، «باوکت پێش مردنی خۆی ڕایسپاردووە و گوتوویەتی، 17 ”ئاوا بە یوسف دەڵێن: داواکارم لێت لە تاوانی براکانت و گوناهەکەیان ببووریت، چونکە خراپەیان لەگەڵت کرد.“ ئێستاش لە تاوانی بەندەکانی خودای باوکت خۆشبە.» کاتێک پەیامەکەیان گەیشت، یوسف دەستی بە گریان کرد.

18 دوای ئەوە براکانی هاتن و لەبەردەمیدا کەوتن و گوتیان: «ئەوەتاین، ئێمە کۆیلەی تۆین.»

19 بەڵام یوسف پێی گوتن: «مەترسن. ئایا من لە جێی خودام؟ 20 مەبەستی ئێوە خراپە بوو بۆم، بەڵام خودا بە مەبەستی چاکە گێڕای هەتا وەک ئەمڕۆ بکات، بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی خەڵکێکی زۆر. 21 ئێستاش مەترسن. من خۆتان و منداڵەکانتان بەخێو دەکەم.» ئیتر دڵنەوایی کردن و قسەی دڵخۆشکەرەی بۆ کردن.

مردنی یوسف

22 یوسف خۆی و ماڵی باوکی لە میسر نیشتەجێ بوون. یوسف سەد و دە ساڵ ژیا، 23 منداڵەکانی ئەفرایمیشی بینی، نەوەی سێیەم. ئەوەندە ژیا کە منداڵەکانی ماکیری کوڕی مەنەشەی بینی ناوی ئەوی وەرگرتووە.

24 ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «من دەمرم، بەڵام خودا خۆی بەسەرتان دەکاتەوە و لەم خاکەوە دەتانباتەوە ئەو خاکەی کە بە سوێند بەڵێنی داوە بیداتە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.» 25 ئیتر یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دا و گوتی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم ببەنەوە.»

26 دوای ئەوە یوسف مرد، تەمەنی سەد و دە ساڵ بوو، ئیتر مۆمیایان کرد و لە میسر خرایە تابووتەوە.

Footnotes

  1. 50‏:10 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏
  2. 50‏:11 ئابێل میسرایم واتە ماتەمی میسرییەکان.‏