Add parallel Print Page Options

گەشتی دووەم بۆ میسر

43 قاتوقڕی لە خاکەکە درێژەی کێشا و هەر سەخت بوو. کاتێک لە خواردنی گەنمەکە بوونەوە کە لە میسرەوە هێنابوویان، باوکیان پێی گوتن: «بگەڕێنەوە و هەندێک خۆراکمان بۆ بکڕن.»

بەڵام یەهودا پێی گوت: «ئەو پیاوە بە تەواوی ئاگاداری کردینەوە و گوتی: ”بەبێ ئەوەی براکەتان لەگەڵ بێت، چاوتان بە چاوم ناکەوێت.“ ئەگەر براکەمان لەگەڵ بنێریت ئەوا بەرەو خوار دەچین و خۆراکت بۆ دەکڕین. بەڵام ئەگەر ناینێریت ئەوا بەرەو خوار ناچین، چونکە پیاوەکە پێی گوتین: ”چاوتان بە چاوم ناکەوێت، بێ ئەوەی براکەتان لەگەڵتان بێت.“»

ئیسرائیلیش لێی پرسین: «بۆچی خراپەتان لەگەڵ کردم بەوەی بە پیاوەکەتان ڕاگەیاند برایەکی دیکەشتان هەیە؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوەکە دەربارەی خۆمان و کەسوکارمان پرسیاری لێکردین: ”ئایا باوکتان ماوە؟ برای دیکەتان هەیە؟“ ئێمەش بەپێی ئەم قسانە پێمان ڕاگەیاند. ئایا دەمانزانی کە پێمان دەڵێت: ”براکەتان بۆ ئێرە بهێنن“؟»

یەهودا بە ئیسرائیلی باوکی گوت: «کوڕەکە لەگەڵ من بنێرە، هەڵدەستین و دەڕۆین، ئیتر ئێمە و تۆ و منداڵەکانمان دەژین و نامرین. خۆم زامنی دەبم، لە دەستی من داوای دەکەیتەوە. ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە و لەبەردەمت ڕام نەگرت ئەوا هەتاهەتایە بەرامبەر بە تۆ تاوانبارم، 10 چونکە ئەگەر ئاوا دوانەکەوتباین، ئێستا ئەمە دووەم جار بوو هاتبووینەوە.»

11 ئیسرائیلی باوکیشیان پێی گوتن: «ئەگەر وایە، ئەوا ئەمە بکەن، لە باشترین بەرهەمی زەوی بخەنە ناو جەواڵەکانتان و بە دیاری بۆ پیاوەکەی ببەن، هەندێک هەتووان و هەنگوین و بەهارات و موڕ[a] و بستە و بادەم. 12 دوو هێندەش زیو لەگەڵ دەستتان ببەن، ئەو زیوەش کە لە دەمی هەگبەکانتان گەڕێنرابووەوە لەگەڵ دەستی خۆتان بیبەنەوە، لەوانەیە بە هەڵە چووبێت. 13 براکەتان ببەن و هەستن بگەڕێنەوە لای پیاوەکە. 14 خودای هەرە بە توانا وا بکات ئەو پیاوە بەزەیی هەبێت بەرامبەرتان، تاکو واز لە براکەی دیکەتان و بنیامین بهێنێت. منیش ئەگەر لە منداڵان بێبەش بووم، ئەوا لێیان بێبەشم.»

15 پیاوەکانیش ئەم دیارییەیان هەڵگرت و دوو هێندە زیویشیان لەگەڵ دەستیان هەڵگرت و لەگەڵ بنیامین، هەستان و بەرەو خوار چوون بۆ میسر و لەبەردەم یوسف ڕاوەستان. 16 کاتێک یوسف بنیامینی لەگەڵیان بینی، بە سەرکاری ماڵەکەی گوت: «ئەم پیاوانە ببە ماڵەوە و ئاژەڵێکیش سەر ببڕە و ئامادەی بکە، چونکە ئەم پیاوانە بۆ نیوەڕۆ لەگەڵ خۆم نان دەخۆن.»

17 ئیتر یوسف چۆنی گوت، پیاوەکە ئاوای کرد، پیاوەکانی بردە ماڵی یوسف. 18 پیاوەکان ترسان کاتێک برانە ماڵی یوسف، گوتیان: «بەهۆی ئەو زیوەی جاری یەکەم گەڕێنرابووەوە ناو هەگبەکانمان ئێمەیان هێناوەتە ژوورەوە، بۆ ئەوەی پەلامارمان بدات و بکەوێتە سەرمان و بمانکاتە کۆیلە و گوێدرێژەکانمان ببات.»

19 ئیتر لە سەرکاری ماڵەکەی یوسف چوونە پێشەوە و لەناو دەرگای ماڵەکە قسەیان لەگەڵ کرد. 20 پێیان گوت: «ئەی گەورەم، تکایە، ئێمە یەکەم جار هاتینە ئێرە بۆ کڕینی خۆراک. 21 بەڵام کە لە شوێنی شەومانەوەکەمان ڕاوەستاین، هەگبەکانمان کردەوە، بینیمان زیوی هەریەکەمان لە دەمی هەگبەکەی بوو، بە کێشی تەواوی خۆی، ئێمەش لەگەڵ دەستی خۆمان هێنامانەوە. 22 هەروەها زیوی دیکەشمان لەگەڵ دەستی خۆمان هێناوە بۆ ئەوەی خۆراک بکڕین. ناشزانین کێ زیوەکانمانی خستبووە ناو هەگبەکانمان.»

23 ئەویش پێی گوتن: «ئاشتیتان بۆ ببێت، مەترسن. خوداکەی ئێوە و خوداکەی باوکتان هەگبەکانتانی کردە گەنجینە، من زیوەکانی ئێوەم وەرگرتووە.» ئینجا شیمۆنی بۆ هێنانە دەرەوە.

24 پیاوەکە ئەوانی هێنایە ژوورەوە بۆ ماڵەکەی یوسف و ئاوی دانێ هەتا پێیان بشۆن و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان. 25 ئەوانیش دیارییەکەیان ئامادە کرد بۆ کاتی گەیشتنی یوسف لە دەمەو نیوەڕۆ، چونکە بیستبوویان ئەوان لەوێ نان دەخۆن.

26 کە یوسف گەڕایەوە ماڵ، دیارییەکەیان بۆ هێنا کە لەگەڵ دەستی خۆیان هێنابوویان بۆ ماڵەکە، کڕنۆشیان بۆ برد. 27 ئەویش هەواڵی پرسین و گوتی: «باوکە پیرەکەتان چۆنە کە بۆتان باسکردم؟ ئایا هێشتا ماوە؟»

28 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «خزمەتکاری خۆت باوکی ئێمە باشە و هێشتاش زیندووە.» ئیتر بۆی نوشتانەوە و کڕنۆشیان بۆی برد.

29 ئەویش چاوی هەڵبڕی و سەیری بنیامینی برای کوڕی دایکی خۆی کرد و گوتی: «ئەمەیە برا بچووکەکەتان کە بۆتان باسکردم؟» ئینجا گوتی: «کوڕم، خودا میهرەبان بێت لەگەڵت.» 30 ئیتر یوسف پەلەی کرد، چونکە هەناوی گڕی گرت بۆ براکەی و داوای شوێنێکی کرد هەتا تێیدا بگریێت. ئینجا چووە ژوورەکەی خۆی و لەوێ گریا.

31 پاشان دەموچاوی شوشت و هاتە دەرەوە، دانی بەخۆیدا گرت و گوتی: «نان بهێنن.»

32 ئەوانیش بە جیا خواردنیان بۆ ئەم هێنا و بۆ ئەوانیش بە جیا، بۆ میسرییەکانیشیان بە جیا هێنا کە لای ئەو نانیان دەخوارد، لەبەر ئەوەی میسرییەکان نەیاندەتوانی لەگەڵ عیبرانییەکان پێکەوە نان بخۆن، چونکە لەلای میسرییەکان کارێکی قێزەون بوو. 33 کاتێک بەپێی تەمەنیان لەبەردەمی دانیشتبوون، لە نۆبەرەکەیانەوە هەتا بچووکەکەیان. بە سەرسامیشەوە دەیانڕوانییە یەکتری. 34 کاتێک لە خوانەکەی یوسف خواردن دابەش کرا، بەڵام بەشەکەی بنیامین پێنج ئەوەندەی بەشەکانی هەموویان بوو. ئیتر لەگەڵی خواردیانەوە و خەیاڵ بوون[b].

Footnotes

  1. 43‏:11 مۆر: بڕوانە 37‏:25‏.‏
  2. 43‏:34 خەیاڵبوون حاڵەتی پێش سەرخۆشبوونە.‏