Add parallel Print Page Options

خۆئامادەکردنی یاقوب بۆ دیداری عیسۆ

32 یاقوبیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و فریشتەکانی خودا بەرەو پیری هاتن. کاتێک یاقوب ئەوانی بینی، گوتی: «ئەمە لەشکری خودایە.» ئیتر ئەو شوێنەی ناونا مەحەنەیم[a].

یاقوب لەپێش خۆیەوە نێردراوی ناردە لای عیسۆی برای بۆ خاکی سێعیر لە وڵاتی ئەدۆم. فەرمانی پێدان و گوتی: «ئاوا بە عیسۆی گەورەم ڕادەگەیەنن، کە یاقوبی خزمەتکارت وا دەڵێت: ”لەلای لابان ئاوارە بووم و هەتا ئێستاش لەلای ئەوم. بووشم بە خاوەنی گا و گوێدرێژ، مەڕ و بزن، خزمەتکار و کەنیزە. ئەوا ناردیشمە لای گەورەی خۆم هەتا پێی ڕابگەیەنم، بۆ ئەوەی لەبەرچاوی تۆ پەسەند بم.“»

نێردراوەکان گەڕانەوە لای یاقوب و گوتیان: «چووینە لای عیسۆی برات، وا ئەویش بەڕێوەیە بۆ دیداریت، چوار سەد پیاویشی لەگەڵدایە.»

بەمە یاقوب ترسێکی گەورەی لێ نیشت و پەرێشان بوو. ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون لەگەڵ مەڕ و مانگا و وشترەکان دابەشی کردن بۆ دوو لەشکر. گوتی: «ئەگەر عیسۆ هاتە سەر لەشکرێکیان و لێیدا، ئەوا لەشکرەکەی دیکە دەمێنێتەوە بۆ دەربازبوون.»

ئینجا یاقوب لە خودا پاڕایەوە و گوتی: «ئەی خودای ئیبراهیمی باوکم و خودای ئیسحاقی باوکم، ئەو یەزدانەی کە پێی فەرمووم: ”بگەڕێوە خاکی خۆت و بۆ لای کەسوکارەکەت، باش دەبم لەگەڵت.“ 10 من شایستەی هەموو ئەو خۆشەویستییە نەگۆڕە و دڵسۆزییانە نیم کە لەگەڵ خزمەتکاری خۆتت کردووە، چونکە بە خۆم و گۆچانەکەمەوە لەم ڕووباری ئوردونە پەڕیمەوە، بەڵام ئێستاش بووم بە دوو لەشکر. 11 لە چنگی عیسۆی برام فریام بکەوە، چونکە من لێی دەترسم نەوەک بێت و لێم بدات، لە دایکان و منداڵەکانیان. 12 بەڵام تۆ خۆت فەرمووت: ”باش دەبم لەگەڵت و نەوەکەت وەک لمی دەریا لێ دەکەم، کە لەبەر زۆری لە ژماردن نەیێت.“»

13 ئیتر ئەو شەوەی لەوێ بەسەربرد، لەوەشی لەگەڵ دەستی خۆیدا هێنابووی، دیارییەکی بۆ عیسۆی برای هەڵبژارد: 14 دوو سەد بزن و بیست تەگە، دوو سەد مەڕ و بیست بەران، 15 سی وشتری مێی شیردەر بە بەچکەکانیانەوە، چل مانگا و دە گا لەگەڵ بیست ماکەر و دە نێرەکەر. 16 هەموو ئەمانەی مێگەل مێگەل بە جیا دایە دەست خزمەتکارەکانی و پێی گوتن: «پێشم بکەون و بواریش بخەنە نێوان مێگەلەکانەوە.»

17 فەرمانیشی بەوەی یەکەمیان دا و گوتی: «ئەگەر عیسۆی برام پێت گەیشت و لێی پرسیت: ”سەر بە کێیت و بۆ کوێ دەچیت، ئەوەی لەپێشتەوەیە هی کێیە؟“ 18 دەڵێیت: ”هی یاقوبی خزمەتکارتن. دیارییە و نێردراوە بۆ عیسۆی گەورەم، خۆی لەدوای ئێمە دێت.“»

19 هەروەها فەرمانی دا بە دووەمیان و سێیەمیان و هەموو ئەوانەی بەدوای مێگەل و گاگەلەکاندا دەڕۆیشتن، پێی گوتن: «ئێوەش هەر هەمان شت بە عیسۆ دەڵێن، کاتێک تووشی دەبن. 20 لەبیر مەکەن بڵێن: ”یاقوبی خزمەتکارت لەدوای ئێمە دێت.“» ئەمەشی کردووە چونکە گوتی: «بەم دیارییەی کە لەپێش خۆمەوە دەینێرم ئاشتی دەکەمەوە، دوای ئەمە ڕووبەڕووی دەبمەوە، بەڵکو لێم ڕازی بێت.» 21 ئیتر دیارییەکان پێش خۆی کەوتن، بەڵام خۆی ئەو شەوەی لە ئۆردوگاکە بەسەربرد.

زۆرانبازی یاقوب لەگەڵ خودا

22 یاقوب ئەو شەوە هەستا و هەردوو ژنەکەی و هەردوو کەنیزەکەی و هەر یازدە کوڕەکەی هەڵگرت و لە تەنکاییەکەی ڕووباری یەبۆق پەڕییەوە. 23 هەڵیگرتن و لە جۆگەکە پەڕینەوە، لەگەڵ هەرچی کە هەیبوو. 24 ئیتر یاقوب هەر خۆی مایەوە، پیاوێکیش دەرکەوت، هەتا بەرەبەیان زۆرانبازی لەگەڵی کرد. 25 کە بینی دەرەقەتی نایەت، لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانی دا و ڕانی یاقوب لە زۆرانبازیەکەدا لەجێ چوو. 26 ئینجا فەرمووی: «بەرمدە، وا بەرەبەیان دەرکەوت.»

بەڵام یاقوب گوتی: «ئەگەر بەرەکەتدارم نەکەیت بەرت نادەم.»

27 پیاوەکە لێی پرسی: «ناوت چییە؟»

یاقوب وەڵامی دایەوە: «یاقوب.»

28 ئینجا پیاوەکە پێی فەرموو: «لەمەودوا ئیتر ناوت بە یاقوب ناهێنرێت، بەڵکو بە ئیسرائیل[b]، چونکە لەگەڵ خودا و پیاوان تێکۆشاویت و سەرکەوتوویت.»

29 یاقوبیش پێی گوت: «تکایە، ناوی خۆتم پێ بڵێ.»

بەڵام ئەو فەرمووی: «بۆچی پرسیار لە ناوم دەکەیت؟» ئیتر لەوێ بەرەکەتداری کرد.

30 ئیتر یاقوب ناوی لەو شوێنە نا پەنیێل[c]، گوتی: «چونکە ڕوو بە ڕوو خودام بینی و گیانیشم دەرباز بوو.»

31 کاتێک لە پەنیێل دەپەڕییەوە خۆری لێ هەڵهات، لەبەر ڕانی دەشەلی. 32 هەر لەبەر ئەوەشە کە نەوەی ئیسرائیل هەتا ئەمڕۆش ئەو ماسوولکە ژێیەی گرژ دەبێتەوە، لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانە نایخۆن، لەبەر ئەوەی دەستدرا لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانی یاقوب. نزیک لەم ماسوولکە ژێیەی گرژ دەبێتەوە.

Footnotes

  1. 32‏:2 مەحەنەیم: واتە (دوو ئۆردوگا).‏
  2. 32‏:28 ناوێکی عیبرییە بە واتای تێکۆشان لەگەڵ خودا.‏
  3. 32‏:30 واتە ڕووی خودا.‏