Add parallel Print Page Options

کەوتنی مرۆڤ

مار لە هەموو ئاژەڵی کێوی سەر زەوی، ئەوانەی یەزدانی پەروەردگار دروستی کردبوون زۆرزانتر و تەڵەکەبازتر بوو. بە ئافرەتەکەی گوت: «ئایا ڕاستە خودا فەرموویەتی: ”بۆتان نییە لە هیچ درەختێکی باخچەکە بخۆن؟“»

ئافرەتەکەش بە مارەکەی گوت: «بۆمان هەیە لە بەری درەختەکانی باخچەکە بخۆین، بەڵام خودا فەرمووی: ”بۆتان نییە لە بەری ئەو دارە بخۆن، کە لەناوەڕاستی باخچەکەیە، هەروەها بۆتان نییە دەستی لێ بدەن، ئەگینا دەمرن.“»

مارەکە بە ئافرەتەکەی گوت: «نا بەڕاستی نامرن، چونکە خودا دەزانێت ئەو ڕۆژەی کە دەیخۆن چاوتان دەکرێتەوە و ئیتر وەک خوداتان لێدێت، چاکە و خراپە دەزانن.»

کاتێک ئافرەتەکە بینی بەری دارەکە بۆ خواردن باش بوو، چاو ئارەزووی دەکرد و وات لێ دەکات دانا بیت، لە بەرەکەی کردەوە و خواردی، دایە مێردەکەشی کە لەگەڵی بوو، ئەویش خواردی. ئیتر هەردووکیان چاویان کرایەوە و زانییان کە ڕووتن، ئیتر گەڵای هەنجیریان لێک دووری و پۆشاکیان بۆ خۆیان دروستکرد.

ئینجا پیاوەکە و ژنەکەی گوێیان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگار بوو کە لە باخچەکەدا هاتوچۆی دەکرد، لە کاتی هەڵکردنی شنەبای ڕۆژ، ئەوانیش لەنێو درەختەکانی باخچەکە خۆیان لە یەزدانی پەروەردگاریان شاردەوە. بەڵام یەزدانی پەروەردگاریش پیاوەکەی بانگکرد و فەرمووی: «لەکوێیت؟»

10 ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە باخچەکە گوێم لە دەنگت بوو، منیش ترسام، چونکە ڕووت بووم، ئیتر خۆمم شاردەوە.»

11 ئەویش فەرمووی: «کێ بە تۆی گوت کە ڕووتیت؟ لەو درەختەت نەخواردبێت کە فەرمانم پێ کردبوویت لێی نەخۆیت؟»

12 پیاوەکەش گوتی: «ئەو ئافرەتەی پێت دام لەگەڵم بێت، ئەو لە بەری ئەو دارەی پێدام، منیش خواردم.»

13 ئینجا یەزدانی پەروەردگار بە ئافرەتەکەی فەرموو: «ئەمە چییە تۆ کردووتە؟»

ئافرەتەکەش گوتی: «مارەکە فریوی دام و منیش خواردم.»

14 یەزدانی پەروەردگار بە مارەکەی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەمەت کرد،

«تۆ نەفرەت لێکراویت زیاتر لە هەموو ئاژەڵێکی ماڵی و
    هەموو ئاژەڵێکی کێوی.
هەموو تەمەنیشت
    لەسەر سکت دەخشێیت و
    خۆڵ دەخۆیت.
15 دوژمنایەتیش دەخەمە
    نێوان تۆ و ئافرەتەکە،
    نێوان نەوەی تۆ و نەوەی ئەوەوە.
نەوەی ئەو سەرت پان دەکاتەوە[a] و
    تۆش پاژنەی پێی دەکوتیت.»

16 بە ئافرەتەکەشی فەرموو:

«ئازاری سکپڕیت زۆر زیاتر دەکەم،
    بە ژانەوە منداڵت دەبێت.
ئارەزووت بۆ پیاوەکەت دەبێت و
    ئەویش بەسەرتدا زاڵ دەبێت.»

17 ئینجا بە پیاوەکەشی فەرموو: «لەبەر ئەوەی تۆش گوێت لە ژنەکەت گرت و لەو درەختەت خوارد کە فەرمانم پێ کردبوویت، ”نابێت لێی بخۆیت،“

«ئەوا زەویش بەهۆی تۆوە نەفرەت لێکراوە.
    بە ڕەنجکێشانیش
    هەموو ڕۆژانی ژیانت لێی دەخۆیت.
18 دڕکوداڵت بۆ بەرهەم دێنێت و
    ڕووەکی کێڵگە دەخۆیت.
19 بە ئارەقەی ناوچەوانت
    نان دەخۆیت،
هەتا دەگەڕێیتەوە بۆ زەوی،
    کە لێیەوە وەرگیراویت،
لەبەر ئەوەی تۆ خۆڵیت و
    بۆ خۆڵیش دەگەڕێیتەوە.»

20 ئادەم[b] ناوی ژنەکەی نا حەوا[c]، چونکە دەبێتە دایکی هەموو زیندووان.

21 یەزدانی پەروەردگار بۆ ئادەم و ژنەکەی جلی لە پێست دروستکرد و لەبەری کردن. 22 ئینجا یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «ئێستا مرۆڤ بووە بە یەکێکی وەک خۆمان، چاکە و خراپە دەزانێت، ئێستاش ڕێگەی پێ نادرێت دەستی درێژ بکات و لە داری ژیانیش بکاتەوە و بیخوات، بۆ هەتاهەتایە بژیێت.» 23 ئیتر یەزدانی پەروەردگار لە باخچەی عەدەن دەریکرد، بۆ ئەوەی لەو زەوییە ئیش بکات کە لەوێوە وەرگیراوە. 24 دوای ئەوەی مرۆڤی دەرکرد، بۆ پاسەوانی ڕێگای درەختی ژیان لە دیوی ڕۆژهەڵاتی باخچەی عەدەن کەڕوبەکانی[d] دانا، لەگەڵ شمشێری گڕدار کە بە هەموو لایەکدا دەسووڕایەوە.

Footnotes

  1. 3‏:15 ئاماژەیەکە بۆ خاچی مەسیح کە دواتر هات دەسەڵاتی شەیتانی تێکدا.‏
  2. 3‏:20 ئادەم: لە عیبریدا بە وشەی ها ئادام‏ هاتووە، واتە پیاوەکە.‏
  3. 3‏:20 لە زمانی عیبری دەنگی وشەکە نزیکە لە وشەی زیندووی عیبری.‏
  4. 3‏:24 کەڕوبەکان: بە واتای فریشتەکان هاتووە.‏