Add parallel Print Page Options

نموونەی ڕەزەوانە کرێگرتەکان

12 دەستی پێکرد بە نموونە قسەیان بۆ بکات: «کابرایەک ڕەزێکی چاند، دەوروپشتەکەی پەرژین کرد، چاڵێکی بۆ ترێ گوشین هەڵکەند و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد. لە وەرزی خۆیدا خزمەتکارێکی بۆ ڕەزەوانەکان نارد، تاکو بەرهەمی ڕەزەکە لە ڕەزەوانەکان وەربگرێت. بەڵام گرتییان و لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە. دیسان خزمەتکارێکی دیکەی بۆ ناردن، سەری ئەمیشیان شکاند و سووکایەتییان پێ کرد. یەکێکی دیکەشی نارد، ئەویشیان کوشت. زۆر خزمەتکاری دیکەشی نارد، لە هەندێکیان دا و هەندێکیان کوشت.

«یەکێکی مابوو، کوڕە خۆشەویستەکەی، لە کۆتاییدا ئەویشی بۆ لایان نارد، گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“

«بەڵام ئەو ڕەزەوانانە بە یەکتریان گوت: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“ ئینجا گرتیان و کوشتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە.

«خاوەنی ڕەزەکە چی دەکات؟ دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات و ڕەزەکە دەداتە خەڵکی دیکە. 10 ئەم نووسراوە پیرۆزەتان نەخوێندووەتەوە:

«[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە،
    بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a].
11 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
    لەبەرچاومان سەیرە][b]؟»

12 کاهینانی باڵا دەیانویست بیگرن، چونکە زانییان نموونەکەی لەسەر ئەوان فەرموو، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن.

سەرانەدان بە قەیسەر

13 کاهینانی باڵا هەندێک لە فەریسییەکان و هێرۆدسییەکانیان[c] ناردە لای عیسا، تاکو بە وشەیەکی تووشی بکەن. 14 هاتن و پێیان گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت، گوێ بە کەس نادەیت، چونکە تەماشای ڕووی خەڵک ناکەیت، بەڵکو بە ڕاستی ڕێگای خودا فێر دەکەیت. دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟ بیدەین یان نا؟»

15 بەڵام عیسا بە دووڕوویی ئەوانی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ دینارێکم بۆ بهێنن با بیبینم.» 16 هێنایان و پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «قەیسەر.»

17 عیساش پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.» ئینجا لێی سەرسام بوون.

زیندووبوونەوەی مردووان

18 سەدوقییەکان[d]، ئەوانەی کە دەڵێن هەستانەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد: 19 «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین[e]، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. 20 حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد. 21 دووەم خواستییەوە و بە وەجاخکوێری مرد، سێیەمیش ئاوا. 22 هەر حەوتەکە وەجاخکوێر بوون، لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. 23 لە هەستانەوەدا، ژنەکە بۆ کامیان دەبێت؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.»

24 عیساش پێی فەرموون: «ئایا ئێوە هەڵە نین، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە هێزی خودا؟ 25 کاتێک لە مردن هەڵدەستێنرێنەوە، نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. 26 بەڵام دەربارەی مردووان کە هەڵدەستنەوە، ئایا لە پەڕتووکی موسادا نەتانخوێندووەتەوە، چۆن لە دەوەنەکەدا خودا پێی فەرموو: [من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم]؟[f] 27 ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە. زۆر بە هەڵەدا چوونە!»

گەورەترین ڕاسپاردە

28 یەکێک لە مامۆستایانی تەورات هات، گوێی لێیان بوو گفتوگۆیان دەکرد، بینی عیسا وەڵامێکی باشی دانەوە، لێی پرسی: «چ ڕاسپاردەیەک لە هەموویان گرنگترە؟»

29 عیسا وەڵامی دایەوە: «لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە: [ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە، 30 جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیر و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.][g] 31 لەدوای ئەویش ئەمەیە، [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،][h] هیچ ڕاسپاردەیەک لەم دوو ڕاسپاردەیە گرنگتر نییە.»

32 مامۆستاکەی تەوراتیش پێی گوت: «ڕاستە مامۆستا، ڕاستت فەرموو کە یەک خودا هەیە و بێجگە لە ئەو هیچ خودایەکی دیکە نییە. 33 خۆشویستنی ئەویش بە هەموو دڵ و بە هەموو تێگەیشتن و بە هەموو تواناوە، هەروەها خۆشویستنی نزیک وەک خۆت، لە هەموو قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان باشترە.»

34 عیسا بینی بە داناییەوە وەڵامی دایەوە، پێی فەرموو: «لە پاشایەتی خوداوە دوور نیت.» ئیتر کەس نەیوێرا هیچ پرسیارێکی دیکەی لێ بکات.

مەسیح و داود

35 کاتێک عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێر دەکرد فەرمووی: «مامۆستایانی تەورات چۆن دەڵێن: ”مەسیح کوڕی داودە“؟ 36 داود خۆی بە ڕۆحی پیرۆزەوە گوتی:

«[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
    ”لە دەستەڕاستم دابنیشە
    هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“][i]

37 داود خۆی پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»

خەڵکەکە زۆر بە خۆشییەوە گوێیان لێی دەگرت.

38 لە فێرکردنەکەیدا دەیفەرموو: «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت، 39 لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە ڕیزی سەرەوەی میوانداری بن. 40 ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.»

بەخشینی بێوەژن

41 عیسا بەرامبەر گەنجینە دانیشت و سەیری کرد چۆن خەڵکی پارەیان دەخەنە ناو گەنجینەکەوە، زۆرێک لە دەوڵەمەندەکان پارەی زۆریان دادەنا. 42 بێوەژنێکی هەژار هات و دوو فلسی دانا کە نیو عانەیە[j].

43 قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە، لە هەموو ئەوانەی دیکە پارەی زیاتر خستە ناو گەنجینەکە، 44 چونکە هەموو لە زیادەی خۆیان بەخشیان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»

Footnotes

  1. 12‏:10 بەردێکی گەورەیە کە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت، لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.‏
  2. 12‏:11 زەبوورەکان 118‏:22‏،23‏‏.‏
  3. 12‏:13 بڕوانە مەتا 22‏:16.‏‏
  4. 12‏:18 چینێکی جولەکە بوون کە زۆربەیان کاهین بوون، باوەڕیان بە فریشتە و هەستانەوە نەبوو.‏
  5. 12‏:19 بڕوانە دواوتار 25‏:5‏-10.‏
  6. 12‏:26 دەرچوون 3‏:6.‏‏
  7. 12‏:30 دواوتار 6‏:4، 5.‏
  8. 12‏:31 لێڤییەکان 19‏:18.‏‏
  9. 12‏:36 زەبوورەکان 110‏:1.‏‏
  10. 12‏:42 یۆنانی: کودرانتیس. یەک لە 64 بەشی دینارێک.‏