Add parallel Print Page Options

چاککردنەوەی ئیفلیجێک

ئینجا عیسا سواری بەلەمێک بوو، پەڕییەوە و هاتە شارەکەی خۆی[a]. ئیفلیجێکیان هێنایە لای لەناو جێگا کەوتبوو، کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، ورەت بەرز بێت، گوناهەکانت بەخشران.»

جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کفر دەکات!»

عیساش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟ کامیان ئاسانترە بگوترێت، ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت، ”هەستە و بڕۆ؟“ بەڵام تاکو بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی هەیە گوناه ببەخشێت،…» ئینجا بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» ئەویش هەستا و گەڕایەوە ماڵ. کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بینی، سام دایگرتن و ستایشی خودایان کرد، کە دەسەڵاتی ئاوای بە مرۆڤ داوە.

عیسا بۆ گوناهباران هاتووە

کاتێک عیسا بەوێدا تێپەڕی، پیاوێکی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مەتا بوو. پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.

10 لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی مەتا لەسەر خوان دانیشتبوو، زۆر باجگر و گوناهبار هاتن و لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی پاڵیان دایەوە. 11 کە فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانیان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»

12 جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. 13 بڕۆن و واتای ئەمە فێربن: [من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی.][b] چونکە نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»

لەبارەی ڕۆژووەوە

14 ئینجا قوتابییەکانی یەحیا هاتنە لای و گوتیان: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان زۆر جار بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانت بەڕۆژوو نابن؟»

15 عیسا پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن شیوەن بگێڕن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام ڕۆژێک دێت زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا بەڕۆژوو دەبن.

16 «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت و دڕاویەکە خراپتر دەکات. 17 شەرابی نوێش ناکەنە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا مەشکەکە دەدڕێت، جا شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ لەناو مەشکەی نوێ دەکرێت و هەردووکیان پارێزراو دەبن.»

زیندووکردنەوەی کچێک

18 کاتێک ئەمانەی دەفەرموو، پێشەوایەک[c] هات و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «هەر ئێستا کچەکەم مرد، بەڵام وەرە دەستی لەسەر دابنێ، زیندوو دەبێتەوە.» 19 عیساش هەستا و لەگەڵی ڕۆیشت، قوتابییەکانیش دوایان کەوتن.

20 هەر لەو کاتەدا ژنێک کە دوازدە ساڵ بوو خوێنبەربوونی هەبوو، لە دواوە لێی نزیک بووەوە و دەستی لە چمکی کراسەکەی دا، 21 چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە جلەکانیشی بدەم، چاکدەبمەوە.»

22 عیسا ئاوڕی دایەوە، بینی و فەرمووی: «کچم دڵنیابە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» ژنەکە دەستبەجێ چاک بووەوە.

23 کاتێک عیسا چووە ماڵی سەرۆکەکە، شیوەنگێڕان[d] و خەڵکێکی زۆری بینی کە دەنگەدەنگیان دەکرد، 24 فەرمووی: «لاچن، کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» ئەوانیش پێی پێکەنین. 25 کاتێک خەڵکەکە دەرکران، هاتە ژوورەوە و دەستی گرت، کچەش هەستایەوە. 26 ئەم هەواڵەش بە هەموو ئەو ناوچەیەدا بڵاو بووەوە.

چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا

27 عیسا بەوێدا دەڕۆیشت، دوو کەسی نابینا دوای کەوتن، هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»

28 کاتێک هاتە ماڵەوە، کەسە نابیناکان هاتنە لای. عیساش پێی فەرموون: «باوەڕتان بەوە هەیە کە من بتوانم ئەمە بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم.»

29 ئینجا ئەویش دەستی لە چاویان دا و فەرمووی: «با بەگوێرەی باوەڕتان بۆتان ببێت.» 30 ئیتر بیناییان بۆ گەڕایەوە، عیساش بە توندی ئاگاداری کردنەوە: «ئاگاداربن با کەس نەزانێت.» 31 بەڵام ئەوان ڕۆیشتن و هەموو ناوچەکەیان لێی تێگەیاند.

لاڵێک دەکەوێتە قسەکردن

32 کاتێک دوو کابراکە دەچوونە دەرەوە، چەند کەسێک لاڵێکیان هێنایە لای عیسا، ڕۆحی پیسی تێدابوو. 33 کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. خەڵکەکەش سەرسام بوون، گوتیان: «قەت لە ئیسرائیلدا شتی وا ڕووی نەداوە.»

34 بەڵام فەریسییەکان گوتیان: «بە شای ڕۆحە پیسەکان ڕۆحی پیس دەردەکات.»

دروێنەی زۆر و کرێکاری کەم

35 عیسا بە هەموو شار و گوندەکاندا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان فێری دەکردن و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و هەرچی نەساغی هەبوو چاکی دەکردنەوە. 36 کاتێک خەڵکەکەی بینی دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان پەرێشان و دەربەدەر بوون. 37 جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە. 38 لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت.»

Footnotes

  1. 9‏:1 ناسیرە.‏
  2. 9‏:13 هۆشەع 6‏:6‏‏
  3. 9‏:18 پێشەوای کەنیشت.‏
  4. 9‏:23 لەلای جولەکەکان باو بووە کە بە شمشاڵ لێدان شیوەن بۆ مردوو بگێڕن وەک سەردولکەبێژ.‏