Add parallel Print Page Options

خەڵکی تاوانبار مەکەن

«خەڵکی تاوانبار مەکەن تاکو خودا تاوانبارتان نەکات، چونکە بەو شێوەیەی خەڵک تاوانبار دەکەن خودا تاوانبارتان دەکات، بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.

«بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟ یان، چۆن بە براکەت دەڵێی: ”ڕێم بدە با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم،“ لەکاتێکدا تەختە دارێک لەناو چاوی خۆتدایە؟ ئەی دووڕوو، یەکەم جار تەختە دارەکەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت.

«شتی پیرۆز مەدەن بە سەگ، مرواریشتان فڕێمەدەنە بەردەمی بەراز، نەوەک پێشێلیان بکەن و ڕوو وەربگێڕن و پارچەپارچەتان بکەن.

داوا بکەن، پێتان دەدرێ

«داوا بکەن، پێتان دەدرێت. بگەڕێن، دەدۆزنەوە. لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە، چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت. ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات، لێی دەکرێتەوە.

«ئەگینا کێ لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای نانی لێ بکات، بەردی دەداتێ؟ 10 یان داوای ماسی لێ بکات، ماری دەداتێ؟ 11 جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوکتان لە ئاسمان چەند زیاتر شتی باش دەداتە ئەوانەی داوای لێدەکەن! 12 کەواتە لە هەر شتێکدا ئاوا بۆ خەڵک بکەن کە دەتانەوێ بۆتان بکرێت، چونکە ئەمەیە پوختەی تەورات و پەیامی پێغەمبەران.

دەرگای تەسک

13 «لە دەرگای تەسک بڕۆنە ژوورەوە، چونکە ئەو دەرگایەی بەرەو لەناوچوون دەڕوات پانە و ڕێگاکەی بەرینە و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە. 14 بەڵام تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە.

ناسین بە بەرهەم

15 «ئاگاداری پێغەمبەرانی درۆزن بن کە لە پێستی مەڕدا بۆ لاتان دێن، بەڵام لەناوەوە گورگی دڕندەن. 16 بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. ئایا ترێ لە دڕک دەڕنن یان هەنجیر لە چقڵ؟ 17 بەم شێوەیە هەموو دارێکی باش بەری باش دەدات، داری خراپیش بەری خراپ. 18 داری چاک ناتوانێت بەری خراپ بدات و داری خراپیش ناتوانێت بەری باش بدات. 19 هەر دارێک بەری باش نەدات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگر. 20 کەواتە بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە.

21 «نەک هەرکەسێک پێم بڵێت: ”گەورەم، گەورەم!“ دەچێتە ناو شانشینی ئاسمان، بەڵکو ئەوەی بە خواستی باوکم دەکات کە لە ئاسمانە. 22 لەو ڕۆژەدا، زۆر کەس پێم دەڵێن: ”گەورەم، گەورەم! ئایا بە ناوی تۆوە پەیامی خودامان ڕانەگەیاند، بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسمان دەرنەکرد، بە ناوی تۆوە پەرجووی[a] زۆرمان نەکرد؟“ 23 ئینجا منیش پێیان ڕادەگەیەنم: ”قەت ئێوەم نەناسیوە. لێم دوور بکەونەوە، ئەی سەرپێچیکاران!“

دانا و گێل

24 «لەبەر ئەوە هەرکەسێک گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی بکات، وەک پیاوێکی دانا وایە کە خانووەکەی لەسەر بەرد دروستکردبێت. 25 باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیکرد و لەو خانووەی دا، بەڵام نەڕووخا، چونکە لەسەر بەرد دروستکرابوو. 26 هەرکەسێکیش گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی نەکات، وەک پیاوێکی گێل وایە خانووەکەی لەسەر لم دروستکردبێت. 27 باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیکرد و لەو خانووەی دا و ڕووخا، ڕووخانەکەشی گەورە بوو.»

28 کاتێک عیسا ئەم وتانەی تەواو کرد، خەڵکەکە لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، 29 چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات.

Footnotes

  1. 7‏:22 پەرجوو: موعجیزە.‏