Add parallel Print Page Options

نموونەی کرێکارانی ناو ڕەز

20 «چونکە شانشینی ئاسمان لە گەورەی ماڵێک دەچێت، بەیانی زوو دێتە دەرەوە تاکو بچێت کرێکار بۆ ڕەزەکەی بگرێت. لەگەڵ کرێکارەکان ڕۆژی بە دینارێک ڕێککەوت، ئینجا ئەوانی بۆ ڕەزەکەی نارد.

«نزیکی کاتژمێر نۆ[a] دووبارە چووە دەرەوە، لە مەیداندا هەندێکی دیکەی بینی بێکار ڕاوەستابوون، پێی گوتن: ”ئێوەش بڕۆن لە ڕەزەکەمدا کار بکەن، چەندتان بکەوێ دەتاندەمێ.“ ئەوانیش ڕۆیشتن.

«ئینجا کاتژمێر دوازدە و کاتژمێری سێ ڕۆیشتەوە و هەمان شتی کردەوە. نزیکی کاتژمێر پێنجی ئێوارە دیسان ڕۆیشت، کرێکاری دیکەی بینی ڕاوەستاون، لێی پرسین: ”بۆچی بە درێژایی ڕۆژ لێرە بێکار ڕاوەستاون؟“

«وەڵامیان دایەوە: ”چونکە کەس بە کرێی نەگرتووین.“ ئەویش پێی گوتن: ”ئێوەش بڕۆنە ڕەزەکەم!“

«کاتێک ئێوارە داهات خاوەن ڕەزەکە بە سەرکارەکەی خۆی گوت: ”کرێکارەکان بانگ بکە و کرێیەکانیان بدەرێ، لەوانەی کۆتاییەوە دەستپێبکە تاکو یەکەم.“

«جا ئەوانەی کاتژمێر پێنج[b] هاتن، هەریەکە دینارێکیان وەرگرت. 10 یەکەمینەکانیش هاتن و وایانزانی زیاتر وەردەگرن، بەڵام هەریەکە دینارێکیان وەرگرت. 11 کە وەریاندەگرت بۆڵەبۆڵیان بەسەر خاوەن ماڵ دەکرد و 12 دەیانگوت: ”دواهەمینەکان کاتژمێرێک ئیشیان کرد. تۆش لەگەڵ ئێمە یەکسانت کردن کە گرانی و گەرمای ڕۆژمان کێشاوە.“

13 «وەڵامی یەکێکیانی دایەوە: ”برادەر، من غەدرم لێ نەکردوویت. ئایا لەگەڵ من بە دینارێک ڕێک نەکەوتوویت؟ 14 هی خۆت ببە و بڕۆ. من دەمەوێت بەوەی دواهەمینیش وەک تۆی بدەمێ. 15 ئایا بۆم نییە ئەوەی دەمەوێت بە ماڵی خۆمی بکەم؟ یان چاوت هەڵنایەت چونکە من چاکم؟“

16 «بەم شێوەیە دواهەمین دەبنە یەکەمین و یەکەمینیش دەبنە دواهەمین.»

سێیەم باسی مردنی عیسا

17 کاتێک عیسا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوت، دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و بە ڕێگاوە پێی فەرموون: 18 «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، ئەوانیش بڕیاری مردنی دەدەن و 19 بۆ گاڵتە پێکردن و بە قامچی لێدان و لەخاچدان دەیدەنە دەست نەتەوەکان، لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێنرێتەوە.»

خزمەتکار پایەبەرزترینە

20 ئینجا دایکی کوڕەکانی زەبدی لەگەڵ کوڕەکانی هاتە لای و کڕنۆشی برد و داوای لێکرد شتێکی بۆ بکات.

21 ئەویش پێی فەرموو: «چیت دەوێت؟» گوتی: «بفەرموو با هەردوو کوڕەکەم لە شانشینییەکەتدا یەکێکیان لەلای ڕاستت و ئەوی دیکەیان لەلای چەپت دانیشن.»

22 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئێوە نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە[c] بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.»

23 ئەویش پێی فەرموون: «لە ڕاستیدا لە جامی من دەخۆنەوە، بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، بۆ من نییە بیدەم، بەوانە نەبێت کە باوکم بۆی ئامادە کردوون.»

24 کاتێک دە قوتابییەکە بیستیان، لە دوو براکە تووڕە بوون. 25 بەڵام عیسا بانگی کردن و فەرمووی: «دەزانن سەرۆک نەتەوەکان وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەریاندا جێبەجێ دەکەن. 26 جا لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان و 27 ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەتان، 28 هەروەک کوڕی مرۆڤ کە نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»

چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا

29 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی ئەریحایان بەجێدەهێشت، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت. 30 ئەوە بوو دوو کەسی نابینا لە قەراغ ڕێگاکەدا دانیشتبوون، کاتێک گوێیان لێبوو عیسا وا بەوێدا دەڕوات، هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»

31 جا خەڵکەکە سەرزەنشتیان کردن تاکو بێدەنگ بن، بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»

32 عیسا ڕاوەستا، بانگی کردن و فەرمووی: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟»

33 وەڵامیان دایەوە: «دەمانەوێت چاومان بکەیتەوە، گەورەم.»

34 عیساش دڵی پێیان سووتا و دەستی لە چاویان دا، دەستبەجێ ڕۆشنایی هاتەوە چاویان و دوای کەوتن.

Footnotes

  1. 20‏:3 دەکاتە کاتژمێری سێیەم بە کاتی عیبری. دەستپێکردنی ڕۆژ و کاتژمێر لە کاتی عیبری کاتژمێر شەش بووە بە کاتی ئێستا.‏
  2. 20‏:9 یۆنانی: کاتژمێری یازدەیەم.‏
  3. 20‏:22 مەبەستی لەو ئازارەیە کە بەگوێرەی پلانی خودا لەسەر خاچ دەیچێژێت.‏