Add parallel Print Page Options

نزای عەزرا لەبارەی ژنهێنان و شووکردن

پاش تەواوبوونی ئەمە، ڕابەرەکان هاتن بۆ لام و گوتیان: «گەلی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکان خۆیان جیا نەکردووەتەوە لە گەلانی دراوسێ و نەریتە قێزەونەکانیان، لە کەنعانی، حیتی، پریزی، یەبوسی، عەمۆنی، مۆئابی، میسری و ئەمورییەکان، چونکە لە کچەکانی ئەوانیان بۆ خۆیان و کوڕەکانیان هێناوە و نەژادی پیرۆز تێکەڵ بە گەلانی خاکەکان بووە. دەستی ڕابەر و کاربەدەستەکانیش لەم ناپاکییە یەکەم بووە.»

کە گوێم لەم شتە بوو، کراسەکەم و کەواکەم دادڕی و مووی سەر و ڕیشی خۆمم ڕنییەوە و بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم. جا هەموو ئەوانەی لە ترسی وشەکانی خودای ئیسرائیل لەرزین لێم کۆبوونەوە، لەبەر ناپاکی ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە. منیش هەتا کاتی قوربانی ئێوارە بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم.

لە کاتی قوربانی ئێوارەدا لە زەلیلکردنی خۆم هەستام و بە کراس و کەوا دڕاوەکەمەوە کەوتمە سەر چۆک و دەستم بۆ یەزدانی پەروەردگارم پانکردەوە و گوتم:

«خودایە، من شەرمەزار و سەرشۆڕم لەوەی ڕووم ڕووەو تۆ هەڵبڕم، چونکە تاوانەکانمان لەسەر سەرمان بەرزبوونەوە و خراپەکانمان بۆ ئاسمان بەرزبوونەتەوە. لە سەردەمی باوباپیرانمانەوە هەتا ئەمڕۆ ئێمە لە خراپەیەکی گەورەداین، لەبەر تاوانەکانمان ئێمە و پاشا و کاهینەکانمان دراینە دەست پاشایانی خاکەکان و کەوتنە بەر شمشێر و دیلیێتی و تاڵان و سەرشۆڕی، وەک ئەمڕۆ.

«بەڵام ئێستا بۆ ساتێک میهرەبانی لەلایەن یەزدانی پەروەردگارمانەوە بوو، هەتا دەربازبوونمان بۆ بهێڵێتەوە و سنگێکمان لە پیرۆزگای خۆی بداتێ، تاکو خودامان چاومان ڕووناک بکاتەوە و کەمێک ژیانمان بداتێ لە کۆیلایەتییەکەمان. هەر چەندە ئێمە کۆیلەین، بەڵام خودامان لە کۆیلایەتییمان بەجێی نەهێشتین، بەڵکو لەبەردەم پاشاکانی فارس بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشین، بۆ ئەوەی ژیانمان پێبدات، بۆ ئەوەی ماڵی خوداکەمان بنیاد بنێینەوە و کەلاوەکانی نۆژەن بکەینەوە، تاوەکو لە یەهودا و ئۆرشەلیم دیوارێکمان بداتێ.

10 «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، پاش ئەوە ئێمە چی بڵێن؟ چونکە وازمان لە فەرمانەکانت هێنا، 11 ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانت فەرمانت پێدا و فەرمووت: ”ئەو خاکەی دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، خاکێکی گڵاوە بە گڵاوی گەلانی خاکەکان، کە بەهۆی نەریتە قێزەونەکانیان لە سەرەتای خاکەکەوە هەتا کۆتایی پڕیان کردووە لە گڵاوی. 12 ئێستاش کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیشیان بۆ کوڕەکانتان مەهێنن. هەتاهەتایە داوای خێر و خۆشییان بۆ مەکەن، تاوەکو ئێوە بەهێز بن و خێری خاکەکە بخۆن و بۆ هەتاهەتایە بە میرات بۆ کوڕەکانتانی بەجێبهێڵن.“

13 «هەموو ئەوە بەهۆی کارە خراپەکانمان و بەدکارییە گەورەکانمان بەسەرمان هات. ئەی خودای ئێمە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆ لە تاوانەکانمان کەمتر سزات داین و دەربازبوونێکی بەم شێوەیەت بە ئێمە بەخشی. 14 ئایا بگەڕێینەوە و سەرپێچی فەرمانەکانت بکەین و خزمایەتی لەگەڵ ئەو گەلانە بکەین کە ئەم جۆرە نەریتە قێزەونە دەکەن؟ ئایا لێمان تووڕە نابیت و لەناومان نابەیت هەتا ئەوەی هیچ پاشماوە و دەربازبووێکمان نەبێت؟ 15 ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، تۆ ڕاستودروستیت، چونکە هەتا ئەمڕۆ بە دەربازبوویی ماوینەتەوە. ئەوەتا ئێمە بە تاوانەکانمانەوە لەبەردەمتداین، چونکە لەبەر ئەمە بۆ ئێمە نییە لەبەردەمت ڕابوەستین.»