Add parallel Print Page Options

پاشگەزبوونەوە لە باوەڕ

بۆیە کە وازمان لە فێرکردنی سەرەتایی لەبارەی مەسیح هێنا، با بەرەو پێگەیشتن بڕۆین، دیسان بناغەڕێژی ناکەین بۆ تۆبەکردن لەو کارانەی کە دەبنە هۆی مردن و باوەڕهێنان بە خودا، فێرکردن دەربارەی لەئاوهەڵکێشان و دەست لەسەر دانان و هەستانەوەی مردووان و لێپرسینەوەی هەتاهەتایی. ئەگەر خودا ڕێگا بدات، ئەمەش دەکەین.

ناکرێ ئەوانەی جارێک ڕووناک کراونەتەوە و تامی بەهرەی ئاسمانییان کردووە و بەشدار بوونە لە ڕۆحی پیرۆز، هەروەها تامی باشی وشەی خودا و هێزەکانی جیهانی داهاتوویان کردووە، ئەگەر هەڵگەڕانەوە[a]، بۆ تۆبەکردن نوێ بکرێنەوە، چونکە بۆ خۆیان کوڕی خودا لە خاچ دەدەنەوە و ڕیسوای دەکەن.

لەبەر ئەوەی زەوی لەو بارانەی خواردەوە کە چەندین جار دێتە سەری، ڕووەکێک دەدات کە گونجاوە بۆ ئەوانەی بۆیان کێڵدراوە، لە خوداشەوە فەڕی دەبێت. بەڵام ئەگەر دڕک و داڵی[b] بەرهەم هێنا، ئەوا پووچ و نزیکە نەفرەتە، کۆتاییەکەی سووتانە.

خۆشەویستان، هەرچەندە ئاوا قسە دەکەین، دڵنیا بووین لەبارەی ئێوەوە ڕەوشێکی باشتر هەیە کە تایبەتە بە ڕزگاری. 10 خودا زۆردار نییە کاری ئێوە لەبیر بکات، هەروەها ئەو خۆشەویستییەتان لەبیر ناکات کە بۆ خودا لە خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خۆی دەرتانبڕی و هەتا ئێستا بەردەوامن. 11 ئێمەش خوازیارین هەر یەکێکتان هەمان دڵگەرمی دەربخات بۆ دڵنیایی تەواوی هیوا تاکو کۆتایی، 12 تاکو تەمبەڵ نەبن، بەڵکو لاسایی ئەوانە بکەنەوە کە بە باوەڕ و ئارامگرتن میراتگری بەڵێنەکانن.

خودا بەڵێنی خۆی دەباتەسەر

13 کاتێک خودا بەڵێنی بە ئیبراهیم دا، سوێندی بەخۆی خوارد، چونکە کەسی پایەبەرزتری نەبوو سوێندی پێ بخوات، 14 فەرمووی: [بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت چەندبارە دەکەم.][c] 15 بەم شێوەیە ئیبراهیم ئارامی گرت هەتا بەڵێنەکەی بەدەستهێنا.

16 خەڵک سوێند بە گەورەتر دەخۆن، کۆتایی هەموو دەمەقاڵەیەک بۆ چەسپاندن سوێندە. 17 خودا سوێندی خوارد چونکە ویستی خواستی نەگۆڕی خۆی بە میراتگری بەڵێن پیشان بدات. 18 خودا ئەمەی کرد تاکو لە ڕێگەی دوو شتی نەگۆڕەوە[d] کە مەحاڵە خودا تێیاندا درۆ بکات، ئێمە کە پەنامان بۆ ئەو بردووە، بە دڵنەوایی زۆرەوە دەستبگرین بەو هیوایەی کە لەپێشمانی داناوە. 19 ئەم هیوایەمان هەیە کە وەک لەنگەرە بۆ دەروونمان، چەسپاو و ڕاگرە. دەچێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکە، 20 لەوێدا عیسا پێشتر و لەبری ئێمە چووە ناوی، هەتاهەتایە بووە سەرۆک کاهین، لە پلەی مەلکیسادق.

Footnotes

  1. 6‏:6 یۆنانی: کەوتن.‏
  2. 6‏:8 بڕوانە پەیدابوون 3‏:18‏‏.‏
  3. 6‏:14 پەیدابوون 22‏:17‏‏.‏
  4. 6‏:18 بەڵێن و سوێند.‏