Add parallel Print Page Options

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داود.

58 ئەی فەرمانڕەوایان، ئایا لە ڕاستیدا بە ڕاستودروستی بڕیار دەدەن؟
    ئایا دادپەروەرانە حوکمی ئادەمیزاد دەکەن؟
بەڵکو ئێوە لە دڵەوە کار بە خراپە دەکەن،
    هەروەها دەستتان توندوتیژی لەسەر زەوی ئەنجام دەدات.

بەدکاران لە کاتی لەدایکبوونەوە گومڕان،
    لە سکی دایکیانەوە درۆ دەکەن.
ژەهریان وەک ژەهری مارە،
    وەک ماری کۆبرا کە کەڕە و گوێی خۆی داخستووە،
کە ئاوازی ئەفسونگەران نابیستێت،
    هەرچەندە بە شارەزاییش ئەفسون بکەن.

ئەی خودایە، ددانیان لە دەمیان بشکێنە،
    ئەی یەزدان، کەڵبەی شێران وردوخاش بکە!
با بتوێنەوە و وەک ئاو بڕۆن،
    با تیرەکانیان بشکێت کاتێک کەوان ڕادەکێشن.
وەک لولپێچ کە دەتوێتەوە کاتێک دەڕوات،
    وەک منداڵی لەبارچوو، با خۆر نەبینن.

پێش ئەوەی مەنجەڵەکانتان هەست بە ئاگری دڕکەکان بکەن،
    چ تەڕ بن چ وشک بن، خراپەکانیان ڕادەماڵرێت.
10 کەسی ڕاستودروست کە تۆڵە دەبینێت شاد دەبێت،
    پێی خۆی بە خوێنی خراپەکار دەشوا.
11 ئینجا خەڵکی دەڵێن:
    «بێگومان کەسی ڕاستودروست پاداشتی هەیە،
    بێگومان خودایەک هەیە کە دادگایی زەوی دەکات.»