Add parallel Print Page Options

زەبوورێکی داود.

26 ئەی یەزدان، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
    چونکە بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
پشتم بە یەزدان بەستووە،
    بەبێ دوودڵی.
ئەی یەزدان، تاقیم بکەوە، بمخە ناو لێکۆڵینەوە،
    مێشک و دڵم بپشکنە.
چونکە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆم لەبەرچاوە،
    بە ڕاستی تۆ ڕەفتار دەکەم.

لەگەڵ فێڵبازان دانانیشم،
    تێکەڵی دووڕووان نابم.
ڕقم لە کۆمەڵی بەدکاران دەبێتەوە و
    لەگەڵ خراپەکار دانانیشم.
دەستەکانم دەشۆم تاکو بێتاوانیم دەربخەم،
    ئەی یەزدان، بە دەوری قوربانگاکەتدا دەسووڕێمەوە و
بە دەنگی بەرز ستایشت دەکەم و
    هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.

ئەی یەزدان، ئەو ماڵەم خۆشدەوێت کە تۆ تێیدا دەژیت،
    ئەو شوێنەی کە شکۆی تۆی تێدا نیشتەجێیە.
گیانم لەگەڵ گوناهباران کۆمەکەوە،
    ژیانم لەگەڵ خوێنڕێژان،
10 ئەوانەی کە دەستیان بە خراپە پیس بووە،
    ئەوانەی دەستی ڕاستەیان پڕ لە بەرتیلە.
11 بەڵام من بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
    بمکڕەوە و لەگەڵم میهرەبان بە.

12 پێم لەسەر زەوییەکی تەختە،
    لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی یەزدان دەکەم.