Add parallel Print Page Options

زەبوورێکی داود.

24 زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە،
    جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین،
چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و
    لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە.

کێ سەردەکەوێتە سەر کێوی یەزدان؟
    کێ لە جێگای پیرۆزی ئەو دەوەستێت؟
ئەوەی دەست پاک و دڵی بێگەرد بێت،
    ئەوەی مەیلی شتی پووچ نەکات و
    بە درۆ سوێند نەخوات.

لە یەزدانەوە بەرەکەت بەدەستدەهێنێت،
    لە خودای ڕزگارکەری بێتاوانکردن.
ئەمەیە ئەو نەوەیەی دوای یەزدان دەکەوێت،
    ئەوەی ڕوویان لە تۆ دەکەن، ئەی خودای یاقوب.[a]

ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن!
    ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە،
    هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
    یەزدانی بەهێز و دەسەڵاتدارە،
    یەزدانی پاڵەوان لە جەنگ.
ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن!
    ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە!
    هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
10 ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
    یەزدانی سوپاسالار پاشای شکۆمەندییە.

Footnotes

  1. 24‏:6 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 10، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏