Add parallel Print Page Options

148 هەلیلویا!

ستایشی یەزدان بکەن، لە ئاسمان،
    لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن،
    ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.
ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن،
    ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن،
    ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.

با ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن،
    فەرزی داناوە بەسەرناچێت.

لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن،
    ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
ئاگر و تەرزە، بەفر و تەم،
    ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
چیاکان و هەموو گردەکان،
    داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
10 گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ،
    خشۆک و باڵدار،
11 پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان،
    میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
12 گەنجان و کچان،
    پیران و منداڵان.

13 با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە،
    شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
14 پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە،
    تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن،
    نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن.

هەلیلویا.