Add parallel Print Page Options

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[a].

زەبوورێکی داود.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
    ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!

تۆ شکۆمەندی خۆتت خستووەتە سەرووی ئاسمان.
بە ستایشی منداڵان و شیرەخۆران
    هێزت بۆ خۆت دامەزراندووە لە دژی ناحەزەکانت،
    هەتا دوژمنە تۆڵەسێنەرەکانی پێ دەمکوت بکەیتەوە.
کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم،
    کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە،
    مانگ و ئەستێرەکان، کە تۆ لەوێ داتناون،
مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
    کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟

کەمێک لە فریشتەکانت[b] بە کەمتر دانا و
    تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری.
دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا،
    تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو:
هەموو مەڕ و مانگاکان،
    هەروەها ئاژەڵی کێوی،
باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و
    هەرچی لەناو دەریادا دەژی.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
    ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!

Footnotes

  1. 8‏:0 دەستەواژەیەکی بواری مۆسیقایە.‏
  2. 8‏:5 عیبری: خوداکان، بە واتای بوونەوەرە ئاسمانییەکان.‏