Add parallel Print Page Options

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «وێران مەکە»، زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.

75 ئەی خودایە، ستایشت دەکەین،
    ستایشت دەکەین، چونکە ناوت نزیکە،
    خەڵکی باسی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکەن.

تۆ دەفەرمووی: «کات دیار دەکەم،
    بە ڕاستی دادوەری دەکەم.
کە زەوی و هەموو دانیشتووانەکەی دەلەرزن،
    منم کۆڵەکەکانی دەچەسپێنم.[a]
بە لووتبەرزان دەڵێم: ”لووتبەرز مەبن،“
    بە خراپەکاران: ”هێزتان دەرمەخەن.
هێزتان بەرەو ئاسمان دەرمەخەن،
    بە کەللەڕەقی مەدوێن.“»

چونکە نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕۆژئاوا،
    نە لە بیابان کەس ناتوانێ مرۆڤ بەرز بکاتەوە،
بەڵکو خودایە دادپەروەری دەکات،
    ئەم نزم دەکات و ئەو بەرز دەکاتەوە.
چونکە جام بەدەستی یەزدانەوەیە،
    پڕە لە مەی ترشاو و تێکەڵ بە داوودەرمان،
لەمە تێدەکات، هەموو بەدکارانی سەر زەوی
    لێی بخۆنەوە و تاوەکو خڵتەکەی بەتاڵی بکەن.

بەڵام من هەتاهەتایە ئەمە ڕادەگەیەنم،
    گۆرانی بۆ خودای یاقوب دەڵێم، کە دەفەرموێت:
10 «هێزی هەموو بەدکارەکان دەڕووخێنم،
    هێزی ڕاستودروستانیش زیاد دەکەم.»

Footnotes

  1. 75‏:3 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏