Add parallel Print Page Options

یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕوانە، تۆم وەک خودای فیرعەون لێکردووە و هارونی براشت وەک پێغەمبەری تۆ دەبێت. تۆ دەدوێیت بە هەموو ئەوەی فەرمانت پێ دەکەم، هارونی براشت لەگەڵ فیرعەون دەدوێت بۆ ئەوەی ڕێگا بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن. بەڵام من دڵی فیرعەون ڕەق دەکەم و نیشانە و پەرجووەکانم زیاتر دەکەم لە خاکی میسر. فیرعەون گوێتان لێ ناگرێت، منیش دەستم دەخەمە سەر میسر، لەشکرەکانیشم کە نەوەی ئیسرائیلی گەلەکەمن بە چەند حوکمێکی دادپەروەرانەی مەزن لە خاکی میسر دەردەهێنم. ئیتر میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک دەست بۆ میسر درێژ دەکەم و نەوەی ئیسرائیل لەنێویان دەردەهێنم.»

موسا و هارونیش هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، ئاوایان کرد. موسا تەمەنی هەشتا ساڵ بوو، هارونیش هەشتا و سێ ساڵ بوو، کاتێک لەگەڵ فیرعەون قسەیان کرد.

گۆچانەکەی هارون دەبێتە مار

یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «کاتێک فیرعەون لەگەڵتان دەدوێت و دەڵێت: ”پەرجوو بکەن،“ تۆ بە هارون دەڵێیت: ”گۆچانەکەت لە دەستت بگرە و فڕێیبدە پێش فیرعەون،“ ئیتر دەبێتە مارێکی شاخدار.»

10 ئیتر موسا و هارون هاتنە لای فیرعەون، چۆن یەزدان فەرمانی پێ کردبوون ئاوایان کرد، هارون گۆچانەکەی فڕێدایە بەردەم فیرعەون و خزمەتکاران، بووە مارێکی شاخدار. 11 فیرعەونیش بانگی دانایان و سیحربازانی کرد، ئیتر جادووگەرانی میسریش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد. 12 هەریەکە گۆچانی خۆی فڕێدا و گۆچانەکانیان بوونە ماری شاخدار، بەڵام گۆچانەکەی هارون گۆچانەکانی ئەوانی هەڵلووشی. 13 ئیتر فیرعەون دڵی ڕەق بوو و گوێی لێ نەگرتن، هەروەک یەزدان فەرمووی.

کارەساتی یەکەم: خوێن

14 دواتر یەزدان بە موسای فەرموو: «دڵی فیرعەون ڕەقە، ڕازی نییە ڕێ بە گەلەکە بدات. 15 بەیانی بڕۆ لای فیرعەون، ئەو دەچێتە لای ئاوەکە، لە کەناری نیل بۆی ڕاوەستە و ئەو گۆچانەش کە بووە ماری شاخدار لە دەستت بگرە. 16 پێی دەڵێیت: ”یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان منی بۆ لای تۆ نارد و فەرمووی، ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن و لە چۆڵەوانی بمپەرستن، بەڵام هەتا ئێستا گوێ ناگریت. 17 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: بەمە دەزانیت کە من یەزدانم، ئەوەتا من بەو گۆچانەی بە دەستمەوەیە لە ئاوی نیل دەدەم و دەیگۆڕێت بۆ خوێن. 18 ئەو ماسیانەش کە لەناو نیلن دەمرن و نیل بۆگەن دەبێت، میسرییەکان قێزیان دەبێتەوە لە ئاوی نیل بخۆنەوە.“»

19 یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ: ”گۆچانەکەت لە دەست بگرە و دەستت بۆ سەر ئاوی میسرییەکان درێژ بکە، بۆ سەر جۆگە و نۆکەند و گۆماو و هەموو حەوزەکانیان“ بۆ ئەوەی ببنە خوێن. ئیتر خوێن لە هەموو خاکی میسر دەبێت، تەنانەت لە سەتڵی دارین و لە گۆزەی بەردین.»

20 موسا و هارونیش ئاوایان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردن. گۆچانەکەی بەرزکردەوە و ئاوی نیلی گۆڕی، لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی. هەموو ئاوی نیل گۆڕا و بوو بە خوێن. 21 ماسییەکانی ناو نیلیش مردن و نیل بۆگەن بوو، میسرییەکانیش نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە، خوێنیش هەموو خاکی میسری گرتەوە.

22 جادووگەرە میسرییەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد، دڵی فیرعەونیش ڕەق بوو و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان فەرمووی. 23 ئینجا فیرعەون ڕووی وەرگێڕا و چووەوە ماڵەکەی خۆی و ئەمەی لە دڵ نەگرت. 24 هەموو میسرییەکانیش دەوروبەری نیلیان هەڵدڕی بۆ ئاو هەتا بیخۆنەوە، چونکە نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە.

کارەساتی دووەم: بۆق

25 حەوت ڕۆژ تەواو بوو دوای ئەوەی یەزدان ئاوی نیلی گۆڕی.