Add parallel Print Page Options

خزمەتکاری پەیمانی نوێ

ئایا دیسان دەست بەوە بکەینەوە بە خۆماندا هەڵبدەین؟ ئایا وەک هەندێک کەس، پێویستیمان بە ڕاسپاردەنامەیە بۆ ئێوە یان لە ئێوەوە؟ ئێوە نامەی ئێمەن، کە لە دڵماندا نووسراوە، کە هەموو خەڵک دەیخوێننەوە و دەیزانن. ئێوە دەرکەوتن نامەی مەسیحن، کە ئێمە خزمەتمان کردووە، بە مەرەکەب نەنووسراوە بەڵکو بە ڕۆحی خودای زیندوو، نەک لەسەر تەختەی بەردین، بەڵکو لەسەر تەختە دڵی مرۆڤ.

بەهۆی مەسیح متمانەی ئاوامان بە خودا هەیە. ئێمە خۆمان لێهاتوو نین کە بیر لە شتێک بکەینەوە و پێمان وابێت لە خۆمانەوەیە، بەڵکو لێهاتووییمان لە خوداوەیە. ئەوەی لێهاتووی کردین تاکو ببینە خزمەتکاری پەیمانی نوێ، ئەوەی پیت نییە بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە، چونکە پیت[a] دەکوژێت، بەڵام ڕۆحەکە ژیان دەدات.

ئەگەر بێتو ئەو خزمەتەی کە بووە هۆی مردن و بە پیت لەسەر بەرد هەڵکەنراو بوو بە شکۆوە هاتبێت، تەنانەت نەوەی ئیسرائیل نەیانتوانی تەماشای ڕووی موسا بکەن، لەبەر شکۆی ڕووی کە فەوتاوە، ئیتر چەند زیاتر خزمەتی ڕۆحی پیرۆز شکۆدارتر دەبێت؟ چونکە ئەگەر خزمەتی تاوانبارکردن شکۆمەندی بێت، ئاخۆ دەبێ خزمەتی بێتاوانکردن چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا بێت؟ 10 شکۆدارکراویش لە بەراورد بە شکۆی لە ڕادەبەدەر شکۆی نەماوە، 11 چونکە ئەگەر فەوتاو لە شکۆمەندیدا بێت، ئەی ئەوەی هەمیشەییە چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا دەبێت!

12 لەبەر ئەوەی هیوایەکی ئاوامان هەیە، زۆر ئازایانە دەجوڵێینەوە، 13 نەک وەکو موسا کە پێچەی لەسەر ڕووی دادەنا تاکو نەوەی ئیسرائیل تەماشای کۆتایی شکۆی فەوتاو[b] نەکەن. 14 بەڵکو مێشکیان تاریک بووە، چونکە تاکو ئەمڕۆش، کاتێک پەیمانی کۆن دەخوێنرێتەوە هەمان پێچە ماوە و لانەدراوە، چونکە تەنها بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا دەتوانرێت لاببردرێت. 15 بەڵام تاکو ئەمڕۆ کاتێک تەوراتی موسا دەخوێنرێتەوە پێچە لەسەر دڵیان دانراوە. 16 بەڵام ئەگەر یەکێک بۆ یەزدان گەڕایەوە، ئەوا پێچەکە لادەچێت، 17 چونکە یەزدان ڕۆحەکەیە، هەروەها ڕۆحی یەزدان لەکوێ بێت، ئازادی لەوێیە. 18 هەموومان بە ڕووێکی ئاشکرا وەک ئاوێنە وێنەدانەوەی شکۆی خودا دەدەینەوە، لە شکۆیەک بۆ شکۆیەک بۆ هەمان وێنە دەگۆڕدرێین، ئەوەش لە یەزدانەوەیە کە ڕۆحەکەیە.

Footnotes

  1. 3‏:6 مەبەستی لە شەریعەتە.‏
  2. 3‏:13 مەبەستی موسا ئەوە بوو کە گەل نەبینن کە شکۆی خودا هەنگاوبەهەنگاو لەسەر ڕوخساری لادەچێت. بڕوانە دەرچوون 34‏:33‏-35.‏‏