Add parallel Print Page Options

دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە؟

28 زیو کانی هەیە و
    بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی.
ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت،
    مسیش لە توانەوەی بەرد.
مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛
    لەناو تاریکی سێبەری مەرگ
    بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن.
کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی،
    لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛
    شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا.
زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت،
    لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛
بەردەکانی یاقووتی شینی[a] تێدایە و
    لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە.
ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و
    چاوی هەڵۆ نایبینێت.
ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون،
    شێر پێیدا تێنەپەڕیوە.
مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد،
    بنکەی چیاکان دەردەخات.
10 لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛
    چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت.
11 ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و
    ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی.

12 بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
    تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
13 مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و
    لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە.
14 قووڵایی ژێر زەوی[b] دەڵێت: «لەناو مندا نییە،»
    دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.»
15 دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و
    نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت.
16 نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و
    نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت.
17 نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی،
    نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە.
18 لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و
    نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە.
19 یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و
    بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت.

20 ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
    تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
21 لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و
    لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە.
22 لەناوچوون و مردن دەڵێن:
    «بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.»
23 خودا ڕێگاکەی تێدەگات و
    ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت.
24 چونکە ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و
    هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت.
25 کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و
    ئاوەکانی بە پێوانە پێوا،
26 کاتێک بۆ باران یاسای دانا و
    بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا،
27 ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد،
    ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کرد.
28 بە مرۆڤی فەرموو:
    «بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و
    لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»

Footnotes

  1. 28‏:6 یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.‏
  2. 28‏:14 بەپێی بیروباوەڕی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کۆن (قووڵایی ژێر زەوی) هەبوو کە سەرچاوەی کانیاو و ڕووبارەکان بوو. بڕوانە پەیدابوون 7‏:11‏‏.‏