Add parallel Print Page Options

بەڵام ئەوانەی لەژێر گوشار بوون لە تاریکی تەنگانەدا نامێنن، وەک سەردەمی پێشوو خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی زەلیل کردەوە، سەردەمی کۆتایی ڕێز لە جەلیلی نەتەوەکان دەگرێت، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون، جەلیلی نەتەوەکان.

ئەو گەلەی بە تاریکیدا دەڕۆیشت،
    ڕووناکییەکی گەورەی بینی،
دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ
    ڕووناکی بەسەریاندا هەڵات.
ئەو نەتەوەیەت زۆر کرد و
    خۆشییەکی گەورەت پێی بەخشی،
لەبەردەمت دڵخۆش بوو
    وەک خۆشی کاتی دروێنە،
وەک ئەوانەی شاد دەبن
    بە دابەشکردنی دەستکەوت.
چونکە نیری بارگرانی ئەو و
    داری پشتی ئەو و
کوتەکی بێگاری پێکردنی ئەوت
    وەک ڕۆژی میدیان شکاند.
چونکە هەموو پۆستاڵی جەنگاوەران لە گەرمەی شەڕدا و
    بەرگی لەناو خوێن گەوزاو
بۆ سووتان دەبێت،
    سووتەمەنییە بۆ ئاگر،
چونکە کوڕێکمان دەبێت،
    کوڕێکمان پێدەدرێت و
    سەرکردایەتی دەکەوێتە سەرشانی.
ناوی لێ دەنرێت
    سەرسوڕهێنەر و ڕاوێژکار، خودای بە توانا،
    باوکی هەتاهەتایی، میری ئاشتی.
گەشەسەندنی سەرۆکایەتی و ئاشتییەکەی
    بێ کۆتایی دەبێت.
لەسەر تەختی داود و بەسەر شانشینەکەی
    پاشایەتی دەکات
بۆ چەسپاندنی و بەهێزکردنی،
    بە دادپەروەری و بە ڕاستودروستی
    لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات.

تووڕەیی یەزدان لە دژی ئیسرائیل

پەروەردگار وشەیەکی لە دژی یاقوب نارد و
    بەسەر ئیسرائیلدا کەوت.
گەل هەموو دەزانن،
    ئەفرایم و دانیشتووانی سامیرە،
بە لووتبەرزی و
    فیزی دڵەوە دەڵێن:
10 «خشت ڕووخا،
    بەڵام بە بەردی تاشراو بنیاد دەنێینەوە،
هەنجیرە کێوی بڕایەوە،
    بەڵام داری ئورز لە شوێنی دادەنێین.»
11 یەزدان دوژمنانی ڕەچینی پاشای لێ هەڵدەستێنێت،
    ناحەزانی جۆش دەدات.
12 ئارامییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە و فەلەستییەکان لە ڕۆژئاواوە
    پڕ بە دەم ئیسرائیل هەڵدەلووشن.

لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
    هێشتا دەستی درێژکردووە.

13 گەل هێشتا نەگەڕایەوە لای لێدەرەکەی،
    ڕوویان لە یەزدانی سوپاسالار نەکرد.
14 یەزدان لە ئیسرائیل سەر و کلک دەبڕێت،
    دار خورما و قامیش لە یەک ڕۆژدا،
15 پیر و پیاوماقوڵ سەرە،
    پێغەمبەر کە بە درۆ فێر دەکات کلکە.
16 ڕابەرانی ئەم گەلە بوون بە چەواشەکار،
    ئەوانەی ڕابەرایەتی دەکرێن سەریان لێ شێواوە.
17 لەبەر ئەوە پەروەردگار دڵخۆش نابێت بە گەنجەکانیان،
    بەزەیی نایەتەوە بە هەتیو و بێوەژنەکانیان،
چونکە هەموو خوانەناس و خراپەکارن،
    هەموو دەمەکان بە گێلی دەدوێن.

لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
    هێشتا دەستی درێژکردووە.

18 بێگومان بەدکاری وەک ئاگر دەسووتێت،
    دڕکوداڵ دەخوات،
گڕ لە دەوەنی دارستان بەردەدات،
    ستوونی دووکەڵ لوول دەخوات.
19 بە جۆشی تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار
    خاکەکە دەسووتێت،
گەلیش دەبێت بە سووتەمەنی ئاگر،
    پیاو دڵی بە برای خۆی ناسووتێ.
20 لای ڕاست لێ دەکاتەوە و
    هەر برسییە،
لای چەپ دەخوات و
    تێر نابێت.
پیاو گۆشتی قۆڵی خۆی دەخوات:
21 مەنەشە ئەفرایم دەخوات و ئەفرایمیش مەنەشە،
    هەردووکیان پێکەوە لە دژی یەهودا هەڵدەگەڕێنەوە.

لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
    هێشتا دەستی درێژکردووە.