Add parallel Print Page Options

کێوی یەزدان

ئەو شتەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی سەبارەت بە یەهودا و ئۆرشەلیم:

لە ڕۆژانی کۆتاییدا،

کێوی پەرستگای یەزدان
    لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت،
بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و
    هەموو نەتەوەکان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.

زۆرێک لە گەلان بەڕێ دەکەون و دەڵێن:

«وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین،
    بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب.
فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات،
    بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.»
فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت،
    پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.
لەنێو نەتەوەکان دادوەری دەکات،
    ناوبژی بۆ چەندین گەل دەکات.
شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن،
    ڕمەکانیشیان دەکەنە داس.
هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت،
    چیتر فێری جەنگ نابن.

ئەی بنەماڵەی یاقوب وەرن،
    با لەژێر ڕووناکی یەزداندا بڕۆین.

ڕۆژی یەزدان

چونکە وازت لە گەلەکەی خۆت هێنا،
    لە بنەماڵەی یاقوب،
پڕ بوون لە بیروبۆچوونەکانی ڕۆژهەڵات و
    وەک فەلەستییەکان بەخت دەخوێننەوە،
    پابەند بوون بە نەریتی بتپەرستەکان.
خاکیان پڕبوو لە زێڕ و زیو،
    گەنجینەکانی سنووریان نییە.
خاکیان پڕبوو لە ئەسپ و
    گالیسکەکانی سنووریان نییە.
خاکیان پڕبوو لە بت،
    کڕنۆشیان بۆ دەستکردی خۆیان برد،
    کە بە پەنجەکانی خۆیان دروستیان کرد.
جا مرۆڤ دەچەمێتەوە و
    ئادەمیزاد نزم دەبێتەوە،
    لێیان خۆش مەبە.

10 لە ڕووی سامی یەزدان و
    شکۆی مەزنییەکەی،
بڕۆ ناو کەلەبەرد و
    لەناو خۆڵ خۆت بشارەوە!
11 چاوە بەفیزەکانی مرۆڤ نزم دەکات و
    لووتبەرزی ئادەمیزاد دەچەمێنێتەوە،
لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت.

12 چونکە یەزدانی سوپاسالار ڕۆژێکی هەیە
    لە دژی هەموو خۆبەزلزان و لووتبەرزێک،
    لە دژی هەموو خۆهەڵکێشێک کە
    نزم دەبنەوە،
13 لە دژی هەموو دار ئورزە بەرز و بڵندەکانی لوبنان،
    لە دژی هەموو دار بەڕووەکانی باشان،
14 لە دژی هەموو چیا بەرزەکان و
    لە دژی هەموو کێوە بڵندەکان،
15 لە دژی هەموو قوللەیەکی بەرز،
    لە دژی هەموو شوورایەکی سەخت،
16 لە دژی هەموو کەشتییەکانی تەرشیش،
    لە دژی هەموو دەستکردێکی دڵگیر.
17 جا فیزی مرۆڤ دەچەمێتەوە و
    لووتبەرزی ئادەمیزاد نزم دەبێت،
لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت و
18     هەموو بتەکان لەناودەچن.

19 کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت،
    مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی
دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکان و
    ناو چاڵەکانی خۆڵ.
20 لەو ڕۆژەدا مرۆڤ
    ئەو بتە زیو و زێڕانەی
کە بۆ پەرستن دروستی کردوون،
    بۆ مشکەکوێرە و بۆ شەمشەمەکوێرە فڕێدەدات.
21 کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت،
    مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی
دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکانەوە و
    بۆ کەلەبەرەکانی ناو تاوێرەکان.

22 دەست لە مرۆڤ بکێشنەوە!
    ئەوەی تەنها هەناسەیەکی لە لووتدایە،
چونکە حیسابی چی بۆ دەکرێت؟