Add parallel Print Page Options

پێشەکی

ئاشکراکردنی عیسای مەسیح کە خودا پێیداوە، تاکو ئەو شتانەی دەبێت زوو ڕووبدەن بە بەندەکانی پیشان بدات و دەریخست کە بە فریشتەکەی خۆی بۆ یۆحەنای بەندەی خۆی نارد، ئەوەی شایەتی دا بۆ وشەی خودا و بۆ شایەتی عیسای مەسیح، هەرچییەکی بینی. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی وتەکانی ئەم پێشبینییە دەخوێنێتەوە، هەروەها خۆزگە بەو کەسانەش دەخوازرێت کە دەیبیستن و ئەوەی تێیدا نووسراوە پەیڕەوی دەکەن، چونکە کاتەکە نزیکە.

سڵاو بۆ کڵێساکان

لە یۆحەناوە،

بۆ حەوت کڵێساکەی هەرێمی ئاسیا:

با نیعمەت[a] و ئاشتی بۆ ئێوە، لەوەی هەیە و هەبووە و دێت و لەو حەوت ڕۆحەی لەبەردەم تەختەکەیدان، هەروەها لە عیسای مەسیحیشەوە کە شایەتیدەری دڵسۆزە، نۆبەرەی هەستانەوەی نێو مردووانە، سەرۆکی پاشاکانی سەر زەوییە.

ئەو کە ئێمەی خۆشدەوێت و بە خوێنی خۆی لە گوناهەکانمان ئازادی کردین و ئێمەی کردە شانشین و کاهین بۆ خودای باوکی، هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە! ئامین.

ئەوەتا لەگەڵ هەوردا[b] دێت و
    هەموو چاوێک دەیبینێت،
ئەوانەش کە ڕمیان لێیداوە،
    هەموو خێڵەکانی زەویش شیوەنی بۆ دەگێڕن.
            بێگومان بەم جۆرە دەبێت، ئامین.

یەزدانی پەروەردگار دەفەرموێ: «من ئەلف و یێم، ئەوەی هەیە و هەبووە و دێت، هەرە بە توانا.»

بینینی مەسیحی زیندوو

من یۆحەنای براتانم، کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا هاوبەشتانم لە تەنگانە و شانشین و دانبەخۆداگرتن، لە پێناوی پەیامی خودا و شایەتی بۆ عیسا لە دوورگەی پەتمۆس بووم. 10 لە ڕۆژی یەزداندا ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و لە پشتمەوە گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو، وەک هی کەڕەنا بوو، 11 دەیفەرموو: «ئەوەی دەیبینی لە پەڕتووکێک بینووسەوە و بۆ حەوت کڵێساکەی بنێرە، واتە ئەفەسۆس و سمیرنا و پرگامۆس و سیاتیرا و ساردس و فیلادەلفیا و لاودیکییا.[c]»

12 ئاوڕم دایەوە تاکو ئەو دەنگە ببینم کە لەگەڵم دەدوا، کاتێک ئاوڕم دایەوە حەوت چرادانی زێڕینم بینی، 13 لەناوەڕاستی چرادانەکاندا یەکێکم وەک کوڕی مرۆڤ[d] بینی، جلێکی شۆڕی لەبەردا بوو هەتا بەرپێی، پشتێنێکی زێڕینی بە سنگییەوە بەستبوو. 14 سەر و قژی سپی وەک خوری و وەک بەفر سپی بوون و چاوەکانی وەک گڕی ئاگر بوون. 15 پێیەکانی وەک بڕۆنزێکی بریقەدار کە لە کوورە پوختە کرابێت وابوون، دەنگیشی وەک هاژەی تاڤگە وابوو، 16 حەوت ئەستێرە لە دەستی ڕاستی بوون، شمشێرێکی دوو دەمیش لە دەمیەوە دەردەچوو، ڕوخساری وەک تیشکی بەتینی ڕۆژ دەدرەوشایەوە.

17 کاتێک بینیم وەک مردوو لەبەرپێی کەوتم، دەستی ڕاستی خستە سەرم و فەرمووی: «مەترسە، من یەکەمین و کۆتاییم. 18 منم ئەوەی زیندووە، پێشتر مردم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم! هەروەها کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم[e] پێیە. 19 بۆیە ئەمانە بنووسە لەوەی بینیت و ئەوەی هەیە و ئەوەی پاش ئەمەش دەبێت. 20 نهێنی ئەو حەوت ئەستێرەیەی لە دەستی ڕاستم بینیت و حەوت چرادانە زێڕینەکە ئەمەیە: حەوت ئەستێرەکە فریشتەی حەوت کڵێساکانن و حەوت چرادانەکەش حەوت کڵێساکەن.»

Footnotes

  1. 1‏:4 خودا نیعمەت بە مرۆڤ دەبەخشێت، بە واتای بەخشینێکی خودایە کە بەبێ ئەوەی شایستەی بین خودا پێمان دەبەخشێت.‏
  2. 1‏:7 بڕوانە دانیال 7‏:13‏‏.‏
  3. 1‏:11 ئەو حەوت شارە دەکەونە ڕۆژئاوای تورکیای ئێستا.‏
  4. 1‏:13 دانیال 7‏:13.‏‏
  5. 1‏:18 یۆنانی: هادیس‏: بڕوانە پەراوێزی مەتا 11‏:23‏‏‏.‏