Add parallel Print Page Options

باوەڕهێنان بە مەسیح

هەرکەسێک باوەڕی بەوە هەبێت کە عیسا مەسیحە، ئەوە لە خوداوە لەدایک بووە. هەرکەسێک باوکی خۆشبوێ، ئەوەشی خۆشدەوێت کە لێی لەدایک بووە. بەمەدا دەزانین ڕۆڵەکانی خودامان خۆشدەوێت: کە خودامان خۆشبوێت و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنین. ئەمە خۆشەویستی خودایە، ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنن، ڕاسپاردەکانیشی قورس نین، چونکە هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت جیهان دەبەزێنێت، ئەمەش ئەو سەرکەوتنەیە کە جیهان دەبەزێنێت، باوەڕمانە. کێیە جیهان دەبەزێنێت؟ تەنها ئەو کەسەی باوەڕی هەیە کە عیسا کوڕی خودایە.

ئەمە ئەوەیە کە بە ئاو و خوێن هاتووە، عیسای مەسیح، نەک تەنها بە ئاو، بەڵکو بە ئاو و بە خوێن. ڕۆحی پیرۆزیش شایەتی دەدات، چونکە ڕۆحەکە ڕاستییە. ئەوانەی شایەتی دەدەن سێیانن: ڕۆح و ئاو و خوێن، ئەم سێ شایەتە هەمان شایەتی دەدەن. ئەگەر ئێمە شایەتی مرۆڤ لەلامان قبوڵ بێت، شایەتی خودا گەورەترە، چونکە ئەمە شایەتی خودایە سەبارەت بە کوڕەکەی داویەتی. 10 ئەوەی باوەڕ بە کوڕی خودا بهێنێت ئەم شایەتییە لە خۆیدا هەیە. ئەوەی باوەڕ بە خودا نەکات خودا بە درۆزن دادەنێت، چونکە باوەڕ بەو شایەتییە ناکات کە خودا سەبارەت بە کوڕەکەی داویەتی. 11 ئەمەش شایەتییەکەیە: خودا ژیانی هەتاهەتایی پێداوین و ئەو ژیانەش لە کوڕەکەیدایە. 12 ئەوەی کوڕەکەی هەبێت ژیانی هەیە، ئەوەی کوڕی خودای نەبێت، ژیانیشی نابێت.

دڵنیایی ژیانی هەتاهەتایی

13 ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی کە باوەڕتان بە ناوی کوڕی خودا هەیە، تاکو بزانن ژیانی هەتاهەتاییتان هەیە. 14 ئەمەش ئەو متمانەیە کە بەومان هەیە، ئەگەر بەگوێرەی ویستی خۆی داوای شتێک بکەین، گوێمان لێ دەگرێت. 15 ئەگەر بزانین گوێمان لێ دەگرێت، هەرچییەک داوا بکەین دەزانین ئەوەی لە ئەومان داوا کردووە هەمانە.

16 ئەگەر کەسێک خوشک یان برایەکی لە کاتی ئەنجامدانی گوناهێکدا بینی کە بەرەو مردنی نەبات[a]، پێویستە لەسەری لە خودا بۆی بپاڕێتەوە، خوداش ژیانی دەداتێ. مەبەستم ئەوانەی گوناه دەکەن بەرەو مردن نییە. گوناه هەیە بەرەو مردنە،[b] بۆ ئەمە ناڵێم داوا بکرێت.[c] 17 هەموو ناڕەواییەک گوناهە بەڵام گوناهیش هەیە بەرەو مردن نییە.

18 دەزانین هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت بەردەوام نابێت لە گوناه کردن، بەڵکو ئەوەی لە خوداوە لەدایک بووە خۆی دەپارێزێت و شەیتان دەستی لێ نادات. 19 دەزانین لە خوداوەین و هەموو جیهان لەژێر دەستی شەیتاندا دانراوە. 20 هەروەها دەزانین کە کوڕی خودا هات و چاوی کردینەوە تاکو ئەو بناسین کە ڕاستییە. ئێمەش لەگەڵ ڕاستییەکەدا بووینەتە یەک، کە عیسای مەسیحی کوڕی خودایە. ئەو خودای ڕاستەقینە و ژیانی هەتاهەتاییە.

21 ڕۆڵە خۆشەویستەکان، خۆتان لە بت بپارێزن.

Footnotes

  1. 5‏:16 ئەو گوناهەی کە مرۆڤ لە ژیانی هەتاهەتایی دادەبڕێت، بڕوانە مەتا 12‏:32‏‏
  2. 5‏:16 هەندێک گوناه کە بە ئەنقەست دەکرێن مرۆڤ بەرەو گومڕایی و مردنی ڕۆحییانە دەبات.‏
  3. 5‏:16 بڕوانە مەتا 12‏:31‏،32‏‏.‏