Add parallel Print Page Options

شوانی مێگەلی خودا

داوا لەو پیرانە دەکەم کە لەنێوتاندان، وەک پیرێکی هاوڕێ، شایەتی ئازارەکانی مەسیح و هاوبەشی ئەو شکۆیەی وا ڕادەگەیەنرێ: ئەو مێگەلەی خودا بلەوەڕێنن کە لەنێوانتاندایە، وەک چاودێر خزمەت بکەن، نەک بە ناچاری، بەڵکو بە ویستەوە بەگوێرەی خودا، نەک بۆ دەستکەوتی شەرمەزاری، بەڵکو بە چالاکییەوە، خۆتان بەسەر ئەوانەدا مەسەپێنن کە دراونەتە دەستتان، بەڵکو ببنە نموونە بۆ مێگەل. کاتێکیش سەرۆکی شوانان دەردەکەوێ، تاجی شکۆ وەردەگرن کە کاڵ نابێتەوە.

ئەی لاوەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی پیران بن، هەمووتان خۆتان بە بچووکی یەکتر بزانن، چونکە:

[خودا بەرهەڵستی لووتبەرزەکان دەکات،
    بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.][a]

بۆیە لەژێر دەستی بەهێزی خودا بێفیز بن، تاکو لە کاتی خۆیدا بەرزتان بکاتەوە. هەموو خەمێکتان بە خودا بسپێرن، چونکە ئەو بایەختان پێدەدات.

چاوکراوە بن و ئێشک بگرن، شەیتانی دوژمنتان وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ دەسووڕێتەوە، بەدوای یەکێکدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی بیخوات. بەربەرەکانێی بکەن، چەسپاو بن لە باوەڕ، بزانن خوشک و براکانیشتان لە جیهاندا هەمان ئازار دەچێژن.

10 خودای هەموو نیعمەتێک، ئەوەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بانگی کردوون بۆ شکۆیە هەتاهەتاییەکەی، کە تۆزێک ئازارتان چێژت، خۆی تەواوکارتانە و دەتانچەسپێنێت و بەهێزتان دەکات و بناغەتان دادەنێت. 11 هەتاهەتایە دەسەڵات بۆ ئەوە. ئامین.

نیعمەتی ڕاستی خودا

12 بەهۆی سیلا[b]، کە بە برای دڵسۆزی دەزانم، بە کورتی بۆم نووسین، هانتان دەدەم و شایەتی دەدەم، ئەمە نیعمەتە ڕاستەقینەکەی خودایە. تێیدا بچەسپێن. 13 ئەوەی لە بابل[c] وەک ئێوە هەڵبژێردراوە، سڵاوتان لێدەکات، هەروەها مەرقۆسی ڕۆڵەم. 14 بە ماچی خۆشەویستی سڵاو لە یەکتری بکەن. ئاشتی بۆ هەمووتان بێت کە لەگەڵ مەسیح یەکن.

Footnotes

  1. 5‏:5 پەندەکان 3‏:34‏‏
  2. 5‏:12 یۆنانی: سیلوانۆس‏.‏
  3. 5‏:13 بابل: هێمایە بۆ ڕۆما.‏