Add parallel Print Page Options

چەکداربوون بەو بیروڕایە

وەک مەسیح بە جەستە ئازاری چێژت، ئێوەش خۆتان بەم بیروڕایە چەکدار بکەن، چونکە ئەوەی بە جەستە ئازار بچێژێ لە گوناه کردن دەوەستێ، تاکو ئەو کاتەی بە جەستە لە ژیاندا ماوە بۆ هەوەسی مرۆڤانە نەژی، بەڵکو بۆ خواستی خودا. ئیتر ئەو کاتەی لە کردنی خواستی بێباوەڕان بەسەرتان برد بەسە، لە بەڕەڵایی، هەوەسبازی، سەرخۆشی، ڕابواردن، ئاهەنگی شەرابخواردنەوە، بتپەرستی قێزەون. لەمە سەرسام دەبن کە لەگەڵیان ڕاناکەن بۆ لافاوی هەمان بەدڕەوشتی و جنێوتان پێدەدەن. بەڵام ئەوانە حیسابی خۆیان دەدەن بەوەی کە ئامادەیە مردووان و زیندووان حوکم بدات، چونکە بۆ ئەم هۆیە مژدە درایە مردووانیش، تاکو بەگوێرەی خەڵک لە جەستەدا حوکم بدرێن، بەڵام بەگوێرەی خودا لە ڕۆحدا بژین.

کۆتایی هەموو شتێک نزیک بووەتەوە. بۆیە ژیر و چاوکراوە بن تاکو نوێژ بکەن. لە سەرووی هەموو شتێکەوە خۆشەویستیتان بۆ یەکتری بە هێز بێت، چونکە خۆشەویستی گوناهی زۆر دادەپۆشێت. بێ بۆڵەبۆڵ میوانداریەتی یەکتری بکەن. 10 هەریەکە بەگوێرەی ئەو بەهرەیەی وەریگرتووە، خزمەتی یەکتری پێ بکەن، وەک سەرکارێکی باش لەسەر نیعمەتە جۆراوجۆرەکانی خودا. 11 ئەگەر یەکێک وتار دەدات، با بە جۆرێک بدوێت وەک کەسێک کە پەیامی خودا ڕابگەیەنێت. ئەگەر یەکێک خزمەت دەکات وەک بە هێزێک لە خوداوە درا بێت، تاکو خودا لە هەموو شتێکدا شکۆدار بێت بە عیسای مەسیح. هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە. ئامین.

وەک قوتابی مەسیح ئازار بدرێن

12 خۆشەویستان، لەلاتان سەیر نەبێ لە تاقیکردنەوەتان بەڵای سووتێنەر تووشتان دێت، وەک بڵێی شتێکی سەیرتان بەسەرهاتووە، 13 بەڵکو دڵخۆش بن وەکو بەشداریتان لە ئازارەکانی مەسیحدا کرد، تاکو لە ئاشکراکردنی شکۆیەکەی دڵخۆش و شادمان بن. 14 ئەگەر بە ناوی مەسیح جنێوتان پێدرا، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، چونکە ڕۆحی شکۆ و خودا دێتە سەرتان. 15 با کەستان وەک بکوژێک یان دزێک یان بەدکارێک یاخود یەکێک دەست لە کاروباری خەڵک وەربدات ئازار نەچێژێ، 16 بەڵام ئەگەر وەک قوتابی مەسیح ئازار بدرێن، شەرم مەکەن، بەڵکو ستایشی خودا بکەن کە ناوی مەسیحتان هەڵگرتووە، 17 چونکە کاتی دەستپێکردنی لێپرسینەوەیە لە گەلی خودا. ئەگەر دەستپێک لە ئێمەوە بێت، کۆتایی ئەوانە چی دەبێت کە گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی خودا نابن؟

18 [ئەگەر کەسی ڕاستودروست بە زەحمەت ڕزگاری ببێت،
    ئەی چارەنووسی خراپەکار و گوناهبار چۆن دەبێت؟][a]

19 بۆیە ئەوانەی بەگوێرەی خواستی خودا ئازار دەدرێن، با خۆیان بدەنە دەست بەدیهێنەری دڵسۆز و بەردەوام بن لە چاکەکاری.