Add parallel Print Page Options

لە پەترۆسی نێردراوی عیسای مەسیحەوە،

بۆ ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون، بێگانە پەراگەندەکان لە پۆنتۆس و گەلاتیا و کەپەدۆکیا و ئاسیا و بیسینیا[a]، بەگوێرەی زانینی پێشووی خودای باوک هەڵبژێردراون، بە پیرۆزکردنی ڕۆحی خۆی بۆ گوێڕایەڵی عیسای مەسیح و پرژاندنی خوێنەکەی:

با نیعمەت[b] و ئاشتیتان بۆ زیاد بێت.

ستایشی خودا بۆ هیوای زیندوو

ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی گەورەمان! بەگوێرەی بەزەییە فراوانەکەی لەدایکبوونەوەی پێ بەخشین[c] بۆ هیوایەکی زیندوو بە هەستانەوەی عیسای مەسیح لەنێو مردووان، بۆ میراتێک کە نافەوتێت و گڵاو نابێت و کاڵ نابێتەوە، بۆ ئێوە لە ئاسمان پارێزراوە، ئێوە کە بە هێزی خودا پاسەوانی کراون بە باوەڕ، بۆ ئەو ڕزگارییەی ئامادەیە لە کۆتایی زەمانە ڕابگەیەنرێ. ئەمانە دڵخۆشتان دەکات، هەرچەندە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کەم ناچار بن بە دەست تاقیکردنەوەی جۆراوجۆر ئازار بچێژن، تاکو سەلماندنی باوەڕی ڕاستەقینەتان، کە لە زێڕی لەناوچوو نرخدارترە کە بە ئاگر تاقی دەکرێتەوە، بۆ ستایش و شکۆ و ڕێز بێت لە ئاشکراکردنی عیسای مەسیحدا. هەرچەندە نەتانبینیوە خۆشتان دەوێ، ئێستاش نایبینن باوەڕی پێ دەهێنن و دڵخۆش دەبن بە شێوەیەک هەر باسی ناکرێت و شکۆدارە، چونکە ئامانجی باوەڕتان بەدەستدەهێنن، واتە ڕزگاری دەروونتان.

10 ئەو پێغەمبەرانەی کە پێشبینییان کرد لەسەر ئەو نیعمەتەی کە خودا بۆ ئێوەی ئامادە کردبوو، بە وردی لێکۆڵینەوەیان لە بابەتی ئەو ڕزگاربوونە کرد و بەدوایدا گەڕان، 11 ڕۆحی مەسیح کە تێیاندابوو، ئاگاداری دەکردنەوە سەبارەت بە ئازارەکانی مەسیح و ئەو شکۆداربوونەی لەدوای ئازارەکانەوە دێت، هەوڵیان دەدا کە بزانن ڕۆحی پیرۆز ئاماژە بە چی دەکات لەبارەی کاتی ڕوودانەکەی یان بارودۆخی جیهان لە کاتی ڕوودانەکەی. 12 بۆیان ئاشکرا کرا کە پەیامەکە بۆ خۆیان نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو، واتە ڕووداوەکان لە سەردەمی ئێوە ڕوودەدەن. ئێستا پێتان ڕاگەیەنرا بەهۆی ئەوانەی مزگێنییان پێ بەخشین بە یارمەتی ڕۆحی پیرۆز، کە لە ئاسمانەوە نێردراوە. ئەمانە ئەو ڕووداوانەن کە فریشتەکانیش بە پەرۆشن لێیان ورد ببنەوە.

بانگەواز بۆ پیرۆزی

13 بۆیە با مێشکتان ئامادە بێت بۆ چالاکی، خۆڕاگر بن، هیواتان بە تەواوی لەسەر ئەو نیعمەتە بێت کە لە ئاشکراکردنی عیسای مەسیحەوە دێت. 14 وەک منداڵی گوێڕایەڵ، وەک کاتی نەزانی خۆتان لەگەڵ هەوەسە کۆنەکانتان مەگونجێنن، 15 بەڵکو وەک ئەوەی بانگی کردوون پیرۆزە، ئێوەش لە هەموو هەڵسوکەوتێک پیرۆز بن، 16 چونکە نووسراوە: [پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم.][d]

17 لەبەر ئەوەی لە خودای باوک دەپاڕێنەوە، ئەوەی بێ لایەنگری هەرکەسێک بەگوێرەی کردەوەکەی حوکم دەدات، کەواتە لە کاتی نامۆییتاندا بە لەخواترسییەوە بژین. 18 دەزانن بە شتی لەناوچووی وەک زێڕ و زیو نەکڕاونەتەوە، لەو ژیانە پووچەی لە باوباپیرانەوە بۆتان مابووەوە، 19 بەڵکو بە خوێنێکی گرانبەها، خوێنی مەسیح، وەک لە بەرخێکی بێ لەکە و کەموکوڕی. 20 لەپێش دامەزراندنی جیهان هەڵبژێردرابوو، بەڵام لەم ڕۆژگارانەی دوایی لە پێناوی ئێوەدا دەرکەوت. 21 بەهۆیەوە باوەڕتان بە خودا هەیە، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و شکۆی پێدا، تاکو هیوا و باوەڕتان بە خودا بێت.

22 بە گوێڕایەڵیتان بۆ ڕاستی خۆتان پاک کردووەتەوە بۆ خۆشەویستی برایانەی بێ دووڕوویی، لە قووڵایی دڵەوە یەکتریتان خۆشبوێ. 23 ئێوەش لەدایک بوونەوە[e]، نەک بە تۆوێکی فەوتاو بەڵکو نەفەوتاو، بە وشەی زیندووی خودا کە دەمێنێتەوە، 24 چونکە نووسراوە:

[هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و
    هەموو شکۆیەکەی وەک گوڵی کێوی وایە.
گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
25     بەڵام فەرمایشتی یەزدان هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.][f]

ئەمەش ئەو فەرمایشتەیە کە مزگێنیتان پێدرا.

Footnotes

  1. 1‏:1 هەموو ئەو شوێنانە لە تورکیای ئێستان.‏
  2. 1‏:2 خودا نیعمەت بە مرۆڤ دەبەخشێت، بە واتای بەخشینێکی خودایە کە بەبێ ئەوەی شایستەی بین خودا پێمان دەبەخشێت.‏
  3. 1‏:3 مەبەست لە خوداوە لەدایک بووین، بڕوانە یۆحەنا 3‏:3‏-8.‏‏
  4. 1‏:16 لێڤییەکان 11‏:44‏،45 و لێڤییەکان 19‏:2 و لێڤییەکان 20‏:7.‏‏
  5. 1‏:23 نوێبوونەوە بە ڕۆحی پیرۆز.‏
  6. 1‏:25 ئیشایا 40‏:6‏-8.‏‏