Add parallel Print Page Options

خزمەتکردن لەبەردەم سندوقی یەزدان

16 ئیتر سندوقی خودایان هێنایە ژوورەوە بۆ ناوەڕاستی ئەو چادرەی کە داود بۆی دامەزراندبوو، هەروەها قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان[a] لەبەردەم خودا سەرخست. پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد. بەسەر هەموو ئیسرائیلدا لە ژن و لە پیاو، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی دابەش کرد.

چەند خزمەتکارێکیشی لە لێڤییەکان لەبەردەم سندوقی یەزدان بۆ یادکردنەوە و سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دانا: ئاساف ڕابەرایەتی دەکرد و زەکەریاش لەدوای ئەو بە پلەی دووەم دەهات، پاشان یەعیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، مەتیسیا، ئەلیاب، بەنایا، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل دەهاتن. ئەمانە ئامێرەکانی ساز و قیسارەیان دەژەند، ئاسافیش سەنجی لێدەدا، بەنایا و یەحەزیێلی کاهینیش بە بەردەوامی کەڕەنایان دەژەند لەبەردەم سندوقی پەیمانی خودا.

ئینجا لەو ڕۆژەدا یەکەم جار داود ئەم زەبوورەی دایە دەست ئاساف و هاوکارەکانی، کە بۆ ستایشکردنی یەزدانە:

ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
    کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
    هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
10 شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
    با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
11 پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
    بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.

12 باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
    پەرجوو[b] و حوکمەکانی دەمی.
13 ئەی نەوەی ئیسرائیلی بەندەی ئەو،
    ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
14 ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە،
    حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.

15 بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە،
    ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
16 ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی،
    ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد،
17 وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی،
    وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
18 فەرموویەتی: «خاکی کەنعان دەدەمە تۆ،
    بەشە میراتی خۆتانە.»

19 ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو،
    کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
20 لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە،
    لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
21 لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات،
    بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
22 «دەست لە دەستنیشانکراوەکانم مەدەن،
    خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»

23 ئەی هەموو زەوی، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
    ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.
24 لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن،
    لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.

25 چونکە یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە،
    سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
26 چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن،
    بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.
27 شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان،
    هێز و شادمانی لە نشینگەکەیدان.

28 ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن،
    ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.
29     ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
دیاری بهێنن و وەرنە بەردەمی،
    کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
30 ئەی هەموو خەڵکی زەوی لەبەردەمی بلەرزن،
    جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت.

31 با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت،
    لەنێو نەتەوەکاندا بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!»
32 با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن،
    با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن.
33 ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان لەبەردەم یەزدان گۆرانی دەڵێن،
    چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات.

34 ستایشی یەزدان بکەن لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
35 بڵێن: «ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ڕزگارمان بکە،
    لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە و فریامان بکەوە،
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و
    شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.»
36 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
    لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.

ئینجا هەموو گەل گوتیان «ئامین!» و «ستایشی یەزدان بکەن.»

37 داود لەوێدا لەبەردەم سندوقی پەیمانی یەزدان، ئاساف و هاوکارەکانی بەجێهێشت هەتا بە بەردەوامی لەبەردەم سندوقەکە خزمەت بکەن، هەر خزمەتێک لە ڕۆژی خۆیدا. 38 هەروەها عوبێد ئەدۆم و هاوکارەکانیشی کە شەست و هەشت کەس بوون، بۆ یارمەتیدانی ئەوان، بەجێی هێشتن. عوبێد ئەدۆمی کوڕی یەدوتون و حۆسا هەردووکیان دەرگاوان بوون.

39 داود سادۆقی کاهین و برا کاهینەکانیشی لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان، ئەوەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو، بەجێی هێشتن، 40 هەتا بە بەردەوامی قوربانی سووتاندن لەسەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن، بەیانییان و ئێواران بەپێی هەموو ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە، ئەوەی فەرمانی بە ئیسرائیل کرد. 41 لەگەڵ ئەوانیش، هێیمان و یەدوتون و پاشماوەی هەڵبژێردراوەکان ئەوانەی ناویان هات هەتا سوپاسی یەزدان بکەن، چونکە «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» 42 لەگەڵ ئەوانیش هێیمان و یەدوتون بەرپرسی ژەنینی کەڕەنا و سەنج و ئامێرە مۆسیقییەکانی دیکە بوون لە کاتی گۆرانی و ستایشەکانیان بۆ خودا. کوڕەکانی یەدوتونیش دەرگاوان بوون.

43 پاشان هەموو گەل هەرکەسە و بۆ ماڵی خۆی بەڕێکەوت و داودیش گەڕایەوە هەتا داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی خۆی بکات.

Footnotes

  1. 16‏:1 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7‏:11‏-15.‏‏
  2. 16‏:12 پەرجوو: موعجیزە.‏