Add parallel Print Page Options

پەیامێک سەبارەت بە فەلەستییەکان

47 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە فەلەستییەکان، بەر لەوەی فیرعەون پەلاماری غەزە بدات:

یەزدان ئەوە دەفەرموێت:

«ئەوەتا ئاو لە باکوورەوە هەڵدەستێت و
    دەبێتە لافاوێکی ڕاماڵ،
زەوی و هەرچی لەسەریەتی ڕایدەماڵێت،
    شار و دانیشتووانەکەی.
خەڵکی هاوار دەکەن،
    هەموو دانیشتووانی خاکەکە واوەیلا دەکەن
لە دەنگی تەقەی سمی ئەسپە بە تواناکانی،
    لە خڕەی گالیسکەکانی و
    جیڕەی چەرخەکانی.
باوک ئاوڕ لە کوڕ ناداتەوە
    لەبەر شلبوونی دەستەکانی.
لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە هاتووە
    بۆ تەفروتوناکردنی فەلەستییەکان و
بۆ بڕینەوەی هەموو پاشماوەیەک
    کە بتوانن پشتگیری پاشایەتی سور و سەیدا بکەن.
یەزدان خەریکە فەلەستییەکان تەفروتونا دەکات،
    پاشماوەی کەناری کەفتۆر.
خەڵکی غەزە لەبەر ماتەم سەریان دەتاشن،
    ئەسقەلان کپ دەبێت.
ئەی پاشماوەی خەڵکی دۆڵەکان،
    هەتا کەی لەشی خۆتان بریندار دەکەن؟

«”ئای ئەی شمشێری یەزدان،
    هەتا کەی پشوو نادەیت؟
بڕۆ ناو کێلانەکەتەوە[a] و
    هێدی بە و کپ بە.“
بەڵام چۆن پشوو دەدات
    کە یەزدان فەرمانی پێکردبێت،
لە دژی ئەسقەلان و لە دژی کەناری دەریا،
    لەوێ ئەرکی پێ سپارد؟»

Footnotes

  1. 47‏:6 کالانەکەتەوە.‏