Add parallel Print Page Options

وشەی خودا

لە سەرەتادا، وشەکە[a] هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو. ئەو لە سەرەتاوە لەلای خودا بوو. هەموو شتێک بەو بەدیهاتووە، بێ ئەو هیچ شتێک بەدی نەهاتووە لەوانەی کە بەدیهاتوون. وشەکە سەرچاوەی ژیان بوو، ژیانەکەش ڕووناکی مرۆڤ بوو، ڕووناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و تاریکییەکە بەسەریدا زاڵ نەبووە[b].

مرۆڤێک هات کە خودا ناردبووی، ناوی یەحیا بوو. ئەو بۆ شایەتی هات، تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات، بۆ ئەوەی هەمووان لە ڕێگەی ئەوەوە باوەڕ بهێنن. ئەو ڕووناکییەکە نەبوو، بەڵکو هات تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات. ئەو ڕووناکییە ڕاستەقینەیەی کە بەسەر هەموو مرۆڤێکدا دەدرەوشێتەوە، دەهاتە جیهان.

10 ئەو لە جیهاندا بوو، جیهانیش بەو بەدیهات، کەچی جیهان نەیناسی. 11 ئەو بۆ لای گەلەکەی هات بەڵام ئەوان پێشوازییان لێ نەکرد. 12 لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی پێشوازییان لێکرد، ئەوانەی باوەڕیان بە ناوی هێنا، مافی پێدان ببنە ڕۆڵەی خودا، 13 ئەوانەی نە بە سروشت لەدایک بوون، نە بە خواستی مرۆڤ، نە بە ویستی پیاویش، بەڵکو لە خوداوە لەدایک بوون[c].

14 وشەکەش بوو بە مرۆڤ و لەنێوانماندا نیشتەجێ بوو. شکۆی ئەومان بینی، وەک شکۆی تاقانەیەک لە باوکەوە، پڕ لە نیعمەت[d] و ڕاستی.

15 یەحیا شایەتی بۆ دا، هاواری کرد: «ئەمە ئەوەیە کە گوتم: ئەوەی دوای من دێت پێشم کەوت، چونکە پێش من بووە.» 16 لە گەنجینەی پڕیی ئەوەوە هەموومان نیعمەت لەدوای نیعمەتمان وەرگرتووە، 17 چونکە تەورات لە ڕێگەی موساوە درا، بەڵام نیعمەت و ڕاستی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هات. 18 هەرگیز کەس خودای نەبینیوە، بەڵام کوڕە تاقانەی خودا، ئەوەی لە باوەشی باوکدایە، خودای دەرخست.

شایەتیدانی یەحیا

19 ئەمەش شایەتییەکەی یەحیایە، کاتێک ڕابەرانی جولەکەی ئۆرشەلیم کاهین[e] و لێڤییان[f] ناردە لای پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» 20 ئەو دانی پێدا نا و نکۆڵی نەکرد، بەڵکو گوتی: «من مەسیحەکە[g] نیم.»

21 ئینجا لێیان پرسی: «ئەی کێیت؟ ئەلیاسی؟» گوتی: «نا، ئەو نیم.»

«ئەی تۆ پێغەمبەرەکەی[h]؟» گوتی: «نەخێر.»

22 ئینجا پێیان گوت: «باشە تۆ کێیت؟ تاکو وەڵامێک بدەینەوە ئەوانەی کە ئێمەیان ناردووە، دەربارەی خۆت چی دەڵێی؟»

23 یەحیا بە وشەکانی ئیشایای پێغەمبەر وەڵامی دانەوە و گوتی:

«[من ئەو کەسەم کە لە چۆڵەوانی هاوار دەکات:
    ”ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن.“[i]

24 نێردراوانیش لە فەریسییەکان بوون، 25 پرسیاریان لێکرد: «ئەگەر تۆ مەسیحەکە نیت و ئەلیاس نیت و پێغەمبەرەکەش نیت، ئیتر بۆچی خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشیت[j]؟»

26 یەحیاش وەڵامی دانەوە: «من خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک لەنێوانتان ڕاوەستاوە کە نایناسن، 27 ئەو لەدوای من دێت، من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.»

28 ئەمانە لە بێت‌عەنیا[k] ڕوویدا، لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە، لەو شوێنەی یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا.

بەرخی قوربانی خودا

29 بۆ بەیانی یەحیا بینی عیسا دێتە لای، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا، ئەوەی گوناهی جیهان لادەبات! 30 ئەمە ئەوەیە کە باسم کرد، پیاوێک دوای من دێت پێشم کەوت، چونکە پێش من بووە. 31 منیش نەمدەناسی، بەڵام تاکو ئەو بۆ ئیسرائیل دەربکەوێت، لەبەر ئەوە هاتووم خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم.»

32 یەحیا شایەتی دا: «بینیم ڕۆحی پیرۆز وەک کۆترێک لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە. 33 من نەمدەناسی، بەڵام ئەوەی منی ناردووە خەڵک لەئاوهەڵکێشم، پێی گوتم: ”ئەوەی دەیبینیت ڕۆحی پیرۆز دێتە خوارەوە و لەسەری دەنیشێتەوە، ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت[l].“ 34 خۆم بینیم و شایەتیم دا کە ئەمە کوڕی خودایە.»

قوتابییە یەکەمینەکان

35 بۆ بەیانی دیسان یەحیا لەگەڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوەستا بوو، 36 عیسای بینی دەڕۆیشت، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا!»

37 دوو قوتابییەکە گوێیان لێی بوو کە وای گوت، دوای عیسا کەوتن. 38 عیسا ئاوڕی دایەوە و بینی بەدوایدا دێن، لێی پرسین: «چیتان دەوێت؟» پێیان گوت: «ڕابی، لەکوێ دەمێنیتەوە؟» ڕابی واتە مامۆستا.

39 پێی فەرموون: «وەرن، تەماشا بکەن.» لەبەر ئەوە ئەوانیش ڕۆیشتن و بینییان لەکوێ دەمایەوە، ئەو ڕۆژەش لەگەڵی مانەوە، نزیکەی کاتژمێر چواری[m]پاش نیوەڕۆ بوو.

40 ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس، یەکێک بوو لەو دووانەی کە گوێیان لە یەحیا بوو و دوای عیسا کەوتن. 41 یەکەم جار ئەندراوس چوو شیمۆنی برای دۆزییەوە و پێی گوت: «مەسیحمان[n] دۆزییەوە.» واتە دەست‏نیشانکراو. 42 ئینجا شیمۆنی هێنایە لای عیسا. عیساش تەماشای کرد و فەرمووی: «تۆ شیمۆنی کوڕی یۆنای، بەڵام بە کێفاس[o] ناو دەبردرێیت.» کێفاس واتە پەترۆس.

43 بۆ بەیانی عیسا ویستی بچێتە جەلیل، فیلیپۆسی دۆزییەوە، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.»

44 فیلیپۆس خەڵکی بێت‌سەیدا بوو، شارەکەی ئەندراوس و پەترۆس. 45 فیلیپۆسیش ناتانئیلی دۆزییەوە، پێی گوت: «ئەوەی کە موسا لە تەورات و پێغەمبەرانیش لە پەڕتووکەکانیان لەسەریان نووسیوە دۆزیمانەوە، عیسای کوڕی یوسفی خەڵکی ناسیرەیە.»

46 ناتانئیل پێی گوت: «ئایا لە ناسیرە شتی چاک هەڵدەکەوێ؟» فیلیپۆس پێی گوت: «وەرە و ببینە.»

47 عیسا ناتانئیلی بینی بۆ لای دێت، دەربارەی فەرمووی: «ئەوەتا ئیسرائیلی بە ڕاستی، فێڵی تێدا نییە!»

48 ناتانئیل پێی گوت: «چۆن دەمناسیت؟»

عیسا وەڵامی دایەوە: «پێش ئەوەی فیلیپۆس بانگت بکات، لەژێر دار هەنجیرەکە بوویت، تۆم بینی.»

49 ناتانئیل وەڵامی دایەوە: «ڕابی، تۆ کوڕی خودایت! پاشای ئیسرائیلیت!»

50 عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕت هێنا، چونکە پێم گوتیت لەژێر دار هەنجیرەکە تۆم بینی؟ شتی گەورەتر دەبینیت!» 51 ئینجا پێی فەرموو: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەبینن ئاسمان کراوەتەوە و فریشتەی خوداش لەسەر کوڕی مرۆڤ[p] سەردەکەون و دادەبەزن.[q]»

Footnotes

  1. 1‏:1 وشەکە: لە زمانی یۆنانی پێی دەگوترێت لۆگۆس‏ کە واتایەکی فراوانی هەیە، زۆرتر بە واتای دانایی خودا یان پەیامی خودا دێت. بڕوانە 1‏:14 و عیبرانییەکان 11‏:3 و زەبوورەکان 33‏:6 و پەیدابوون 1‏:5‏‏.‏
  2. 1‏:5 وشە یۆنانییەکە دوو واتای هەیە: (1) زاڵبوون؛ (2) تێگەیشتن.‏
  3. 1‏:13 مەبەستی ئەوەیە کە ڕۆحی خودا کار دەکاتە سەر گیانی مرۆڤ و دەیکاتە بوونەوەرێکی نوێ، واتە دەیکاتە ڕۆڵەی خودا. ‏
  4. 1‏:14 نیعمەت: بەخششەکانی خودا بەبێ شایستەبوون، بە تایبەتی لێخۆشبوونی گوناه و ژیانی هەتاهەتایی.‏
  5. 1‏:19 کاهین: پیاوێکی ئایینی جولەکەیە کە هەڵدەستێ بە ئەرکی قوربانی کردن لەناو پەرستگا و فێرکردنی خەڵک.‏
  6. 1‏:19 تیرەیەکی جولەکە بوون، ئەرکی خزمەتکردنی پەرستگایان لە ئەستۆ بوو.‏
  7. 1‏:20 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏. بە زمانی یۆنانی دەبێتە کریستۆس‏، کە بە واتای (دەستنیشانکراو) لەلای خودا دێت کە ڕزگارکەری گەلەکەیەتی. بڕوانە یەکەم ساموئێل 16.‏
  8. 1‏:21 پێغەمبەرەکە: ئەو پێغەمبەرەیە کە موسا باسی دەکات. واتە عیسا. بڕوانە دواوتار 18‏:15 و یۆحەنا 1‏:45‏‏.‏
  9. 1‏:23 ئیشایا 40‏:3.‏‏
  10. 1‏:25 یۆنانی: باپتیزۆ‏، بە واتای شوشتن دێت بۆ پاکبوونەوە لە گوناه، وەک (بسمیلکردن).‏
  11. 1‏:28 ئەم (بێت‌عەنیا)یە لە ڕۆژهەڵاتی ئوردون بوو، جیاوازە لەوەی نزیکی ئۆرشەلیم.‏
  12. 1‏:33 بە واتای شوشتن دێت بۆ پاکبوونەوە لە گوناه بەهۆی ڕۆحی پیرۆز.‏
  13. 1‏:39 یۆنانی: کاتژمێری دە، بە کاتی یۆنانی.‏
  14. 1‏:41 یۆنانی: مەسیا‏.‏
  15. 1‏:42 وشەیەکی ئارامییە بە واتای بەرد، لە یۆنانیش پەترۆس‏.‏
  16. 1‏:51 کوڕی مرۆڤ: مەسیح بەم نازناوە خۆی دەناسێنێت. بڕوانە دانیال 7‏:13‏-14.‏‏
  17. 1‏:51 بڕوانە پەیدابوون 28‏:12‏‏.‏