Add parallel Print Page Options

بەرگری پۆڵس لەلای ئەگریپاس

26 ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «ڕێگات دراوەتێ باسی خۆت بکەیت.» ئینجا پۆڵس دەستی درێژکرد و بەرگری کرد: «شا ئەگریپاس، خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەبەردەم تۆ بەرگری لە خۆم بکەم، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی جولەکە منیان پێ تۆمەتبار کردووە، بە تایبەتی تۆ لە هەموو نەریت و کێشەی جولەکە شارەزایت، بۆیە لێت دەپاڕێمەوە بە ئارامی گوێم لێ بگریت.

«شێوازی ژیانم لە لاویەتیم و لە سەرەتاوە لەنێو گەلەکەم[a] و لە ئۆرشەلیم بووە، هەموو جولەکەش دەزانن. لەمێژە منیان ناسیوە، ئەگەر بیانەوێت شایەتی بدەن کە وەک فەریسی ژیاوم، توندترین ڕێبازی ئایینەکەمان. ئێستاش لەسەر ئەو هیوایە ڕاوەستاوم و حوکم دەدرێم کە بەو بەڵێنانەیە خودا بە باوباپیرانی داوە، ئەوەی دوازدە هۆزەکەمان شەو و ڕۆژ بە پەرۆشەوە خواپەرستی دەکەن، بە هیوای دەستکەوتنی. ئەی پاشا، لەبەر ئەم هیوایە جولەکە تۆمەتبارم دەکەن. بۆچی ئێوە باوەڕ ناکەن کە خودا مردووان هەڵدەستێنیتەوە؟

«لە ڕاستیدا خۆم پێم وابوو کە پێویستە زۆر شت لە دژی ناوی عیسای ناسیرەیی بکەم. 10 لە ئۆرشەلیم ئەوەم کرد، دەسەڵاتم لە کاهینانی باڵا وەرگرت و زۆر کەسم لە گەلی پیرۆزی خودا خستە زیندانەوە، بۆ کوشتنیان دەنگم دەدا. 11 لە هەموو کەنیشتەکان زۆر جار سزام دەدان تاکو ناچاریان بکەم کفر بکەن. ئەوەندە ڕقم لێیان بوو تەنانەت لە شارەکانی دەرەوەش دەمچەوساندنەوە.

12 «لەوەدا بە دەسەڵات و مۆڵەتی کاهینانی باڵا دەچوومە دیمەشق. 13 جا ئەی پاشا، لە نیوەڕۆدا بە ڕێگاوە ڕووناکییەکم لە ئاسمانەوە بینی، درەوشاوەتر لە تیشکدانەوەی ڕۆژ، دەوروبەری من و هاوڕێیانمی ڕووناک کردەوە. 14 هەموومان کەوتینە سەر زەوی. ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو بە زمانی عیبری پێی فەرمووم: ”شاول، شاول، بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟ بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی[b].“

15 «منیش گوتم: ”تۆ کێیت گەورەم؟“

«مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: ”من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. 16 بەڵام هەستە و لەسەر پێیەکانت ڕابوەستە. لەبەر ئەوە بۆت دەرکەوتم، کە وەک خزمەتکار و شایەت هەڵتبژێرم بۆ ئەوەی بینیت و ئەوەی تێیدا بۆت دەردەکەوم. 17 ڕزگارت دەکەم لە گەلەکەت و لەو نەتەوانەی تۆیان بۆ دەنێرم 18 تاکو چاویان بکەیتەوە، تاکو لە تاریکی بگەڕێنەوە بۆ ڕووناکی، لە دەسەڵاتی شەیتان بۆ خودا، ئەوسا لێخۆشبوونی گوناه وەردەگرن و لەگەڵ ئەوانەی بە باوەڕیان بە من پیرۆزکراون بەشیان دەبێت.“

19 «لەوساوە سەرپێچی بینینی ئاسمانیم نەکردووە، ئەی شا ئەگریپاس، 20 بەڵکو یەکەم جار بۆ دانیشتووانی دیمەشق و ئۆرشەلیم ڕامگەیاند، تاکو هەموو ناوچەی یەهودیا و نەتەوەکانیش تۆبە بکەن و بۆ خودا بگەڕێنەوە، کردارێک بکەن لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. 21 لەبەر ئەمە جولەکەکان لە حەوشەکانی پەرستگادا منیان گرت و هەوڵیان دا بمکوژن. 22 بەڵام لە خوداوە یارمەتیم دەستکەوت و تاکو ئەمڕۆ وەستاوم، شایەتی بۆ گەورە و بچووک دەدەم. هیچ ناڵێم جگە لەوەی کە پێغەمبەران و موسا لەبارەی ئەوەی خەریکە ڕوودەدات گوتوویانە، 23 کە مەسیحەکە ئازار بچێژێت، یەکەمی هەستانەوەی مردووان بێت، خەریکە ڕووناکی بۆ گەلەکەی و نەتەوەکان ڕابگەیەنێت.»

24 کاتێک پۆڵس بەم قسانە بەرگری لە خۆی دەکرد، فێستۆس هاواری کرد: «پۆڵس شێت بوویت! زۆری زاناییت شێتی کردوویت.»

25 پۆڵس گوتی: «فێستۆسی پایەبەرز، شێت نیم، بەڵام قسەی ڕاست و شیاو دەکەم. 26 ئەم پاشایەی ئازادانە قسەی لەگەڵ دەکەم، ئەم شتانە دەزانێت، دڵنیام هیچ لەمانە لەلای شاراوە نییە، چونکە ئەم کارانە لە سووچێک نەکراون. 27 ئەگریپاسی پاشا، باوەڕت بە پێغەمبەران هەیە؟ دەزانم باوەڕت هەیە.»

28 ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «دەتەوێت بەم کاتە کەمە قەناعەتم پێ بهێنی ببمە مەسیحی؟»

29 پۆڵس گوتی: «کاتی کەم یان زۆر، لە خودا دەپاڕێمەوە نەک تەنها تۆ، بەڵکو هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ گوێم لێ دەگرن وەک منتان لێ بێت، بەڵام بێ ئەم زنجیرانە.»

30 جا پاشا و فەرمانڕەوا و بەرنیکی و ئامادەبووان هەستان، 31 دەڕۆیشتن و بە یەکتریان دەگوت: «ئەم پیاوە شتێکی نەکردووە شایانی سزای مردن یان گرتن بێت.»

32 ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «ئەگەر ئەم پیاوە داواکارییەکەی نەدابووایە قەیسەر، دەکرا ئازاد بکرایە.»

Footnotes

  1. 26‏:4 مەبەستی ئەوەیە کاتێک لە کیلیکیا بووە‏
  2. 26‏:14 پەندێکی یۆنانییە بۆ بەرهەڵستیکردنی بێ سوود بەکاردێت.‏