Add parallel Print Page Options

ڕائووس و بۆعەز لە جۆخینەکە

ناعۆمی خەسووی پێی گوت: «کچم ئایا پێویست نییە هەوڵ بدەم بۆ حەوانەوەت کە خێری تۆی تێدابێت؟ بۆعەز ئەوەی کە لەگەڵ کچە خزمەتکارەکانی بوویت خزممانە و ئەوەتا ئەمشەو لەسەر جۆخینەکە[a] شەنی جۆ دەکات. خۆت بشۆ و بۆن لە خۆت بدە و خۆت بگۆڕە و بڕۆ بۆ سەر جۆخینەکە بەڵام خۆت ئاشکرا مەکە لەلای پیاوەکە هەتا لە خواردن و خواردنەوە دەبێتەوە. هەر کە پاڵکەوت، بزانە شوێنی پاڵکەوتنەکەی کوێیە. بڕۆ لای پێی هەڵبدەوە و پاڵبکەوە، ئیتر خۆی پێت دەڵێت چی بکەیت.»

ئەویش پێی گوت: «هەرچییەکت گوت دەیکەم.» ئیتر چووە سەر جۆخینەکە و هەموو ئەوەی کە خەسووی فەرمانی پێدا کردی.

بۆعەز خواردی و خواردیەوە و دڵی خۆش بوو و چووە ژوورەوە بۆ ئەوەی لە قەراغی دانەوێڵە کۆکراوەکەدا پاڵ بکەوێت. ئەویش بەدزییەوە چووە ژوورەوە و لای پێیەکانی بۆعەزی هەڵدایەوە و پاڵکەوت. لە نیوەشەودا بۆعەز پەشۆکا، ئاوڕی دایەوە تەماشای کرد ژنێک لەلای پێیەوە پاڵکەوتووە.

گوتی: «تۆ کێیت؟»

ئەویش گوتی: «من ڕائووسی کارەکەری تۆم. دامێنی کراسەکەت بدە[b] بەسەر خزمەتکارەکەتدا چونکە تۆ خوێنگری منیت.»

10 ئەویش گوتی: «با تۆ لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بیت کچەکەم، چونکە ئەم چاکەیەی دواییت زیاترە لەوەی یەکەم جارت، چونکە هەوڵت نەداوە شوێن لاوان بکەویت، هەژار بن یان دەوڵەمەند. 11 ئێستاش کچی خۆم مەترسە. هەرچییەک بڵێی بۆت دەکەم، چونکە هەموو پیاوماقوڵانی شارۆچکەکەم دەزانن کە تۆ ژنێکی ڕەوشت بەرزیت. 12 ئێستاش ڕاستە من خزمم، بەڵام خوێنگرێکی دیکە هەیە کە لە من پێشترە.[c] 13 ئەمشەو بخەوە، بەیانی ئەگەر ئەو خزمە بە مافی پێشینەیی خزمایەتی هەستا ئەوا باشە، با بەجێی بهێنێت. بە یەزدانی زیندوو! ئەگەر ئەو نەیویست مافی پێشینەیی خزمایەتی بەجێبهێنێت، ئەوا من بەجێی دەهێنم. تۆ هەتا بەیانی پاڵبکەوە.»

14 ئەویش لەلای پێیەوە پاڵکەوت هەتا بەرەبەیان، ئینجا پێش ئەوەی کەسێک بتوانێت بیناسێتەوە، هەستا. بۆعەز گوتی: «کەس نازانێت کە ئافرەتێک هاتووە بۆ سەر جۆخینەکە.»

15 ئینجا بۆعەز بە ڕائووسی گوت: «چارۆکەکەی بەرت بهێنە و بیگرەوە.» ئەویش گرتییەوە و بۆعەزیش شەش پێوانەی لە جۆ کێشا و خستییە سەری. ئینجا بۆعەز چووە ناو شارۆچکەکەوە.

16 ڕائووسیش کە هات بۆ لای خەسووی، خەسووی لێی پرسی: «کچم چیت کرد؟»

ئەویش بۆعەز هەرچییەکی بۆ کرد بۆی گێڕایەوە. 17 گوتی: «ئەم شەش پێوانە جۆیە ئەو پێیدام، چونکە گوتی: ”بە دەستبەتاڵی مەچووەوە لای خەسووت.“»

18 ئینجا ناعۆمی گوتی: «کچم دابنیشە هەتا دەزانیت کارەکە چی لێدێت، چونکە پیاوەکە هێوور نابێتەوە هەتا ئەمڕۆ کارەکە تەواو نەکات.»

Footnotes

  1. 3‏:2 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏
  2. 3‏:9 دەربڕینێک بۆ مارەبڕین.‏
  3. 3‏:12 لە من پێشترە: بڕوانە لێڤییەکان 25‏:25‏‏.‏