Add parallel Print Page Options

پەیمانی خودا لەگەڵ نوح و نەوەی دواییدا

ئیتر خودا نوح و کوڕەکانی بەرەکەتدار کرد، پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن. با ئێوە ترس و سامتان هەبێت لەسەر هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و لەسەر هەموو ئەو ئاژەڵانەی کە لەسەر زەوی دەجوڵێنەوە، هەروەها لەسەر هەموو ماسییەکانی دەریاش، ئەوان خراونەتە بەردەستی ئێوە. هەموو ئەوانەی گیاندارن و دەبزوێن دەبنە خۆراک بۆتان: هەروەک چۆن ڕووەکی سەوزم پێداون، ئێستا هەموو شتێکتان دەدەمێ.

«بەڵام نابێت گۆشتێک بخۆن کە هێشتا زیندووە، واتە کە خوێنی[a] تێدابێت. بۆ خوێنی ژیانتان، بێگومان لێپرسینەوە دەکەم، بەهۆی هەر گیاندارێکەوە بێت لێپرسینەوە دەکەم. هەروەها بە دەستی مرۆڤ لەسەر گیانی مرۆڤی برای لێپرسینەوە دەکەم.

«هەرکەسێک خوێنی مرۆڤ بڕێژێت،
    بە دەستی مرۆڤ خوێنی دەڕێژرێتەوە،
چونکە خودا لەسەر وێنەی خۆی
    مرۆڤی دروستکردووە.

ئێوەش بەردار بن و زۆر بن، زەوی پڕ بکەن و تێیدا زۆر بن.»

خودا بە نوح و بە کوڕەکانی فەرموو کە لەگەڵیدا بوون: «من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە و نەوەی دوای ئێوەدا دەچەسپێنم، 10 لەگەڵ هەموو ئەو گیاندارانەی کە لەگەڵ ئێوەن، باڵندە و ئاژەڵە ماڵییەکان و هەموو ئاژەڵە کێوییەکان، هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان و لە کەشتییەکە هاتوونەتە دەرەوە، هەروەها هەرچی گیانداری سەر زەویش هەیە. 11 من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە دەچەسپێنم، هەرگیز جارێکی دیکە، هەموو گیانلەبەران بە ئاوی لافاو لەناو ناچن، هەرگیز جارێکی دیکە لافاو وا نابێت زەوی بە تەواوی وێران بکات.»

12 ئینجا خودا فەرمووی: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان دەیبەستم، پەیمانێکە بۆ هەموو نەوەکانی داهاتوو. 13 وا پەلکەزێڕینەی خۆمم لەناو هەورەکاندا داناوە، ئەوەش دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و زەوی. 14 ئینجا هەرکاتێک هەورم بەسەر زەویدا هێنا و پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا دەرکەوت، 15 من پەیوەست دەبم بە پەیمانەکەم لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو گیانێکی زیندوو لە هەموو جۆرێک. هەرگیز جارێکی دیکە ئاو لافاوێکی وا دروستناکات کە هەموو ژیانێک لەناو ببات. 16 هەرکاتێک پەلکەزێڕینە لە هەورەکان بێت، دەیبینم و من پەیوەست دەبم بە پەیمانە هەتاهەتاییەکە، کە لەنێوان خودا و هەموو گیانێکی زیندووە لە هەموو جۆرێک کە لەسەر زەوین.»

17 ئینجا خودا بە نوحی فەرموو: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە کە لەنێوان خۆم و هەموو ژیانێک کە لەسەر زەویدایە چەسپاندم.»

کوڕانی نوح

18 جا کوڕانی نوح کە لە کەشتییەکە هاتنە دەرەوە، سام و حام و یافەت بوون. حام باوکی کەنعان بوو. 19 ئەمانە سێ کوڕەکەی نوح بوون، لەمانەوە خەڵکی لە هەموو زەوی بڵاو بوونەوە.

20 نوح لە بەرهەمی خاک کار دەکات و دەستی بە چاندنی ڕەزە مێوێک کرد. 21 ئینجا کە لە شەرابەکەی خواردەوە، سەرخۆش بوو و لەناو چادرەکەیدا بە ڕووتی ڕاکشا. 22 حامی باوکی کەنعان، ڕووتی باوکی بینی و لە دەرەوە بە هەردوو براکەی ڕاگەیاند. 23 بەڵام سام و یافەت پۆشاکێکیان هێنا و خستیانە سەر شانیان، ئینجا پشتاوپشت چوون و ڕووتییەکەی باوکیان داپۆشی، ڕووشیان بەرەو دواوە بوو، ئیتر ڕووتییەکەی باوکیان نەبینی.

24 کاتێک نوح لە سەرخۆشییەکەی بەئاگا هاتەوە، زانی کوڕە بچووکەکەی چی پێکردووە. 25 ئینجا گوتی:

«نەفرەت لێکراو بێت کەنعان!
    دەبێتە کۆیلەی کۆیلەکان،
    بۆ براکانی.»

26 هەروەها گوتی:

«ستایش بۆ یەزدان، پەروەردگاری سام!
    با کەنعان ببێتە کۆیلەی سام.
27 با خودا دەرگا بۆ یافەت بکاتەوە و
    لە چادرەکانی سام جێنشین بێت.
    با کەنعان ببێتە کۆیلەی ئەو.»

28 دوای لافاوەکە نوح سێ سەد و پەنجا ساڵ ژیا. 29 هەموو تەمەنی نوح نۆ سەد و پەنجا ساڵ بوو، ئیتر مرد.

Footnotes

  1. 9‏:4 خوێن: لە زمان و کەلتوری عیبری خوێن هێمای ژیانە، ژیانیش لەلایەن یەزدانەوە پیرۆزکراوە کە بەخشیویەتی. لەبەر ئەو هۆکارە بووە کە جولەکەکان ڕێگەیان نەدابوو بە خواردنی گۆشت کە خوێنی تێدابێت. هەر لەبەر ئەوەش کوشتار و خوێنڕشتن بە کۆتایی پێهێنانی ژیان بینراوە، بۆیە لەلایەن یەزدانەوە لێپرسینەوەی لەسەرە.‏