Add parallel Print Page Options

جامە زیوەکەی نێو هەگبەکە

44 ئینجا یوسف فەرمانی دا بە سەرکاری ماڵەکەی خۆی و گوتی: «هەگبەی پیاوەکان پڕ بکەن لە خۆراک، ئەوەندەی لە توانایاندایە هەڵیبگرن، زیوی هەریەکەشیان بخەوە دەمی هەگبەکەی. جامەکەی خۆشم، جامە زیوەکە، لە دەمی هەگبەی بچووکەکەیان دابنێ لەگەڵ نرخی گەنمەکەی.» ئەویش بەپێی قسەکەی یوسف کارەکەی ئەنجام دا.

کە ڕۆژ بووەوە، پیاوەکان خۆیان و گوێدرێژەکانیان ڕۆیشتن. کاتێک کە لە شار ڕۆیشتن، هێشتا دوور نەکەوتبوونەوە، یوسف بە سەرکاری ماڵەکەی خۆی گوت: «هەستە و دوای ئەو پیاوانە بکەوە، کە پێیان گەیشتیت، پێیان بڵێ: ”بۆچی بە خراپە پاداشتی چاکەتان دایەوە؟ ئایا ئەمە ئەو جامە نییە کە گەورەکەم تێیدا دەخواتەوە و فاڵی پێ دەگرێتەوە؟ ئەوەی کردتان کارێکی خراپ بوو.“»

ئەویش پێیان گەیشتەوە و ئەم قسانەی پێ گوتن. بەڵام ئەوان پێیان گوت: «بۆچی گەورەمان قسەی وا دەکات؟ دوور بێت لە خزمەتکارەکانت شتی وا بکەن. ئەو زیوەی لە دەمی هەگبەکانمان دۆزیبوومانەوە، وا لە خاکی کەنعانەوە بۆمان هێنایتەوە. ئیتر چۆن لە ماڵی گەورەکەت زیو یان زێڕ دەدزین؟ لەلای هەرکام لە خزمەتکارەکانت دۆزرایەوە، ئەوە دەمرێت. ئێمەش دەبینە کۆیلەی گەورەی خۆمان.»

10 ئەویش گوتی: «باشە، ئێستا بەپێی قسەکەی خۆتان دەبێت. ئەوەی لەلای دەدۆزرێتەوە دەبێتە کۆیلەی من. ئێوەش بێتاوان دەبن.»

11 ئیتر هەریەکەیان خێرا هەگبەکەی خۆی داگرتە سەر زەوی و هەریەکەیان هەگبەکەی خۆی کردەوە. 12 ئەویش کەوتە پشکنین، لە گەورەکەیانەوە دەستی پێکرد و لە بچووکەکەیان تەواو بوو. ئیتر جامەکەی لە هەگبەکەی بنیامین دۆزییەوە! 13 ئەوانیش جلەکانی بەری خۆیان دادڕی و گوێدرێژەکانیان بارکردەوە و گەڕانەوە بۆ شارەکە.

14 ئینجا یەهودا و براکانی هاتنە ناو ماڵەکەی یوسف، ئەویش خۆی هێشتا لەوێ بوو، ئیتر لەبەردەمی کەوتنە سەر زەوی. 15 یوسفیش پێی گوتن: «ئەم کارە چییە ئێوە کردووتانە؟ ئایا نەتاندەزانی پیاوێکی وەک من فاڵ دەگرێتەوە؟»

16 یەهوداش وەڵامی دایەوە: «چی بە گەورەی خۆم بڵێین؟ قسەی چی بکەین و بە چی پاکانەی خۆمان بکەین. خودا تاوانی خزمەتکارەکانتی دەرخستووە. ئێستاش ئێمە کۆیلەی گەورەی خۆمانین، ئێمە و ئەوەی جامەکەش لە دەستی گیراوە.»

17 بەڵام یوسف گوتی: «لە من دوور بێت شتی وا بکەم! ئەو پیاوەی جامەکەی لە دەست گیراوە ئەو دەبێتە کۆیلەم. ئێوەش بە سەلامەتی سەربکەونەوە بۆ لای باوکتان.»

18 ئینجا یەهودا لێی چووە پێشەوە و گوتی: «ئەی گەورەم، تکایە، با خزمەتکاری خۆت قسەیەک بۆ گەورەکەی بکات. ڕقیشت لە خزمەتکاری خۆت هەڵنەستێت، چونکە تۆ وەک خودی فیرعەونیت. 19 گەورەم لە خزمەتکارانی خۆی پرسی: ”ئایا باوک یان براتان هەیە؟“ 20 ئێمەش بە گەورەمان گوت: ”باوکێکی پیرمان هەیە، کوڕێکی بچووکی تەمەنی پیری ئەویشمان هەیە، براکەی مردووە و خۆی بە تەنها بۆ دایکی ماوەتەوە، باوکیشی خۆشی دەوێت.“

21 «تۆش بە خزمەتکارانی خۆتت گوت: ”بۆم بهێنن هەتا بە چاوی خۆم بیبینم.“ 22 ئێمەش بە گەورەمان گوت: ”کوڕەکە ناتوانێت باوکی بەجێبهێڵێت، چونکە ئەگەر باوکی بەجێبهێڵێت باوکی دەمرێت.“ 23 بەڵام تۆ بە خزمەتکارەکانی خۆتت گوت: ”ئەگەر برا بچووکەکەتان لەگەڵتان بەرەو خوار نەهات، ئەوا چاوتان بە چاوم ناکەوێتەوە.“ 24 ئەوە بوو کاتێک گەڕاینەوە لای خزمەتکاری خۆت، باوکمان، قسەکانی گەورەی خۆممان پێی ڕاگەیاند.

25 «پاشان باوکمان پێی گوتین: ”بگەڕێنەوە و هەندێک خواردنمان بۆ بکڕن.“ 26 بەڵام ئێمە گوتمان: ”ناتوانین بەرەو خوار بچین، تەنها ئەگەر برا بچووکەکەمان لەگەڵ بێت بەرەو خوار دەچین، چونکە ناتوانین چاومان بە چاوی پیاوەکە بکەوێت و برا بچووکەکەشمان لەگەڵ نەبێت.“

27 «خزمەتکارەکەت، باوکمان پێی گوتین: ”ئێوە دەزانن ژنەکەم دوو کوڕی بۆم بووە، 28 یەکێکیان لەلای من ڕۆیشت، گوتم، ’هەبێت و نەبێت پارچەپارچە کراوە.‘ هەتا ئێستاش چاوم پێ نەکەوتووەتەوە. 29 خۆ ئەگەر ئەمەشیان لەبەردەمم ببەن و بەڵایەکی بەسەربێت، ئەوا مووە سپییەکانم بە خەم و پەژارەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.“

30 «ئێستاش ئەگەر بچمەوە لای خزمەتکاری خۆت، باوکم، کوڕەکەشمان لەگەڵ نەبێت و گیانیشی پەیوەستە بە گیانی ئەمەوە، 31 ئیتر هەر کە بینی کوڕەکە دیار نییە، ئەوا بۆ خۆی دەمرێت. ئێمەی خزمەتکارانیشت سەر سپی خزمەتکارت، باوکمان، بە خەم و پەژارەوە دادەگرینە ناو جیهانی مردووان، 32 چونکە خزمەتکاری خۆت زامنی سەلامەتی کوڕەکەی کردووە لەلای باوکم. گوتوومە: ”ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە ئەوا هەتاهەتایە تاوانبارم بەرامبەر بە باوکم!“

33 «ئێستاش با خزمەتکاری خۆت لە جیاتی کوڕەکە بمێنێتەوە و ببێتە کۆیلەی گەورەی خۆم، کوڕەکەش لەگەڵ براکانی بگەڕێتەوە. 34 چۆن بگەڕێمەوە لای باوکم و ئەو کوڕە لەگەڵ من نەبێت؟ نەوەک ئەو مەینەتییە ببینم کە بەسەر باوکمدا دێت.»