Add parallel Print Page Options

یەهودا و تامار

38 ئەوە بوو یەهودا لەو سەردەمەدا لەلای براکانی دابەزی و چوو بۆ لای پیاوێکی عەدولامی کە ناوی حیرە بوو. لەوێ یەهودا چاوی بە کچی پیاوێکی کەنعانی کەوت، پیاوەکەش ناوی شوەع بوو. ئەو کچەی خواست و لەگەڵی نوست. ئەویش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئێر. جارێکی دیکە سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا ئۆنان. دیسان سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا شالەح. کاتێک یەهودا لە کەزیب[a] بوو، ئەم کوڕەی بوو.

یەهودا ژنێکی بۆ ئێری کوڕە نۆبەرەی خۆی هێنا، ناوی تامار بوو. بەڵام ئێری کوڕە نۆبەرەی یەهودا لەبەردەم یەزدان بەدکار بوو، یەزدانیش لەناوی برد.

ئینجا یەهودا بە ئۆنانی گوت: «ژنی براکەت بخوازەوە و بڕۆ بەلای، بە ئەرکی برایەتی هەستە و نەوە بۆ براکەت بخەرەوە.» بەڵام ئۆنان ئەوەی زانی کە نەوەکە هی ئەم نابێت، ئیتر هەر کاتێک لەگەڵ ژنی براکەی دەنوست، تۆوەکەی خۆی دەڕژاندە سەر زەوی، بۆ ئەوەی نەوە بۆ براکەی نەخاتەوە. 10 ئەم کردارەی ئەو لەلای یەزدان کارێکی خراپ بوو، ئیتر ئەویشی مراند.

11 یەهودا بە تاماری بووکی خۆی گوت: «لە ماڵی باوکت بە بێوەژنی دابنیشە، هەتا شالەحی کوڕم گەورە دەبێت.» چونکە بیری کردەوە و گوتی: «نەوەک ئەمیشیان وەک دوو براکەی بمرێت.» تاماریش چوو لە ماڵی باوکی دانیشت.

12 دوای ماوەیەکی زۆر کچەکەی شوەع کە ژنی یەهودا بوو مرد. دوای ئەوەی دڵنەوایی بووە، یەهودا لەگەڵ حیرەی عەدولامی چوو بۆ تیمنا، بۆ لای ئەوانەی خوری مەڕەکانیان بۆ دەبڕییەوە.

13 کاتێک بە تاماریان ڕاگەیاند: «وا خەزوورت هاتووە بۆ تیمنا، بۆ بڕینەوەی خوری مەڕەکانی،» 14 ئەویش جلوبەرگی بێوەژنی داکەند و بە ڕووپۆش خۆی داپۆشی و خۆی پێچایەوە، لەبەر دەروازەی عێینەیم دانیشت، کە لەسەر ڕێگای تیمنایە، چونکە سەیری کرد وا شالەح گەورەش بووە، کەچی ئەمیان نەدایێ ببێتە ژنی.

15 کە یەهودا بینی وایزانی ئافرەتی لەشفرۆشییە، چونکە ڕووی خۆی داپۆشی بوو. 16 ئیتر لەسەر ڕێگاکە لایدا بەلای ئەودا و پێی گوت: «وەرە با لەگەڵت بنووم،» چونکە نەیزانی ئەوە بووکەکەیەتی.

ئەویش پێی گوت: «چیم پێدەدەیت بۆ ئەوەی لەگەڵم بنوویت؟»

17 ئەویش گوتی: «لە ماڵاتەکەم گیسکێکت بۆ دەنێرم.»

ئەمیش گوتی: «ئەی شتێکم وەک بارمتە دەدەیتێ هەتا دەینێریت؟»

18 ئەویش گوتی: «چ بارمتەیەکت بدەمێ؟»

ئەمیش گوتی: «مۆر و قەیتان و گۆچانەکەی دەستت.» ئەویش ئەمانەی دایێ و لەگەڵی نوست، ئیتر سکی لێی پڕبوو. 19 ئینجا هەستا و ڕۆیشت، ڕووپۆشەکەی لە خۆی کردەوە و جلوبەرگی بێوەژنی لەبەرکردەوە.

20 هەر لەو ماوەیەدا یەهودا گیسکەکەی بە هاوڕێ عەدولامییەکەیدا نارد بۆ ئەوەی بارمتەکە لە دەست ژنەکە وەربگرێتەوە. بەڵام ئەو نەیبینییەوە. 21 ئیتر پرسیاری لە خەڵکی ئەو ناوە کرد و گوتی: «ئەرێ ئەو ئافرەتە لەشفرۆشەی[b] لە نزرگە لە کەناری ڕێی عێینەیم بوو لەکوێیە؟»

ئەوانیش گوتیان: «ئەم ناوە هیچ ئافرەتێکی لەشفرۆشی لێ نەبووە.»

22 ئەویش گەڕایەوە لای یەهودا و پێی گوت: «نەمبینییەوە. خەڵکەکەی ئەو ناوەش گوتیان: ”هیچ ئافرەتی لەشفرۆش لەو ناوەدا نییە.“»

23 یەهوداش گوتی: «با بۆ خۆی هەڵیانبگرێت نەوەک ڕیسوا بین. ئەوەتا ئەم گیسکەم بۆ ناردووە، بەڵام تۆ ئەوت نەبینییەوە.»

24 نزیکەی سێ مانگ دوای ئەوە بە یەهودا ڕاگەیەنرا و گوترا: «تاماری بووکت لەشفرۆشی کردووە، بەهۆی ئەو لەشفرۆشییەوە سکیشی پڕە.»

یەهوداش گوتی: «بیهێننە دەرەوە بۆ ئەوەی بسووتێنرێت!»

25 ئەوە بوو کە هێنرایە دەرەوە، ناردییە لای خەزووری و گوتی: «سکم لەو پیاوە پڕە کە خاوەنی ئەمانەیە.» هەروەها گوتی: «وردبەرەوە ئەم مۆر و قەیتان و گۆچانە هی کێیە؟»

26 یەهوداش ئەوانی ناسییەوە و گوتی: «ئەو لە من ڕاستودروستترە، لەبەر ئەوەی نەمداوە بە شالەحی کوڕم.» دوای ئەمە ئیتر لەگەڵی نەنوستەوە.

27 کە هاتە سەر منداڵبوون، دووانەیەک[c] لە سکی بوو. 28 لە کاتی منداڵبوونی یەکێکیان دەستی هێنایە دەرەوە، مامانەکەش دەزووێکی سووری لە دەستی بەست و گوتی: «ئەمەیان یەکەم جار هاتە دەرەوە.» 29 بەڵام کە دەستی کێشایەوە دواوە، براکەی هاتە دەرەوە، مامانەکەش گوتی: «ئەوە بۆ هەڵتکوتا، دەک هەڵبکوترێتە سەرت!» ئەمەیان ناونرا پێرێز[d]. 30 لەدوای براکەی، کە دەزووە سوورەکە بە دەستییەوە بوو، هاتە دەرەوە. ئەمەشیان ناونرا زەرەح[e].

Footnotes

  1. 38‏:5 کەزیب: شارۆچکەیەک بووە 5 کیلۆمەتر باشووری عەدولام.‏
  2. 38‏:21 بەپێی باوەڕی ئایینی کەنعانی بۆ بەردارکردنی کێڵگە لەگەڵ لەشفرۆشی نزرگە جووت دەبوون. هەندێک لە نەوەی ئیسرائیل ئەم باوەڕەی کەنعانییەکانیان پەیڕەو کردووە. بڕوانە دواوتار 23‏:17‏-18.‏
  3. 38‏:27 جمک‏
  4. 38‏:29 پێرێز: واتە هەڵکوتان.‏
  5. 38‏:30 زەرەح: واتە سوورە یان بریقەدار.‏