Add parallel Print Page Options

ڕاکردنی یاقوب لەلای لابان

31 یاقوب گوێی لە قسەکانی کوڕەکانی لابان بوو کە گوتبوویان، «هەموو ئەوەی هی باوکمان بوو، یاقوب بردی، لەوەی هی باوکمان بوو هەموو ئەم سامانەی دروستکرد.» هەروەها یاقوب سەیری لابانی کرد و بینی کە بەرامبەری گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە.

یەزدان بە یاقوبی فەرموو: «بگەڕێوە بۆ خاکی باوکانت و بۆ لای کەسوکارەکەت، منیش لەگەڵت دەبم.»

یاقوبیش بەدوای ڕاحێل و لێئەدا ناردی بێنە لای لەو لەوەڕگایەی مەڕوماڵاتەکەی لێیە. پێی گوتن: «دەبینم باوکتان بەرامبەر بە من گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە، بەڵام خودای باوکم لەگەڵ من بووە. خۆتان دەزانن کە من بە هەموو توانامەوە خزمەتی باوکتانم کردووە، کەچی باوکتان هەڵیخەڵەتاندم و دە جار کرێیەکەی منی گۆڕی. بەڵام خودا ڕێی پێنەدا کە خراپەم لەگەڵ بکات. کاتێک دەیگوت: ”بزنە خاڵدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خاڵداریان دەبوو. بەڵام کاتێک ڕای خۆی دەگۆڕی و دەیگوت: ”بزنە خەتدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خەتداریان دەبوو. خودا مەڕوماڵاتی باوکتانی برد و دایە من.

10 «لە کاتی پەڕینی ئاژەڵ، چاوم هەڵبڕی و لە خەوندا بینیم، وا تەگەکان کە لەگەڵ بزنەکان دەپەڕن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن. 11 فریشتەی خوداش لە خەونەکە پێی فەرمووم: ”یاقوب.“ منیش گوتم: ”ئەوەتام.“ 12 ئەویش فەرمووی: ”چاو هەڵبڕە و بڕوانە، وا هەموو ئەو تەگانەی لەگەڵ بزنەکان جووت دەبن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن. هەموو ئەوەم بینیوە کە لابان بە تۆی کردووە. 13 من خودای بێت‌ئێلم، ئەو شوێنەی تێیدا بەردێکت بە ستوونی ڕاگیر کرد و زەیتت بەسەریدا کرد، لەوێ نەزرت بۆ کردم. ئێستاش هەستە و لەم خاکە بڕۆ دەرەوە و بگەڕێوە بۆ خاکی لەدایکبوونەکەت.“»

14 ئینجا ڕاحێل و لێئە وەڵامیان دایەوە و پێیان گوت: «ئایا لە ماڵی باوکمان بەش و میراتمان هەیە؟ 15 مەگەر لای ئەو بە بێگانە دانەنراوین؟ چونکە ئێمەی فرۆشت و ئەو نرخەی پێشمان درابوو خواردی. 16 هەموو ئەو سامانەی خودا لە باوکمانی برد بۆ ئێمە و منداڵەکانمانە. ئێستاش هەرچی خودا پێی فەرموویت بیکە.»

17 ئیتر یاقوب هەستا و منداڵەکانی و ژنەکانی سواری وشترەکان کرد. 18 هەموو مەڕوماڵات و ئەو دەستکەوتانەی دەستی کەوتبوو دایە پێش خۆی، ئەوەی هەیبوو و لە پەدان ئارام پەیدای کردبوو، بۆ لای ئیسحاقی باوکی چوو لە خاکی کەنعان.

19 لابان بۆ بڕینەوەی مەڕەکانی چووبوو، ڕاحێلیش بتەکانی[a] باوکی دزی. 20 هەروەها یاقوبیش لابانی ئارامی هەڵخەڵەتاند، چونکە پێی ڕانەگەیاند کە ڕادەکات. 21 ئیتر بە هەموو ئەو شتانەوە کە هەیبوو هەڵات، لە ڕووباری فورات پەڕییەوە و ڕووی کردە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد.

لابان دوای یاقوب دەکەوێت

22 ڕۆژی سێیەم بە لابان ڕاگەیەنرا کە یاقوب هەڵاتووە. 23 ئەویش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دوای کەوت، هەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد پێی گەیشتەوە. 24 خودا لە شەودا هاتە خەوی لابانی ئارامی و پێی گوت: «وریابە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.»

25 کاتێک لابان گەیشتە یاقوب، یاقوب لە چیاکە چادرەکەی هەڵدابوو، لابانیش لەگەڵ پیاوەکانی لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد چادریان هەڵدا. 26 لابان بە یاقوبی گوت: «ئەمە چییە کردووتە؟ هەڵتخەڵەتاندووم و کچەکانی منیشت وەک ڕاپێچکراو داوەتە پێش خۆت. 27 بۆچی بەدزییەوە ڕات کرد و هەڵتخەڵەتاندم؟ بۆچی ئاگادارت نەکردمەوە بۆ ئەوەی بە شادی و گۆرانییەوە، بە دەف و بە قیسارەوە بەڕێت بکەم؟ 28 تەنانەت بوارت نەدام کوڕ و کچەکانم ماچ بکەم. تۆ ڕەفتارێکی گێلانەت کرد. 29 لە دەسەڵاتمدایە خراپتان پێ بکەم، بەڵام خودای باوکتان دوێنێ پێی گوتم: ”وریابە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.“ 30 ئێستاش وا ڕۆیشتی، چونکە تامەزرۆی بۆ ماڵی باوکت، بەڵام بۆچی بتەکانی منت دزی؟»

31 یاقوبیش وەڵامی دایەوە و بە لابانی گوت: «چونکە ترسام نەوەک بە زۆرەملێ کچەکانتم لێ بستێنیتەوە. 32 ئەوەش کە بتەکانتی لەلا دەبینیتەوە، نابێت بژیێت. لەبەردەم کەسوکاریشماندا ببینە چی تۆم لەلایە، بیبە بۆ خۆت.» بەڵام یاقوب نەیدەزانی کە ڕاحێل دزیویەتی.

33 ئیتر لابان چووە ناو چادرەکەی یاقوب و چادرەکەی لێئە و چادری هەردوو کەنیزەکەوە، بەڵام هیچی نەدۆزییەوە. ئینجا لە چادرەکەی لێئە هاتە دەرەوە و چووە ناو چادرەکەی ڕاحێل. 34 ڕاحێل بتەکانی بردبوو، خستبوویە ناو کورتانی وشترەکەوە و لەسەریان دانیشتبوو. لابانیش هەموو ناو چادرەکە گەڕا بەڵام هیچی نەدۆزییەوە.

35 بە باوکی گوت: «گەورەم تووڕە مەبە، ناتوانم لەبەردەمت هەستم، چونکە خوێنلێچوونی ژنان و سووڕی مانگانەم هەیە.» ئەویش پشکنینی خۆی کرد، بەڵام بتەکانی نەدۆزییەوە.

36 بۆ یاقوب ناخۆش بوو، بەگژ لاباندا چوو، یاقوب بە لابانی گوت: «تاوانم چییە؟ گوناهم چییە، وا گڕت گرت بەدوامدا هاتیت؟ 37 ئەوا هەموو شتەکانم گەڕایت، چ شتێکی ماڵەکەی خۆتت تێدا دۆزییەوە؟ ئا لێرە بیخەرە بەردەم پیاوەکانم و پیاوەکانت، با ئەوان دادوەری نێوان هەردووکمان بکەن.

38 «ئەوە بیست ساڵە من لەگەڵ تۆم، نە مەڕەکانت بەریان خست، نە بزنەکانیشت، نە منیش لە بەرانی مێگەلەکەی تۆم خوارد. 39 ئەوانەی دەبوونە نێچیری ئاژەڵ بۆم نەدەهێنایتەوە، بەڵکو لەسەر من دەکەوتن. لە منت داوا دەکردەوە، ئەگەر بە ڕۆژ بدزرابوونایە یان بە شەو. 40 بە ڕۆژ گەرما دەیخواردم و بە شەویش سەرما. خەویش لە چاوم بڕابوو. 41 ئەوا بیست ساڵە لە ماڵەکەی تۆم، چواردە ساڵ لەبری دوو کچەکەت خزمەتم بۆ کردیت و شەش ساڵیش لەبری مەڕەکانت، دە جاریش کرێیەکەی منت گۆڕی. 42 ئەگەر خوداکەی باوکم، خودای ئیبراهیم و ئەوەی ئیسحاق لێی دەترسا لەگەڵ من نەبووایە، ئەوا ئێستا بە دەستی بەتاڵ بەڕێت دەکردم. بەڵام خودا ڕوانییە ڕەنجکێشیم و ماندووبوونی دەستم، دوێنێ شەو سەرزەنشتی کردیت.»

43 لابانیش وەڵامی دایەوە و بە یاقوبی گوت: «کچەکان کچی خۆمن و منداڵەکانیشیان منداڵی خۆمن، مەڕەکانیش مەڕی خۆمە، هەرچییەکیش تۆ دەیبینیت هی منە. بەڵام ئەمڕۆ چی بکەم لە کچەکانم و لەو منداڵانەی بوویانە؟ 44 ئێستاش وەرە با من و تۆ پەیمانێک ببەستین، با ببێتە شایەتی لەنێوان من و تۆ.»

45 یاقوبیش بەردێکی هێنا و بە ستوونی داینا. 46 ئینجا یاقوب بە پیاوەکانی خۆی گوت: «بەرد کۆبکەنەوە.» ئەوانیش بەردیان هێنا و کەڵەکەیان کردن، لەوێ لەسەر کەڵەکە بەردەکە نانیان خوارد. 47 لابان ئەوێی ناونا «یەگەر ساهەدوتا»، یاقوبیش ناوی لێنا گەلعید.

48 لابان گوتی: «ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵە بەردە شایەتی نێوان من و تۆن.» بۆیە ناونرا گەلعید. 49 هەروەها ناویش نرا میچپا، چونکە لابان گوتی: «با یەزدان چاودێری نێوان من و تۆ بکات، کاتێک لەبەرچاوی یەکتر ون دەبین. 50 ئەگەر بەدڕەفتاری لەگەڵ کچەکانم بکەیت یان ژنیان بەسەربهێنیت، هەرچەندە پیاومان لەگەڵ نییە، بەڵام خودا شایەتی نێوان من و تۆیە.»

51 هەروەها لابان بە یاقوبی گوت: «تەماشا ئەم کۆمەڵە بەردە و ئەم ستوونە بکە کە لەنێوان خۆم و خۆت دامنا. 52 ئەم کەڵەکە بەردە شایەتە و ئەم ستوونەش شایەتییە کە من لەم کەڵەکە بەردە تێناپەڕم بۆ ئەوەی خراپەت لەگەڵ بکەم، تۆش لەم کۆمەڵە بەردە و لەم ستوونە تێناپەڕیت بۆ ئەوەی خراپەم لەگەڵ بکەیت. 53 با خودای ئیبراهیم و خودای ناحۆر، خودای باوکیان، دادوەری لەنێوانمان بکەن.»

ئیتر یاقوب بە ناوی ئەم خودایە سوێندی خوارد کە ئیسحاقی باوکی لێ دەترسا. 54 ئینجا یاقوب لەو ناوچەی شاخاویدا قوربانی سەربڕی و کەسوکاری بانگهێشت کرد بۆ نانخواردن. ئەوانیش نانیان خوارد و لە کێوەکە شەویان بەسەربرد.

55 بۆ سبەی بەیانی لابان زوو لە خەو هەستا و کچەزاکانی و کچەکانی ماچکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کردن. ئیتر لابان بەرەو شوێنی خۆی گەڕایەوە.

Footnotes

  1. 31‏:19 عیبری: تەرافیم‏ جۆرێک بت بووە لەناو ماڵ، لە شێوەی مرۆڤدا بووە.‏