Add parallel Print Page Options

ئیبراهیم و ئەبیمەلەخ

20 ئیبراهیم لەوێوە بەرەو زەوی نەقەب کۆچی کرد و لەنێوان قادێش و شووردا نیشتەجێ بوو، لە گرار ئاوارە بوو. ئیبراهیم سەبارەت بە سارای ژنی گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئینجا ئەبیمەلەخی پاشای گرار ناردی و سارای برد.

ئینجا خودا هاتە خەوی ئەبیمەلەخ و پێی فەرموو: «ئەوا تۆ بەهۆی ئەو ژنەی بردووتە دەمریت، چونکە ئەو ژنێکی بە مێردە.»

بەڵام هێشتا ئەبیمەلەخ لە سارای نزیک نەکەوتبووەوە، گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئایا نەتەوەیەکی بێتاوان دەکوژیت؟ ئەی ئیبراهیمش پێی نەگوتم ”ئەو خوشکمە،“ ساراش خۆی نەیگوت ”ئەو برامە“؟ من ئەمەم بە دڵسافی و دەستی پاکەوە کردووە.»

خوداش لە خەونەکەدا پێی فەرموو: «منیش دەزانم تۆ ئەمەت بە دڵسافییەوە کردووە، هەر خۆشم ڕێگام لێ گرتیت کە گوناهم بەرامبەر بکەیت. لەبەر ئەوە بوو کە نەمهێشت دەستی بۆ ببەیت. ئێستاش ژنی پیاوەکە بگەڕێنەوە، ئەو پێغەمبەرە، لە پێناوی تۆ نزا دەکات و دەژیت. بەڵام ئەگەر نەشیگەڕێنیتەوە، ئەوە بزانە کە بێگومان دەمریت، خۆت و هەموو ئەوانەی هی تۆن.»

سبەی ئەبیمەلەخ بەیانی زوو لە خەو هەستا و هەموو خزمەتکارەکانی بانگکرد و هەموو ئەم شتانەی پێیان گوت، پیاوەکانیش زۆر ترسان. ئینجا ئەبیمەلەخ ئیبراهیمی بانگکرد و پێی گوت: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ چ گوناهێکم بەرامبەرت کردووە تاکو خۆم و شانشینەکەم تووشی تاوانێکی وا گەورە بکەیت؟ ئەو کارەی کە ناشێت بە منت کرد.» 10 ئەبیمەلەخ بە ئیبراهیمی گوت: «چیت بینی هەتا ئەم کارەت کرد؟»

11 ئیبراهیمیش گوتی: «چونکە گوتم: ”لەم شوێنەدا هیچ لەخواترسی نییە، لەبەر ژنەکەشم من دەکوژن.“ 12 لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕاستیدا ئەو خوشکمە، کچی باوکمە، بەڵام کچی دایکم نییە. ئیتر بووە ژنم. 13 کاتێکیش خودا لە ماڵی باوکمەوە ئاوارەی کردم، بە ژنەکەمم گوت: ”ئەمە ئەو چاکەیە کە لەگەڵمدا دەکەیت، چووینە هەر شوێنێک، سەبارەت بە من بڵێ: ئەو برامە.“»

14 ئیتر ئەبیمەلەخ مەڕ و مانگا و خزمەتکار و کەنیزەی هێنا و دایە ئیبراهیم، سارای ژنیشی بۆ گەڕاندەوە. 15 ئینجا ئەبیمەلەخ گوتی: «زەوییەکەم وا لەبەردەمی تۆیە، هەرکوێیەکیت پێ باشە لەوێ دابنیشە.»

16 بە ساراشی گوت: «من ئێستا هەزار شاقل زیو[a] دەدەمە براکەت. ئەمە بەرامبەر بە ئابڕووبردنەکەی تۆیە لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەگەڵتن و لەلای هەموو کەسێک، ئیتر تۆ تەواو ڕوو سپیت.»

17 ئینجا ئیبراهیم لە خودا پاڕایەوە، خوداش ئەبیمەلەخ و ژنەکەی و کەنیزەکانی چاککردەوە و منداڵیان بوو، 18 چونکە هەرچی منداڵدانی ماڵی ئەبیمەلەخ هەبوو، یەزدان بە تەواوی بەستبووی، بەهۆی سارای ژنی ئیبراهیمەوە.

Footnotes

  1. 20‏:16 نزیکەی 12 کیلۆگرام.‏