Add parallel Print Page Options

ڕۆژی حەوتەم: پشوودان

بەم شێوەیە ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندا ڕێکخرابوو تەواو کران.

ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لەو کارەی کە کردبووی تەواو ببوو، ئینجا لە ڕۆژی حەوتەمدا لە هەموو کارەکانی پشووی دا. خودا ڕۆژی حەوتەمی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد، چونکە تێیدا لە هەموو کارەکانی پشووی دا، هەموو ئەوەی خودا بەدیهێنا و دروستی کرد.

ئادەم و حەوا

ئەمانەش ڕێکخستنەکانی ئاسمان و زەوین کاتێک بەدی هێنران، لەو ڕۆژەی یەزدانی پەروەردگار زەوی و ئاسمانی دروستکرد.

هێشتا هیچ دەوەنێکی کێڵگە لەسەر زەوی نەبوو، هەروەها هیچ ڕووەکێکی کێڵگەش هێشتا سەری دەرنەکردبوو، چونکە هێشتا یەزدانی پەروەردگار بارانی بەسەر زەویدا نەباراندبوو. هیچ مرۆڤێکیش نەبوو ئیشی جوتیاری بکات. بەڵام تەم لە زەوییەوە سەردەکەوت و هەموو ڕووی زەوی ئاو دەدا. جا یەزدانی پەروەردگار پیاوی لە خۆڵی زەوی[a] پێکهێنا و هەناسەی ژیانی فووکردە کونە لووتی. بەمەش پیاوەکە بووە گیانێکی زیندوو.

ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەکی لە عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتدا چاند. لەوێش پیاوەکەی دانا کە پێکی هێنابوو. یەزدانی پەروەردگار هەموو ئەو جۆرە درەختانەی کە لەبەرچاو جوان بوون و بۆ خواردن خۆش بوون لە زەویدا گەشەی پێکرد. درەختی ژیانیش لەناوەڕاستی باخچەکەدا بوو، هەروەها درەختی زانینی چاکە و خراپە.

10 ڕووبارێک لە عەدەنەوە هەڵدەقوڵا و لەبەری دەڕۆیشت بۆ ئاودانی باخچەکە، لەوێوە جیا بووەوە و بووە چوار لق: 11 ناوی یەکەمیان پیشۆنە کە بە هەر چوار لای هەموو زەوی حەڤیلادایە، کە زێڕی لێیە. 12 زێڕی ئەو زەوییە چاکە، هەروەها سرێشی[b] داری بۆن خۆش و بەردی عاشقبەندیشی لێیە. 13 ناوی ڕووباری دووەمیان گیحۆنە، کە بە شێوەی پێچاوپێچ بە هەموو خاکی کوشدا[c] دەڕوات. 14 ناوی ڕووباری سێیەم دجلەیە،[d] ئەمیش بە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەشووردا[e] دەڕوات. ڕووباری چوارەمیش فوراتە.

15 یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی هێنا و لە باخچەی عەدەن داینا، بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی. 16 یەزدانی پەروەردگار فەرمانی بە پیاوەکە دا و فەرمووی: «تۆ ئازادیت لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت، 17 بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت، چونکە لەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.»

18 یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «باش نییە بۆ پیاو بە تەنها بێت. یاریدەرێکی هاوشانی بۆ دروستدەکەم.»

19 یەزدانی پەروەردگار هەر لە خۆڵی زەوی هەموو ئاژەڵی کێوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمانی پێکهێنا. ئینجا بۆ پیاوەکەی هێنا هەتا ببینێت ناوی چییان لێ دەنێت، هەر ناوێک کە پیاوەکە لە هەریەک لەم بوونەوەرە زیندووانەی نا، ئەوە ناوەکەی بوو. 20 پیاوەکە ناوی لە هەموو ئاژەڵی ماڵی و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی کێوی نا.

بەڵام بۆ پیاوەکە[f] هیچ یاریدەرێکی هاوشان نەدۆزرایەوە.

21 لە ئەنجامدا یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی خستە خەوێکی قووڵەوە. کاتێک خەوتبوو، یەکێک لە پەراسووەکانی دەرهێنا و شوێنەکەی بە گۆشت بۆ پڕکردەوە. 22 ئینجا یەزدانی پەروەردگار ئافرەتێکی لەو پەراسووە بنیاد نا کە لە پیاوەکەی وەرگرتبوو، جا بۆ پیاوەکەی هێنا.

23 پیاوەکە گوتی:

«ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسقانەکانم و
    گۆشتە لە گۆشتم.
ئەمە ناودەبردرێت بە ”ئافرەت“[g]
    چونکە لە پیاوەوە وەرگیراوە.»

24 لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر دەبنە یەک جەستە.

25 پیاوەکە و ژنەکەی هەردووکیان ڕووت بوون، شەرمیشیان نەدەکرد.

Footnotes

  1. 2‏:7 لە زمانی عیبری بە پیاو دەگوترێت ئادام‏، کە نزیکە لە وشەی ئەداما‏ کە بە واتای زەوی دێت.‏
  2. 2‏:12 شیلەیەکی لینجە لە هەندێک دارودرەخت دەردەچێت، کاتێک بریندار دەکرێت یان دەبڕدرێت.‏
  3. 2‏:13 دەشێت باشووری ڕۆژهەڵاتی میسۆپۆتامیا بێت.‏
  4. 2‏:14 دجلە: عیبری حیدەقەل‏ هەمان ڕووباری دجلەیە.‏
  5. 2‏:14 وڵاتی ئاشور لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دجلە بوو، بەڵام شاری ئەشوور لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووبارەکە بوو. پاشان ناونراوە بە نەینەوا. بڕوانە پەیدابوون 10‏:11.‏‏
  6. 2‏:20 بۆ پیاوەکە: بۆ ئادەم. لە زمانی عیبری بە وشەی لئادام‏ هاتووە، واتە (بۆ پیاوەکە) یان (بۆ ئادام).‏
  7. 2‏:23 ئافرەت: لە زمانی عیبری وشەی ئیش‏ بە واتای پیاوە، ئافرەتیش ئیشا‏.‏