Add parallel Print Page Options

هاجەر و ئیسماعیل

16 سارای ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو، بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو. سارای بە ئەبرامی گوت: «یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم. لەگەڵ کەنیزەکەم بنوو، بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.»

ئەبرامیش بە قسەی سارای کرد. ئینجا سارای ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا، ئەمەش پاش دە ساڵ بوو لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان، دایە ئەبرامی مێردی هەتا ببێتە ژنی. ئیتر لەگەڵ هاجەر نوست، ئەویش سکی پڕ بوو.

کاتێک کە زانی وا سکی هەیە، خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو. ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت: «ئەو سووکایەتییەی بە من دەکرێ تۆ لێی بەرپرسی. من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ، ئێستاش کە زانی سکی هەیە، لەبەرچاویدا سووک بووم. با یەزدان دادوەری نێوان من و تۆ بکات.»

ئەبرامیش بە سارای گوت: «وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە، چیت پێ باشە وای لێ بکە.» ئیتر سارای هاجەری زەلیل کرد، ئەویش لە دەستی هەڵات.

ئینجا فریشتەی یەزدان هاجەری لەسەر کانییەک دۆزییەوە لە چۆڵەوانی. لەسەر ئەو کانییەی لە ڕێگای شوورە. فەرمووی: «ئەی هاجەری کەنیزەی سارای، لەکوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەچیت؟»

ئەویش گوتی: «لەدەست سارای خانمی خۆم ڕامکردووە.»

فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «بگەڕێوە لای خانمەکەت و ژێردەستەی بە.» 10 هەروەها فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.»

11 دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو:

«ئێستا سکت پڕە،
    کوڕێکت دەبێت،
ناوی دەنێیت ئیسماعیل،
    چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلی تۆ بوو.
12 ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی[a] لێ دێت.
    دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و
    دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو.
    بەرامبەر هەموو براکانیشی نەیار دەبێت.»

13 ئینجا ئەم ناوەی لە یەزدان نا کە لەگەڵیدا دوا، «تۆ ئەو خودایەی کە دەبینیت،» چونکە هاجەر گوتی: «ئا لێرەشدا ئەوم بینی کە دەمبینێت.» 14 لەبەر ئەمەشە کە ئەو بیرە[b] بە «بیری لەحەی ڕۆئی» ناونراوە، ئێستاش وا لەنێوان قادێش[c] و بەرەدە.

15 ئیتر هاجەر کوڕێکی بۆ ئەبرام بوو، ئەبرامیش ئەو کوڕەی خۆی کە لە هاجەر بوو ناوی لێنا ئیسماعیل. 16 ئەبرام تەمەنی هەشتا و شەش ساڵ بوو کاتێک هاجەر ئیسماعیلی بۆ ئەبرام بوو.

Footnotes

  1. 16‏:12 مەبەستی لە سووکایەتی نییە، بەڵکو باسی ئاکاری کەرەکێوی دەکات لە بەهێزی و سەربەستی و سەربەخۆیی ژیانی.‏
  2. 16‏:14 لەبەر ئەوەی ئاوی کانییەکە نەما پێویست بوو کە بیرێک لێ بدەن بۆ ئەوەی بگەنە ئاوەکە.‏
  3. 16‏:14 قادێش: بڕوانە پەیدابوون 14‏:7.‏‏