Add parallel Print Page Options

ڕۆڵە، سەرنج بدە داناییم،
    گوێ بۆ تێگەیشتنم شل بکە،
تاکو سەلیقەت بپارێزیت و
    لێوەکانت ئاگایان لە زانیاری بێت.
چونکە لێوەکانی ژنی داوێنپیس هەنگوینیان لێ دەتکێت،
    قسەی لە ڕۆن لووسترە.
بەڵام کۆتاییەکەی وەک زەقنەبووت تاڵە،
    وەک شمشێری دوو دەم تیژە.
پێیەکانی بەرەو خوار دەبنەوە بۆ مردن،
    هەنگاوەکانی پەیوەستن بە جیهانی مردووانەوە.
سەرنج ناداتە ڕێچکەی ژیان،
    هەنگاوەکانی خوارە بەڵام ئەو نازانێت.

ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن،
    لە قسەی دەمم خۆتان لامەدەن.
ڕێگای خۆتی لێ دووربخەوە،
    لە دەرگای ماڵەکەی نزیک مەبەوە،
نەوەک شکۆمەندیت بە خەڵکی دیکە بدەیت و
    ساڵانی تەمەنت بە کەسی دڵڕەق،
10 نەوەک بێگانەکان لە توانات تێر بن و
    بەری ماندووبوونت بۆ ماڵی نامۆیەک بڕوات.
11 لە کۆتاییتدا دەناڵێنیت،
    کاتێک گۆشت و جەستەت لەناودەچێت.
12 دەڵێیت: «چۆن ڕقم لە تەمبێکردن دەبووەوە،
    دڵم گاڵتەی بە سەرزەنشت دەهات.
13 گوێڕایەڵی ئەوانە نەبووم کە ڕێنماییان دەکردم و
    گوێم بۆ مامۆستاکانم شل نەکرد.
14 کەمێکی مابوو بکەومە ناو هەموو خراپەیەکەوە،
    لەناو کۆڕ و کۆمەڵدا.»

15 لە ئەمباراوی خۆت ئاو بخۆوە،
    لە ئاوی هەڵقوڵاوی بیرەکەت.
16 ئایا کانییەکانت بڕژێتە سەر شەقامەکان،
    جۆگەی ئاو بێت لە گۆڕەپانەکان؟
17 با تەنها بۆ تۆ بێت،
    بێگانەت لەگەڵدا نەبێت.
18 با کانیاوەکەت بەرەکەتدار بێت،
    بە هاوسەری گەنجییەتیت دڵخۆش بە.
19 ئاسکێکی خۆشەویست و مامزێکی شۆخ و شەنگ،
    با هەموو کاتێک مەمکەکانی تێرت بکەن،
    بە خۆشەویستی ئەو هەمیشە وێڵ بیت.
20 کوڕی خۆم، ئیتر بۆچی وێڵی ژنی بەدڕەوشت دەبیت؟
    بۆچی ژنی داوێنپیس لە باوەش دەگریت؟

21 چونکە ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی یەزدانە،
    هەموو ڕێڕەوەکانی هەڵدەسەنگێنێت.
22 بەدکار بە تاوانەکانی خۆیەوە پێوەبوو،
    بە داوی گوناهەکانی خۆیەوە دەبێت.
23 لەبەر نەبوونی تەمبێکردن دەمرێت،
    لەبەر زۆری دەبەنگییەکەی سەرگەردان دەبێت.