Add parallel Print Page Options

یارمەتی نەحەمیا بۆ هەژاران

هاواری ژن و پیاوەکان لەدەست برا جولەکەکانیان بەرزبووەوە. هەبوو دەیانگوت: «کوڕ و کچەکانمان زۆرن و لێمانگەڕێن دانەوێڵە ببەین، هەتا بخۆین و بژین.»

هەبوو دەیانگوت: «لەو قاتوقڕییەدا کێڵگە و ڕەز و ماڵەکانمان بە بارمتە دەدەین بۆ وەرگرتنی دانەوێڵە.»

هەروەها هەبوو دەیانگوت: «زیومان قەرز کردووە هەتا باجی کێڵگە و ڕەزەکانمان بدەینە پاشا. ئێستاش هەرچەندە ئێمە لە گۆشت و خوێنی یەکین و کوڕەکانی ئەوان و ئێمە وەک یەکن، بەڵام ئێمە زۆر لە کوڕ و کچەکانمان دەکەین ببن بە کۆیلە، هەندێک لە کچەکانمان ژێردەستەن و لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نین، کێڵگە و ڕەزەکانمان بۆ کەسانی دیکەن.»

زۆر تووڕە بووم کاتێک گوێم لە هاوارەکەیان و ئەو قسانە بوو، لەبیری خۆمدا لێکم دایەوە و مشتومڕم لەگەڵ پیاوماقوڵ و کاربەدەستەکان کرد و پێم گوتن: «ئێوە سوو لە براکانتان وەردەگرن!» ئینجا کۆمەڵێکی گەورەم لە دژیان کۆکردەوە و پێم گوتن: «ئێمە بەپێی توانامان برا جولەکەکانمان ئەوانەی بە نەتەوەکان فرۆشرا بوون کڕیونەتەوە، کەچی ئێوە براکانتان دەفرۆشن و پاشان بە ئێمە دەفرۆشرێنەوە!» ئینجا لاڵ بوون و یەک وشەیان نەبوو وەڵامی پێ بدەنەوە.

گوتم: «ئەوەی ئێوە دەیکەن کارێکی باش نییە. ئایا پێویست نییە ئێوە بە لەخواترسییەوە هەڵسوکەوت بکەن لەبەر گاڵتەپێکردنی ئەو نەتەوانەی دوژمنمانن؟ 10 من و براکانم و خزمەتکارەکانم بە هەمان شێوە زیو و دانەوێڵەمان بە قەرز داونەتێ، تکایە ئیتر با واز لەم سووە بهێنین! 11 تکایە هەر ئەمڕۆ کێڵگە و ڕەز و باخە زەیتوون و ماڵەکانیان و یەک لە سەدی ئەو زیو و دانەوێڵە و شەرابە نوێیە و ئەو زەیتەی کە لێتان وەرگرتوون، بۆیانی بگێڕنەوە.»

12 ئەوانیش گوتیان: «دەیگەڕێنینەوە و داوایان لێ ناکەین، ئاوا دەکەین وەک ئەوەی تۆ گوتت.»

ئینجا کاهینەکانم بانگکرد، پیاوماقوڵ و کاربەدەستەکانیشم سوێند دا کە ئەم بەڵێنە جێبەجێ بکەن. 13 پاشان سنگی کراسەکەمم تەکاند و گوتم: «خودا هەرکەسێک ئاوا بتەکێنێت کە ئەم بەڵێنە نەهێنێتە دی، با ئاوا لە ماڵەکەی و لە ڕەنجەکەی تەکێنراو و بەتاڵ بێت.»

ئینجا هەموو کۆمەڵەکە گوتیان: «ئامین» و ستایشی یەزدانیان کرد، گەل ئەم بەڵێنەیان پەیڕەو کرد.

14 هەروەها لەو ڕۆژەوە کە فەرمانم پێ کرا ببمە پارێزگاریان لە خاکی یەهودا، لە بیستەمین ساڵەوە هەتا سی و دووەمین ساڵی ئەرتەحشەستەی پاشا، دوازدە ساڵ نە من و نە براکانم نانی پارێزگاریەتیمان نەخوارد. 15 بەڵام پارێزگارەکانی پێشوو ئەوانەی لەپێش من بوون باری گەلیان گران کردبوو، نان و شەرابیان لێ دەسەندن، بێجگە لە چل شاقل زیو[a]، هەروەها خزمەتکارەکانیشیان بەسەر گەلدا زاڵ ببوون. بەڵام من لە ترسی خودا وام نەکرد، 16 هەروەها لە کاری ئەم شوورایە بەشدار بووم و کێڵگەمان نەکڕی، هەموو خزمەتکارەکانیشم لەوێ لەسەر کارەکە کۆببوونەوە.

17 هەروەها لە جولەکە و کاربەدەستەکان سەد و پەنجا پیاو لەگەڵ ئەوانەی لە نەتەوەکانی دەوروبەرمانەوە دەهاتن لەسەر خوانەکەم بوون. 18 ئەوەی بۆ یەک ڕۆژ دەکرا، گایەک و شەش مەڕی هەڵبژاردە، بۆ منیش باڵندە دەکرا، هەموو دە ڕۆژێکیش لە هەموو جۆرێکی شەراب بە بڕێکی زۆر، لەگەڵ ئەمەشدا داوای نانی پارێزگاریەتیم نەکرد، چونکە کۆیلایەتییەکە لەسەر ئەم گەلە زۆر گران بوو.

19 خودایە هەرچیم بۆ ئەم گەلە کردووە بۆ من بە چاکە بەبیر خۆتی بهێنەرەوە.

Footnotes

  1. 5‏:15 چل شاقل زیو: نزیکەی نیو کیلۆگرام.‏