Add parallel Print Page Options

عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس

27 کاتێک ڕۆژبووەوە، هەموو کاهینانی باڵا و پیرانی گەل تەگبیریان لە عیسا کرد تاکو بیکوژن. جا بەستیانەوە و بردییان و دایانە دەست پیلاتۆسی فەرمانڕەوا.

یەهوزا خۆی دەکوژێ

ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دا کە بینی عیسا بڕیاری بەسەردا درا، پەشیمان بووەوە، سی دراوە زیوەکەی بۆ کاهینانی باڵا و پیران گەڕاندەوە و گوتی: «گوناهم کرد کە خوێنێکی بێتاوانم بە گرتن دا.» گوتیان: «بە ئێمە چی؟ خۆت دەزانیت.»

ئەویش زیوەکانی لە پەرستگادا فڕێدا و ڕۆیی، چوو خۆی هەڵواسی[a].

بەڵام کاهینانی باڵا دراوە زیوەکانیان هەڵگرتەوە و گوتیان: «دروست نییە بیخەینە گەنجینەی پەرستگاوە، چونکە نرخی خوێنە.» ئینجا تەگبیریان کرد و کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان بۆ گۆڕستانی بێگانان پێی کڕی. لەبەر ئەوە ئەو کێڵگەیە تاکو ئەمڕۆش پێی دەگوترێ کێڵگەی خوێن. ئەوسا ئەوەی بەهۆی پێغەمبەر یەرمیا گوتراوە، هاتە دی: [سی پارچە زیوەکەیان برد، ئەم نرخە لەلایەن کوڕەکانی ئیسرائیل لەسەری خەمڵێنرا، 10 ئینجا بە کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان دا، وەک یەزدان فەرمانی پێدام.[b]]

پیلاتۆس پرسیار لە عیسا دەکات

11 عیساش لەبەردەم فەرمانڕەوا ڕاوەستا، فەرمانڕەوا لێی پرسی، گوتی: «ئایا تۆ پاشای جولەکەی؟»

عیساش فەرمووی: «تۆ دەڵێیت.»

12 کاتێک کاهینانی باڵا و پیران سکاڵایان لێی دەکرد، هیچ وەڵامی نەدەدایەوە. 13 پیلاتۆس پێی گوت: «ئایا گوێت لێ نییە چەند شایەتیت لەسەر دەدەن؟» 14 بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە، فەرمانڕەواش زۆر سەرسام بوو.

بڕیاری لەخاچدانی عیسا

15 لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت بەگوێرەی خواستی خەڵکەکە بەندکراوێک ئازاد بکات. 16 لەو کاتەدا گیراوێکی بەناوبانگیان هەبوو، ناودەبردرا باراباس. 17 لەبەر ئەوە کاتێک کۆببوونەوە، پیلاتۆس لێی پرسین: «کێتان دەوێ بۆتانی بەربدەم، باراباس یان عیسا، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» 18 چونکە زانی لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو.

19 کاتێک لەسەر تەختی دادگایی دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد: «هیچ لەو بێتاوانە مەکە، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژتووە.»

20 بەڵام کاهینانی باڵا و پیران خەڵکەکەیان جۆشدا کە داوای باراباس بکەن و عیسا لەناوببەن.

21 فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە: «لەم دووانە کامەتان دەوێ بۆتان ئازاد بکەم؟» گوتیان: «باراباس.»

22 پیلاتۆس لێی پرسین: «ئەی چی لە عیسا بکەم، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟»

هەموو گوتیان: «با لە خاچ بدرێت!»

23 ئەویش گوتی: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟»

بەڵام زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!»

24 پیلاتۆس بینی سوودی نییە و خەریکە ئاژاوە ڕوودەدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم خەڵکەکە دەستی شوشت و گوتی: «لە خوێنی ئەمە بێتاوانم! لە ئەستۆی ئێوەیە!»

25 گەل هەموو وەڵامیان دایەوە: «با خوێنی لە ئەستۆی ئێمە و منداڵمان بێت!»

26 ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.

سەربازەکان گاڵتە بە عیسا دەکەن

27 سەربازەکانی فەرمانڕەوا عیسایان بۆ کۆشکی فەرمانڕەوا برد و تەواوی سەربازەکان لە دەوری کۆبوونەوە. 28 ڕووتیان کردەوە و کەوایەکی سووریان دایێ. 29 هەروەها تاجێکی دڕکیان هۆنییەوە و لە سەریان کرد، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ کرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای جولەکە!» 30 تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بە سەریاندا کێشا. 31 دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بردییان تاوەکو لە خاچی بدەن.

لەخاچدان و مردنی عیسا

32 کاتێک دەهاتنە دەرەوە پیاوێکی کورێنییان[c] بینی ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. 33 کە گەیشتنە ئەو شوێنەی پێی دەگوترا گولگۆسا، ناونراوە شوێنی کاسەسەر، 34 شەرابی تێکەڵ بە زراویان دایە عیسا تاکو بیخواتەوە، کە تامی کرد نەیویست بیخواتەوە. 35 کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک کراسەکەیان دابەش کرد. 36 ئینجا لەوێ دانیشتن و ئێشکیان بۆ گرت. 37 لەژوور سەرییەوە تاواننامەکەی ئەویان دانا کە نووسرابوو: «ئەمە عیسایە، پاشای جولەکە.» 38 ئەوسا دوو دز لەگەڵی لە خاچ درابوون، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. 39 ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا، 40 دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ کوڕی خودای، لە خاچەکە دابەزە!»

41 بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا لەگەڵ مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێدەکرد: 42 «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! پاشای ئیسرائیلە! با ئێستا لە خاچەکە دابەزێت، باوەڕی پێدەهێنین. 43 پشتی بە خودا بەست، با ئێستا ڕزگاری بکات، ئەگەر ئەمی دەوێت، چونکە گوتی: ”من کوڕی خودام.“» 44 دزەکانیش کە لەگەڵی لە خاچ درابوون گاڵتەیان پێدەکرد.

مردنی عیسا

45 لە کاتژمێر دوازدەوە[d] هەتا سێ[e]، تاریکایی بەسەر هەموو زەوییەوە بوو. 46 نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «[ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟]» واتە: [خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟][f]

47 هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون و گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات!»

48 دەستبەجێ یەکێک لەوان ڕایکرد و ئیسفەنجێکی هەڵگرت، خستییە ناو سرکەوە و کردی بەسەر قامیشێکەوە و پێیدا تاکو بیخواتەوە، 49 بەڵام ئەوانی دیکە گوتیان: «لێگەڕێ، با بزانین ئەلیاس دێت ڕزگاری بکات.»

50 عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کردەوە و گیانی سپارد.

51 لەو کاتەدا پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەقبوو و بوو بە دوو پارچە. زەوی لەرزی و بەرد درزیان برد و 52 گۆڕەکان کرانەوە، زۆرێک لە لاشەی گەلی پیرۆزی خودا کە مردبوون هەستانەوە. 53 دوای هەستانەوەی عیسا لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو شاری پیرۆز، بۆ زۆر کەسیش دەرکەوتن.

54 سەرپەلەکە و ئەوانەی لەگەڵ ئەو چاودێری عیسایان دەکرد، بوومەلەرزەکە و ئەو شتانەیان بینی کە ڕوویدا، زۆر ترسان و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە کوڕی خودا بوو!»

55 زۆر ژن لەوێ بوون، لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، ئەوانەی لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، 56 مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب و یوسف، لەگەڵ دایکی کوڕەکانی زەبدی لەنێویان بوون.

ناشتنی عیسا

57 دەمەو ئێوارە پیاوێکی دەوڵەمەندی خەڵکی ڕامە هات، ناوی یوسف بوو، ئەو خۆی قوتابی عیسا بوو. 58 چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای لێکرد، ئینجا پیلاتۆس فەرمانی دا بیدرێتێ. 59 یوسفیش تەرمەکەی برد و بە کەتانی پاک پێچای و 60 لەو گۆڕە نوێیەی خۆی ناشتی کە لە بەرد هەڵکەنرا بوو، ئینجا بەردێکی گەورەی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە و ڕۆیشت. 61 مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکەش لەوێ بوون، بەرامبەر گۆڕەکە دانیشتبوون.

ئێشکگرتنی گۆڕی عیسا

62 بۆ بەیانی[g] کە دوای ڕۆژی خۆ ئامادەکردنە، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان لەلای پیلاتۆس کۆبوونەوە، 63 گوتیان: «گەورەم، هاتەوە بیرمان ئەو چەواشەکارە کاتێک زیندوو بوو گوتی: ”دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستمەوە.“ 64 جا فەرمان بدە هەتا ڕۆژی سێیەم گۆڕەکەی پاس بکرێت، نەوەک قوتابییەکانی بێن و بیدزن، ئەوسا بە گەل بڵێن لەنێوان مردووان هەستاوەتەوە. جا چەواشەی دوایی لەوەی یەکەم خراپتر دەبێت.»

65 پیلاتۆسیش گوتی: «پاسەوانتان هەیە، بڕۆن چۆنتان پێ باشە وا پاسی بکەن.» 66 ئەوانیش چوون گۆڕەکەیان پاس کرد، مۆریان لە بەردەکە دا و پاسەوانیان دانا.

Footnotes

  1. 27‏:5 بە پەتێک خۆی هەڵواسی هەتا خنکا.‏
  2. 27‏:10 زەکەریا 11‏:12‏-13 و یەرمیا 19‏:1‏-13؛ 32‏:6‏-9.‏‏
  3. 27‏:32 کورێن: شارێکی یۆنانی بووە کە دەکەوێتە ناو وڵاتی لیبیای ئێستا.‏
  4. 27‏:45 یۆنانی: کاتژمێری شەشەم.‏
  5. 27‏:45 یۆنانی: کاتژمێری نۆیەم.‏
  6. 27‏:46 زەبوورەکان 22‏:1.‏‏
  7. 27‏:62 مەبەست لە ڕۆژی هەینییە.‏