Add parallel Print Page Options

سەرزەنشتی ڕابەران و پێغەمبەران

گوتم:

«ئەی سەرکردەکانی یاقوب،
    ئەی ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن.
ئایا بۆ ئێوە نییە زانینی دادپەروەری؟
    ئێوە کە ڕقتان لە چاکەیە و حەز لە خراپە دەکەن،
پێستی گەلەکەم دادەماڵن و
    گۆشتیان لە ئێسکەکانیان جیا دەکەنەوە؛
ئێوە کە گۆشتی گەلەکەم دەخۆن،
    کەوڵیان دەکەن،
    ئێسکیان دەشکێنن،
پارچەپارچەیان دەکەن وەک بۆ ناو مەنجەڵ،
    وەک گۆشتی ناو تاوە.»

ئینجا هاوار بۆ یەزدان دەکەن،
    بەڵام وەڵامیان ناداتەوە.
لەو کاتەدا ڕووی خۆی لێیان دەشارێتەوە،
    لەبەر ئەو خراپانەی کردیان.

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«سەبارەت بە پێغەمبەرەکان،
    ئەوانەی گەلەکەم گومڕا دەکەن،
بانگەوازی ئاشتی دەکەن
    بۆ ئەوانەی تێریان دەکەن،
بەڵام جەنگ لە دژی ئەوانە بەرپا دەکەن
    کە تێریان ناکەن.
لەبەر ئەوە شەوێکتان بەسەردا دێت کە هیچ بینینێکتان بۆ ئاشکرا ناکرێت،
    تاریکییەکی بێ فاڵگرتنەوە.
خۆر لە پێغەمبەرەکان ئاوا دەبێت،
    ڕۆژیان لێ تاریک دادێت.
پێشبینیکەران شەرمەزار دەبن،
    فاڵگرەوەکان ڕیسوا دەبن،
هەموویان چاوەڕوویان نەماوە،
    چونکە خودا وەڵامیان ناداتەوە.»
بەڵام سەبارەت بە من، پڕم لە هێز،
    پڕ لە ڕۆحی یەزدان،
    لە دادپەروەری و پاڵەوانیێتی،
تاکو یاخیبوونەکەی یاقوب بە خۆی ڕابگەیەنم،
    بە ئیسرائیلیش گوناهەکەی.

ئەی سەرکردەکانی بنەماڵەی یاقوب،
    ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەمە بگرن،
ئێوە کە قێزتان لە دادپەروەری دەبێتەوە و
    هەموو ڕاستییەک خواروخێچ دەکەن،
10 ئێوە سییۆن بە خوێن بنیاد دەنێن و
    ئۆرشەلیم بە ستەم.
11 ڕابەرەکانی بە بەرتیل دادوەری دەکەن،
    کاهینەکانی بە کرێ خەڵکی فێردەکەن،
    پێغەمبەرەکانی بە پارە فاڵ دەگرنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا پشت بە یەزدان دەبەستن و دەڵێن:
    «ئایا یەزدان لەنێوانماندا نییە؟
    هیچ بەڵایەکمان بەسەردا نایەت.»
12 لەبەر ئەوە بەهۆی ئێوەوە
    سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت،
ئۆرشەلیم کاول دەبێت،
    گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک.