Add parallel Print Page Options

هاتنی عەزرا بۆ ئۆرشەلیم

پاش ئەم شتانە و لە سەردەمی پاشایەتی ئەرتەحشەستەی پاشای فارس، عەزرا کە کوڕی سەرایا کوڕی عەزەریا کوڕی حیلقیا کوڕی شەلوم کوڕی سادۆق کوڕی ئەحیتوڤ کوڕی ئەمەریا کوڕی عەزەریا کوڕی مەرایۆت کوڕی زەرەحیا کوڕی عوزی کوڕی بوقی کوڕی ئەبیشوەع کوڕی فینەحاس کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی سەرۆک کاهین بوو، ئەم عەزرایە لە بابلەوە سەرکەوت. مامۆستایەکی بە توانا بوو لە تەوراتی موسا، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پێیدابوو. پاشاش هەموو ئەوەی داوای کردبوو پێیدابوو، چونکە یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵی بوو. هەندێک لە نەوەی ئیسرائیل و لە کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و پاسەوان و کۆیلە تەرخانکراوەکان لەگەڵی بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن، لە ساڵی حەوتەمی ئەرتەحشەستەی پاشا.

عەزرا لە مانگی پێنج لە ساڵی حەوتەمی پاشادا گەیشتە ئۆرشەلیم. لە مانگی یەکەوە دەستی پێکردبوو لە بابلەوە سەربکەوێت و لە یەکی مانگی پێنجدا گەیشتە ئۆرشەلیم، بەپێی ئەوەی دەستی چاکەی خوداکەی لەسەری بوو، 10 چونکە عەزرا خۆی تەرخان کردبوو بۆ خوێندنی تەوراتی یەزدان و کارکردن پێی، بۆ ئەوەی ئیسرائیل فێری فەرز و دادوەری بکات.

نامەی ئەرتەحشەستەی پاشا بۆ عەزرا

11 ئەمەش وێنەی ئەو نامەیەیە کە ئەرتەحشەستەی پاشا دایە عەزرای کاهین و مامۆستا، مامۆستای بابەتەکانی فەرمان و فەرزەکانی یەزدان بۆ ئیسرائیل:

12 لە ئەرتەحشەستەی پاشای پاشایانەوە،

بۆ عەزرای کاهین و مامۆستای تەوراتی خودای ئاسمان.

پاش سڵاو.[a]

13 لەلایەن منەوە فەرمانێک دەرچووە کە هەرکەسێک لەناو پاشایەتییەکەی من لە گەلی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکان بیەوێت لەگەڵ تۆ بگەڕێتەوە ئۆرشەلیم با بگەڕێتەوە. 14 تۆ لەلایەن پاشا و حەوت ڕاوێژکارەکەیەوە نێردراویت بۆ ئەوەی لە یەهودا و ئۆرشەلیم بکۆڵیتەوە، بەگوێرەی تەوراتی خوداکەت کە بە دەستتەوەیە، 15 هەروەها بۆ بارکردنی ئەو زێڕ و زیوانەی کە پاشا و ڕاوێژکارەکانی بە ئازادی بەخشیویانە بە خودای ئیسرائیل، ئەوەی نشینگەکەی لە ئۆرشەلیمە. 16 لەگەڵ هەموو ئەو زێڕ و زیوەش کە لە هەرێمی بابل بە دەستت دەکەوێت، لەگەڵ بەخشینە ئازادەکانی گەل و کاهینەکان کە دەیبەخشن بە پەرستگای خودای خۆیان، کە لە ئۆرشەلیمە. 17 دڵنیابە لەوەی بەم زیوە گا و بەران و بەرخی نێری لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب بکڕیت و لەسەر قوربانگاکەی پەرستگای خوداتان کە لە ئۆرشەلیمە پێشکەشیان بکەیت.

18 هەرچی خۆت و برا جولەکەکانت پێتان باش بوو بە پاشماوەی زێڕ و زیوەکە بیکەن، بەپێی خواستی خودای خۆتان بکەن. 19 ئەو قاپوقاچاغەش کە بۆ خزمەتی پەرستگای خوداکەت پێت دەدرێت، لەبەردەم خودای ئۆرشەلیم دایبنێ. 20 پاشماوەی پێویستییەکانی پەرستگای خوداکەت کە بۆت ڕێک دەکەوێت بیدەیت، ئەوا لە گەنجینەکانی پاشاوە بیدە.

21 لە من، لە ئەرتەحشەستەی پاشاوە، فەرمان دەرچووە بۆ هەموو گەنجینەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات کە هەرچی عەزرای کاهین و مامۆستای تەوراتی خودای ئاسمان داواتان لێ دەکات، با بە وردی جێبەجێ بکرێت، 22 هەتا سەد تالنت زیو[b] و سەد کۆڕ[c] گەنم و سەد بەت[d] شەراب و سەد بەت[e] زەیت و خوێش بەبێ سنوور. 23 هەرچی خودای ئاسمان فەرمانی پێداوە بە وردی بۆ پەرستگای خودای ئاسمان جێبەجێ بکرێت، چونکە بۆچی تووڕەیی لەسەر شانشینی پاشا و کوڕەکانی بێت؟ 24 هەروەها پێتان ڕادەگەیەنین کە هەموو کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوان و کۆیلە تەرخانکراوەکان و خزمەتکارانی ئەم ماڵەی خودا، ڕێ نادرێت سەرانە و باج و گومرگیان لەسەر بێت.

25 تۆش ئەی عەزرا، بەپێی دانایی خوداکەت کە بەدەستەوەیە، قازی و دادوەر دابنێ بۆ ئەوەی دادپەروەری بکەن بۆ هەموو ئەو گەلەی هەرێمی ئەوبەری فورات، لە هەموو ئەوانەی فێرکردنەکانی خودات دەزانن، ئەوانەش کە نایزانن، فێریان بکەن. 26 هەرکەسێکیش کار بە فێرکردنەکانی خوداکەت و فێرکردنەکانی پاشا نەکات، با بە دڵنیاییەوە حوکمی بەسەردا بدرێت، بە سزای مردن یان دوورخستنەوە یان سزای دارایی یان زیندانی.

27 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانمان کە ئەم شتەی خستە دڵی پاشاوە بۆ شکۆدارکردنی ماڵی یەزدان، ئەوەی لە ئۆرشەلیمە. 28 لەبەردەم پاشا و ڕاوێژکارەکانی و لەبەردەم هەموو کاربەدەستە توانادارەکانی پاشا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشیم، منیش بەهۆی ئەو پشتگیرییەی یەزدانی پەروەردگارم بەهێز بووم، جا لە ئیسرائیل ڕابەرەکانم کۆکردەوە تاوەکو لەگەڵم سەربکەون.

Footnotes

  1. 7‏:12 دەقی ئایەتی 12 بە زمانی ئارامی نووسراوە.‏
  2. 7‏:22 کەمێک زیاتر لە 3,4 تەنی زیو دەبوو.‏
  3. 7‏:22 سەد کۆڕ: نزیکەی 16 تەنی گەنم.‏
  4. 7‏:22 سەد بەت: نزیکەی 2200 لیتر.‏
  5. 7‏:22 سەد بەت: نزیکەی 2200 لیتر.‏