Add parallel Print Page Options

مەلکیسادقی کاهین

ئەم مەلکیسادقە پاشای شالیم بوو، هەروەها کاهینی خودای هەرەبەرز بوو، کاتێک ئیبراهیم لە بەزاندنی پاشاکان گەڕایەوە، تووشی بوو و داوای بەرەکەتی بۆ کرد،[a] ئەوەی ئیبراهیم دەیەکی هەموو شتێکی بۆ جیا کردەوە. یەکەم جار ناوی بە واتای «پاشای ڕاستودروستی» دێت، دواتر «پاشای شالیم» واتە «پاشای ئاشتی». بێ دایک و باوک، بێ ڕەچەڵەکە، بێ سەرەتای ڕۆژان و کۆتایی ژیان، بەڵکو وەک کوڕی خودا وایە، هەتاهەتایە وەک کاهین دەمێنێتەوە.

سەیر بکەن ئەمە چەند گەورە بووە، تەنانەت ئیبراهیمی بابەگەورە دەیەکی دەستکەوتی داوەتێ. بەڵام ئەوانەی لە نەوەی لێڤین و کاهینیێتییان وەرگرتووە، ڕاسپاردەیان هەیە کە بەگوێرەی تەورات دەیەک لە خەڵک وەربگرن، کە برایانن، هەرچەندە لە پشتی ئیبراهیمن. ئەوەی لە ڕەچەڵەکی ئەوانیش نییە، دەیەکی لە ئیبراهیم وەرگرت و ئەوەی بەڵێنەکانی هەیە بەرەکەتداری کرد. بێگومان بچووکترین لەلایەن گەورەترین بەرەکەتدار دەکرێت. لێرەش خەڵکی کە دەمرن دەیەک وەردەگرن، بەڵام لەوێ شایەتی بۆ دەدرێت کە زیندووە[b]. ئاوا قسەیەک دەکرێت: تەنانەت لێڤی[c] کە دەیەک وەردەگرێ، خۆی لە ڕێگەی ئیبراهیمەوە دەیەکی داوە، 10 چونکە کاتێک مەلکیسادق تووشی ئیبراهیم بوو، هێشتا لێڤی لە پشتی باوکیدا بوو.

عیسا وەک مەلکیسادقە

11 ئێستا ئەگەر بە ڕێگەی کاهینیێتی لێڤی تەواوەتی[d] بەدەستبهاتبایە، کە گەلیش لەسەر ئەمە تەوراتی وەرگرت، ئایا پێویستە کاهینێکی دیکە لە پلەی مەلکیسادق و نەک لە پلەی هارون دابنرێت؟ 12 چونکە ئەگەر کاهینیێتی بگۆڕێت، ئەوا پێویستە شەریعەتیش بگۆڕێت. 13 ئەوەی ئەم باسەی لەسەر دەکرێ، سەر بە هۆزێکی جیاوازە، کەسیش لەم هۆزە خزمەتی قوربانگای[e] نەکردووە. 14 ئاشکرایە کە مەسیحی خاوەن شکۆمان سەر بە هۆزی یەهودایە، موساش لەبارەی کاهینیێتی باسی ئەم هۆزەی نەکردووە. 15 زۆر ڕوونتریشە، ئەگەر لە شێوەی مەلکیسادق کاهینێکی دیکە دەربکەوێت، 16 کە ئەو بەپێی تەورات بە کاهین دانەنراوە کە لە ڕێگەی ڕەچەڵەکەوەیە، بەڵکو بەپێی هێزی ئەو ژیانەی کە لەناوناچێت، 17 چونکە شایەتی دەدات:

[هەتاهەتایە تۆ کاهینیت،
    لە پلەی مەلکیسادق.][f]

18 ئیتر ڕاسپاردەی پێشوو لابردرا، لەبەر ئەوەی لاواز و بێ سوود بوو، 19 چونکە تەورات هیچ شتێکی تەواو نەکرد، بەڵکو هیوایەکی چاکتر هاتە کایەوە کە بەهۆیەوە لە خودا نزیک دەبینەوە.

20 ئەمەش بێ سوێند نەبوو. ئەوانەی دیکە بێ سوێند بوون بە کاهین، 21 بەڵام ئەمە بە سوێندەوە بوو، لەوەی پێی فەرموو:

[یەزدان سوێندی خواردووە و
    بڕیاری ناگۆڕێت:
    «هەتاهەتایە تۆ کاهینیت.»][g]

22 بەگوێرەی ئەم سوێندەش عیسا بووە دەستەبەری پەیمانێکی باشتر.

23 کاهینەکان زۆربوون، چونکە مەرگ بووە کۆسپ لەوەی بەردەوام بن. 24 بەڵام چونکە عیسا هەتاهەتایە دەمینێتەوە، کاهینیێتییەکی نەگۆڕی هەیە. 25 لەمەوەش دەتوانێ ئەوانە بە تەواوی ڕزگار بکات کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەچنە لای خودا، ئەو هەمیشە دەژیێت تاکو داکۆکییان لێ بکات.

26 لەڕاستیدا ئەو جۆرە سەرۆک کاهینە هەموو پێویستییەکانمان دابین دەکات، ئەو پیرۆز و بێ گلەیی و بێگەردە، لە گوناهباران جیا کرایەوە و لە ئاسمان بەرزتر کرا. 27 ئەو پێویستی بەوە نییە وەک سەرۆک کاهینانی دیکە ڕۆژانە قوربانی بکات، یەکەم بۆ گوناهەکانی خۆی و دوایی بۆ گوناهەکانی گەلەکەی، چونکە یەک جار خۆی کرد بە قوربانی بۆ هەمووان. 28 تەورات کەسانێک لە پێگەی سەرۆک کاهین دادەنێت کە لاوازییان هەیە، بەڵام وشەی سوێند کە دوای تەوراتە، کوڕەکە[h] دادەنێت کە هەتاهەتایە تەواوکراوە.

Footnotes

  1. 7‏:1 بڕوانە پەیدابوون 14‏:17‏-20.‏‏
  2. 7‏:8 کتێبی پیرۆز باسی مردنی ئەو ناکات، کەواتە زیندووە.‏
  3. 7‏:9 لێڤی کوڕی یاقوب بووە سەرهۆزی کاهینەکان لەناو گەلی جولەکە.‏
  4. 7‏:11 تەواوی لە پیرۆزی و ڕاستودروستی خودا.‏
  5. 7‏:13 مەبەست تەنها لەو قوربانگایەیە کە لە چادری پەیمان لە سەردەمی موسا و دوایی لە پەرستگای ئۆرشەلیم بوو.‏
  6. 7‏:17 زەبوورەکان 110‏:4‏‏
  7. 7‏:21 زەبوورەکان 110‏:4‏‏
  8. 7‏:28 مەسیح‏