Add parallel Print Page Options

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەنی پەیمان. بۆ ئاساف، زەبوورێک.

80 ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە،
    ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل،
ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت[a]، بدرەوشێوە
    لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە.
پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە،
    بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە.

ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە،
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار،
    هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟
تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون،
    فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون.
دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان،
    ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن.

ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە،
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

دار مێوێکت لە میسرەوە گواستەوە،
    نەتەوەکانت وەدەرنا و چاندت.
خاکت بۆ ئامادە کرد،
    ڕەگ و ڕیشەیت داکوتا، زەوی پڕکرد.
10 سێبەرەکەی چیاکانی داپۆشی،
    چڵەکانی ئورزە گەورەکان.
11 لقی هەتا دەریا[b] هاویشت،
    پۆپکەکانی بۆ دەم ڕووبار[c].

12 بۆچی شووراکانیت ڕووخاند
    تاکو هەر ڕێبوارێک لێی بکاتەوە؟
13 بەرازی دارستان وێرانی دەکات،
    زیندەوەرەکانی کێڵگە لەسەری دەلەوەڕێن.
14 ئەی خودای سوپاسالار بمانگەڕێنەوە!
    لە ئاسمانەوە سەیر بکە و ببینە!
    ئەم دار مێوە بەسەربکەوە،
15 ئەو قەدەی دەستی ڕاستت چاندوویەتی،
    ئەو کوڕەی بۆ خۆت بەهێزت کردووە.

16 سووتاوە و بە ئاگر بڕاوەتەوە،
    بە سەرزەنشتی ڕووی تۆ گەلەکەت لەناودەچێت.
17 با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت،
    لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە.
18 ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە،
    بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین.

19 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە!
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

Footnotes

  1. 80‏:1 لە سەردەمی پەیمانی کۆن خودا لە شوێنی هەرەپیرۆزی پەرستگا ئامادە دەبوو، بە تایبەت سندوقی پەیمان و نێوان کەڕوبەکان وەک تەختی خودا بوون.‏
  2. 80‏:11 دەریای سپی ناوەڕاست.‏
  3. 80‏:11 مەبەستی ڕووباری فوراتە.‏